Wednesday, August 06, 2014

ڕاگەیاندنەکان بۆ وا دەکەن

 

بەیانی لە خەو هەستام، ماڵپەڕی سبەیم کردوە
لە خۆشیدا بە پێوە وەستام، نوسراوە پێشمەرگە شەنگالی گرتەوە
ئینجا کرتەم لە ئێن ئاڕ تی کرد
ئەڵێن دەیان کەس لە برسا مرد

نووسراوە چەند گەڕەکێک لە شەنگال ئازاد کراوە
هەزارانیش بێ نانوئاو لە شاخەکە لێیان قەوماوە
ئاوێنە دەڵێ: پەرلەمان، لە هەولێرەوە دوو فرۆکەی نارد
پڕ خواردن و پڕ لە شیری مناڵ و ئاوی سارد
پەڕەی پارتی هەمان هەواڵ بە ناوەڕۆکی تر دەنووسێتەوە
ئەوە ڕێکخراوی بارزانە شتومەکەکان دەپێچێتتەوە
کەچی هێشتا هاووڵاتی، دەڵێ چونکە بەردەڵان و سەختە
کەس  شتی بە دەست ناگات، ئای لەو خەڵکە بێ بەختە
ڕووداو وێنەی سەرکەوتنی داعش لە شەنگال پەخش دەکا
یەکەمینە لەمەشدا، ئەو نەبێ کێ پڕوپاگەندەیان بۆ بکا
یەکێک لەو ڕەسمانەی ڕووداو
تۆڕی هەواڵی سلێمانی کردی بە ناو
ئاڵای داعش لەسەر بارەگای پارتی لە شنگال ھەڵکرا
ڕانەبردوە و بەردەوامە، کرداری تێنەپەڕە "هەڵکرا"
واتە ڕیسی یەکەم هەواڵ
ئێستا لە لام بووەتە خەیاڵ
شەڕ لە کوێیە و کێ چی دەکا؟
یەکینەکانە یا پێشمەرگە، یا یەزیدی بۆخۆی دەیکا
ئەرێ سەدان ژن و کچی شەنگال دەبەن
بە کامە ڕێگادا داعشەکان گوزەر دەکەن؟
خەڵکی سەر شاخەکە بۆ هێشتا گەمارۆن؟
ئەی کۆمەک و یارمەتیەکان بۆ کێ دەڕۆن؟
بۆ وێنەی سەرکەوتنی دۆژمنان من بڵاوی بکەمەوە؟
بۆ پێشەنگ بم ڤیدیۆی تۆقاندنی خەڵکی پەخش کەمەوە؟
لە نێوانی بۆنی بارووت و بۆن کڕوزی جەرگی باوان
بازرگانیی نەوتی داعش، ڕێیان خۆشە بۆ تورکیا و بۆ ئێران