Thursday, October 10, 2013

بیرە تەکنیکیەکانم



ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ 
لەگەڵ ئەوەی ٢٠ملیۆن بەشداربووی ئێرانی هەن لە تویتەر و فەیسبووکدا، وە لە گەڵ ئەوەی سەرۆکی وڵات و وەزیری دەرەوەش چالاکانە بەشدارن لە تویتەر و فەیسبووک، کەچی ئایەتوڵا لوتفوڵا ئەڵێ حەرامن و ئەوەی بەشدار بێ لە تۆڕانەدا تاوانی کردوە.

بە تەلەفۆن لێیان پرسیم (واسیگە) مانای چیە؟ هەموو فەرهەنگەکانی بەردەستم گەڕام نەمدۆزیەوە، تا بۆم دەرکەوت ئەمە (واسیطە)بووە و کە نووسینەکە لە عەلیەوە کراوە بە یونیکورد، وشەکە لێی قەماوە.
دەستگایەک هەن هەموو ساڵێک ناوی پاوان (domain name) و ڕووکاری ماڵپەڕەکەیان دەگۆڕن، چونکە هەر ساڵە و وێبماستەرێک ئەبێ بە مقاولی. هەر ئەمڕۆ ویستم تەماشای سەرپێچی بکەم لە هاتوچۆی سلێمانی (sul-traffic.com)لاپەڕەکەیان وەستابوو، لەوە دەچێ ئەمانیش بەدوای مقاولی نوێدا بگەڕێن.
لە گرفتی (NSA) دا حەمە وتی شوکور موشیکلەی دەستگای سیخوڕی ئەمەریکی لەسەر دائیرەکەمان نیە، چونکە ئیمەیلی هەموومان هەر یاهووە.

توێژەرەوەکان لە زانکۆکانی موینستەر، ماینز و گویتینگن، دەڵێن بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە ئەڵمانیا زۆرینەیان ڕاستگۆن و وێنە و زانیاری تەواوی خۆیان بێ درۆ نووسیوە، حەمە وتی: بەس نەبوو لەکاتی هەڵبژاردنا لەسەر ئەوانەی لای خۆمان لێکۆڵێنەوەیان نەکرد، خۆ کوڕەکان عەلەمی حیزبەکانیان داناوە و کچەکانیش وێنەی هونەرەمەندەکان.

بەغا لە گەندەڵیا نوقمی دیجلە بووە کە چی وا (حکوومەتی ئەلیکترۆنی) بەرپا کردوە، پسپۆڕێکی خۆمانەش کە (لە دەیان کۆنگرەی نێودەوڵەتیا بەشدار)بووە، وتی هیچ نین پێان دەگەینەوە. ئەمڕۆ کلیکم لە بەشی ڤیدیۆی وەزارەتی دارایی ئیراق کرد یەک فیلیمی تیابوو لەسەر جیهانی ئاژەڵان!.

لە ماڵپەڕی ئەنفال بەشی سلێمانی، لاپەڕەک هەمووی نووسرابوو (ناونیشان)، حەمە وتی بۆ کات بەسەربردن دانراوە، ئەگەر لێی مایەوە، لەخوارەوە کلیک لە زیاتر بکە...


ڕاپرسی وەزارەتی گواستنەوەی ئێراق زۆر لەخۆی ڕازیە، لە باش کەمتری دانەناوە بۆ دەنگدان!




No comments :