Thursday, July 31, 2014

کتێبە کوردیەکان چیان لێ هات؟

بەڵگە هەیە کە پێش بوونی کورد بە مووسوڵمان، یان با بڵێین پێش هێرش یان چوونی ئیسلامەتی بۆ ناوچە کوردنشینەکان، کورد زمان و نووسراوی خۆی هەبووە و خاوەنی زانین و قەوارەی سەلمێنراوی خۆیان بوون، کتێبیشیان هەبووە لەسەر جوتیاری و پیشەکانی تر.. سوپاس بۆ دیجیتاڵکردن، ئەمڕۆ وا هەموو کەس دەستی بەو بەڵگە و نووسراوانە دەگات.


Hammer Ancient Alphabets Ibn Wahshiyyah
ناووس: تابووت
٢١ علفا: واتە ٢١ مانگ
 
ئەمڕۆ ٣١/٧ کۆڕێک لەسەر (مەترسییەکانی لەناوچوونی زمانی کوردی) لە ناوەندی کورد لە شاری نوێرنبێرگ، لە لایەن بەڕێز (تاهیر جاف) پێشکەش کرا، ئەوەی سەرنج ڕاکێش بوو لەم کۆڕەدا، پیشاندانی بەڵگەنامەبوون لەسەر بوونی کتێبی زانستی بە زمانی کوردی، کە (ئیبن وەحشیە) ناوێک دوو دانەی لێ وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی لە سەردەمی پێنجەم جێنشینی ئیسلام (عەبدولمەلیک بن مەڕوان)دا، کە حوکمی دەوڵەتی ئەمەوییەکانی کردوە لە نێوان ساڵەکانی (٦٨٥ تا ٧٠٥ زایین)دا، واتە کتێبەکان پێش نزیکەی (١٣١٥) ساڵ لە زمانی کوردیەوە کراون بە زمانی عەرەبی (تەماشای وێنەنووسراوی لای چەپ بکە). من بیرم دێت لە وانەی زمانی کوردیدا دێڕە هۆنراوەیەکی (خانی)مان دەخوێند:
لەو ڕا کو دەما ژ غەیب فەک بوو
تەئریخ هەزار و شەستویەک بوو


بەڵگەی ئەوەبوو کە کورد لەو دەمەوە نووسینی هەبووە، بەڵام ئەمەی ئیبن وەحشی دەیسەلمێنێت، کورد چەندین ساڵ پێش ئەوە و بگرە پێش ئیسلام کتێب و نووسراوی هەبوون.
 
ئەم کتێبەی (ئیبن وەحشیە) ساڵی ١٨٠٦ لە بەریتانیا کراوە بە ئینگلیزی و چاپ کراوە، چونکە باسی هێما و پیتەکانی زمانەکانی ئەو سەردەمەی ئەمەویەکان دەکات و بەراوردیان دەکات.
دوو کتێبەکەی ئیبن وەحشیە کردوونی بە عەرەبی لە کوردیەوە بریتی بوون لە: ١. کتێبێک لەسەر جووتیاریی مێو و خورما. ٢. کتێبێک لەسەر گرفتەکانی ئاو و دەرهێنانی لە شوێنە وشکەکان.
 
لەوەیە لەمەودوا پرسیاری ئیسلامبوونی بەشێک لە کوردەکانیش لەم سەردەمەدا تەواو شی بکرێتەوە، کتێب زۆرن باس لە ئیسلامبوونی ئاشتیانەی کورد دەکەن، بەڵام سوپای ئیسلام هەر باشە نەبوون و زەبروزەنگیشیان بووە و لەوەیە هۆکارێک بووبن بۆ فەوتانی ئەو کتێبانەش، ئەگەرچی ئەم زانینەمان ئەمڕۆ بەهۆی وەرگێڕانی ئەوانەوە دەست دەکەوێتەوە!.
 
لێرە دووبارە دێمەوە پرس دەکەم، کوان کتێبەکانی کورد، ئەشێت چۆن سکە و بابەتی کۆنی عبدالمللک لە مۆزەخانەی بەریتانیا هەڵگیراون، ئاوهاش باسی ئەو کتێب و نووسراوانەی کورد لە شوێنێکدا مابن.
بەڕێز (تاهیر جاف) ئەمڕۆ بابەتێکی گرنگی ورژاند، ئەویش فەوتانی زمانی کردی و مەترسییەکانی سەر زمانە کوردیەکان بوو، بەداخەوە ئەمڕۆ ئەگەر تەماشای بڵاوکراوە و ناو و تەختەی بانگهێشتەکان بکەین ڕاستەوخۆ ئەمە بەدی دەکەین.
 
 
---------------------------------------------------------------------
ژێدەرەکان:
کتێبەکەی (ئیبن وەحشیە) - بە ئینگلیزی و بە عەرەبی - زانکۆی میشیگان دیجیتاڵیان کردوە.
 
تێبینی:
وەکوو لە وێنەکەدا بە ڕەنگی شین هێڵم بە ژێر ساڵی تەواوکردنی کتێبەکەی ئیبن وەحشیەدا هێناوە، ئەو دەنووسێت ٢٤١، ئەو ساڵە ئەگەر کۆچی بێ ئەوا دەکاتە سەردەمی عەباسییەکان، ئەگەریش ٤١ی کۆچی بێ ئەوا پێش عبدالملک مروان بووە. ئەگەر کەسێک تەفسیری بۆ ئەوە هەبێ باشە، کە بابەتێکی تری ئەوێت. هەر کتێبەکە لە ڕاستیدا لێکۆڵێنەوەی زۆری پێویستە، چونکە لەویا باسی پیتە کوردیەکان و هێما و ئامرازەکانی کورد دەکات.
 

No comments :