Monday, April 28, 2014

وەڵامەکانی بێرناردشۆ

بێرناردشۆ

جۆرج بێرناردشۆ (١٨٥٦ تا ١٩٥٠) نووسەرێکی ئێرلەندی بوو، بە شانۆگەرییە ناوازەکانی ناوبانگی دەرکردبوو، لەگەڵیدا بە قسە تەنز ئامێز و وتە بەجێکانی نازناوی هەبوو، کە هەمووی پڕ مانا و پێکەنیناویش بوون. بێرناردشۆ سەرەتای ژیانی زۆر بە هەژاری دەباتە سەر، لە دوایدا بەهۆی فرۆشی کار و نووسینەکانیەوە دەوڵەمەند دەبێ، بەڵام هەر بە سادەیی و خاکی دەمێنێتەوە لە ژیانیدا. زۆر خولیای خوێندنەوە و نووسین دەبێت،
تەنانەت ئەو کاتەی کە خەڵاتی نۆبڵی پێ ئەدەن، خەڵاتەکە ئەکاتە دیاری بۆ نووسەرەکانی ئێرلەندا تاکو بتوانن کارەکانیانی پێ چاپ و بڵاو بکەنەوە. ئەڵێت لە هەڕەتی لاویدا وێڵ و سەرگەردانی پارە بووم، ئێستا ئەمدەنێ کە لە کەناری وشکا کەوتووم، لە کوێ بوو ئەو کاتانەی شەپۆلەکان تەراتێنیان پێ دەکردم..!؟

بێرناردشۆ زۆر لە نووسینەکانی باسی ژیانی هەژاران و دەردەسەری بژێوی ژیان دەکات لە ناو کۆمەڵگادا، زۆر لەو بڕوایەدابوو، نەداری هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی خراپەکردن.. پیشەکەی خاتوو واڕنەر (حرفة السيدة وارنير Mrs Warren’s Profession) یەکێکە لەو درامایانەی کاتی خۆی خوێندومەتەوە، باسی ژن و کۆمەڵگا و چینەکانی دەکات.

بێرناردشۆ زۆرتر لە ٦٠ ساڵی ژیانی وازی لە خواردنی گۆشت هێناوە و ڕووەکی بووە. دەیوت ئاژەڵاکان وەکو هاوڕێم وان، چۆن دەبێ گۆشتی هاوڕێکان بخۆین؟ قسە خۆشەکانی تا ئەو ڕۆژەی مرد هەر بەردەوامیان هەبوو، وا لە خوارەوە چەند بەسەرهاتێکی دەنووسمەوە، کە پەندی لێ وەردەگیرێن.



ڕۆژێک بێرناردشۆ لە بۆنەیەکدا دەبێت، نووسەرێک دێتە لایەوە و بە گاڵتەجاڕیەوە پێی دەڵێت:
نووسەر: ئەمە چیە هەموو نووسینەکانت هەر لەسەر پارە و سامانە، شوورەییە...من لە تۆ باشترم
بێرناردشۆ: ئەی لەبۆ چی بنووسم باشە؟
نووسەر: شەرەف، ئەدەب...
بێرناردشۆ: هەرکەس لە بۆ ئەو شتانە دەنووسێت کە پێویستی پێی هەیە.

* * * * * * * * * * * * * *
بێرناردشۆ دەمووچاوی جوان نەبوو، زۆریش گرنگی پێ نە ئەدا، هەر لە بۆنەیەکدا ژنێکی جوان بەرەوڕووی دێت و پێی دەڵێ:

ژن: ناوبانگی زیرەکی تۆم زۆر بیستوە و یەکەمیت لە بلیمەتیدا و منیش جوانترین ژنم، ئەگەر شووت پێ بکەم، مناڵێکی وەکو زیرەک و وەکو من جوانمان دەبێت...
بێرناردشۆ: (بە پێکەنینەوە) خاتوون زۆر دەترسم منداڵەکان پێچەوانەی ئەوە دەربچن، ناشرین وەکو باوکیان دەبەنگیش وەکو دایکیان!

ڕۆژێک ژنێکی جوان بەرەو ڕووی دێت..
بێرناردشۆ: بەڕاستی تۆ زۆر جوانیت!
ژن: سوپاست دەکەم، خۆزگە منیش ئەمتوانی وا بە تۆ بڵێم..
بێرناردشۆ: قەیدی نیە، تۆش وەکو من درۆ بکە!

* * * * * * * * * * * * * *

بێرناردشۆ لە بواری سیاسیشدا چالاک بوو، لە ١٩٣٠ دا لە بەریتانیا چاوی دەکەوێت بە غاندی، کە ئەوسا هاتبوو بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا سەبارەت بە هیندستان. هاوکات لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دا (وینتسۆن چەرچل) برادەرایەتی هەبوو، چەرچلیش بەو کارەی ناسراوبوو کە هەڵوێستی لە نووسەرەکان دەگرت و گاڵتەی لەگەڵ دەکردن.. خۆی زۆر قەڵەو و کەتە بوو، بێرناردشۆش لاواز و باریک.

چەرجل: بێرنارد کەسێ بێتە وڵاتەکەمان و تۆ ببینێت، ئەڵێ لەم وڵاتەیا باری ئابووریان زۆر خراپە و برسین..
بێرناردشۆ: ئاخر ئەگەر تۆش ببین ئەوا ئەزانن هۆکەی چیە!

* * * * * * * * * * * * * *