Thursday, August 14, 2014

کارتی ئەلیکترۆنی جێگرەوەی پێناس


ناسنامەی شارستانیی هاووڵاتیان لە عێراقبێگومان وەکوو دەبینرێت و دەزانرێت چەندین ساڵە جەنگ و کووشتار لە عێراق نەوەستاوە[١] و گۆڕینکارییەکانی ئەم دواییە و پشتیوانی بەرەیەکی فراوان لە خەڵکی عەرەب بۆ هێزەکانی داعش (بەناو دەوڵەتی ئیسلامی) هاوکێشەی مانەوەی نائارامی لە ناوچەکەدا لە ئاستی بەردەوامیدا دەهێڵێتەوە[٢].

بەهۆی بوونی چەند نەتەوە و ئایینێک، لەسەر ناسنامەی شارستانیی عێراقی خانەیەک جیا کراوەتەوە بۆ ناسینی ئایینی هاووڵاتی[٣]، بە داخەوە کە لەسەر ئەمە هەزاران کەسی بێتاوان، لەبەر ئایینەکەی سزا دراوە و کوژراوە. ئەمڕۆش بوونی ناوێکی جیاواز بۆ تیرۆریست بەسە بەوەی کە دەست بوەشێنێت. خەڵک کوشتن لەسەر ناسنامە لە کەوتنی ڕژێمی سەدامەوە لە ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کردوە، تا ئەمڕۆش عومەر ناو شیعە دەیکوژێت[٤] و، یەزیدی و شەبەک و کاکەیی و ئەوانیتر بوونەتە نیشانەی داعش و تەتەرەکان. ئازادی بیروڕا، سەروەری ئایینی لە دەستووری عێراقیدا چەسپیوە[٥]، مەخابن کە چەتە و پیاوکوژ تەنیا ڕەش دەبینن و لە پەنا ئەو کەلێنەنانەی سیستەمی دیموکراتی، بۆ تێکدان و لەباربردنی سیستەمەکە دروست کراون.

ئەمڕۆ پرسی هەبوونی زانیاریی ئایین لەسەر پێناس تەنیا بۆ گەیاندنی زانینەکە تەماشا ناکرێ، بەڵکو بووەتە هۆکارێک بۆ پۆلێن کردن و بڕیاری ڕەشەکوژی.

لەم ڕوانگەیەوە و لەو ڕووداوە جەرگبڕانەوە، بەڕێز ڕۆبیتان کاکەزاڵ، پێشنیارێکی نووسیوە بۆ لابردنی برگەی (ئایین) لەسەر ناسنامەی شارستانیی هاووڵاتیان[٦]. منیش پشتیوانی ئەو پێشنیارە دەکەم، هیچ نەبێت ڕەگەزپەرستی و تایەفەگەرێتی کەم دەکاتەوە. بۆ ئەو کارەش بێگومان گۆڕینی یاسا و ڕێساکانی کاروباری هاووڵاتیان، یەکەم هەنگاوە و ئەرکێکی ترە بۆ پەرلەمانتارەکان. پێشنیاری تەریب بەوەش پیادەکردنی (کارتی ئەلیکترۆنی) هاووڵاتیانە.

لە ڕوانگەی تەکنۆلۆجیاشەوە تەماشا بکەین، بوونی ناسنامەی (کارتی ئەلیکترۆنی) شیکارێکی گونجاوە، کە زانیارییەکانی هاووڵاتیان هەمووی ئاشکرا نین، لەگەڵیدا ئەو هەموو بیرۆکراتی و گۆڕینانەش پاشەکەوت دەکەین کە لە زۆربەی بۆنەکاندا داوای نوێ کردنەوەی ناسنامەکە دەکات. ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیە وەکو وڵاتی عێراق هەنگاوی بۆ نراوە[٧]، کوردستانی باشووریش وەکو بەشێک لێی، ئەم ڕەوتە لە داهاتووی نزیکدا دەیگرێتەوە. واتە بوونی ئەو کارتەش هیوایەکە بۆ لابردنی ئەو خانەیە لەسەر ناسنامە. بوونی کارتێک لەو جۆرە کارتەکانی تری وەکوو کارت خۆراک، کارتی هەڵبژاردن و کارتی فەرمانبەرانی حکومەت (کە هەرێمی کوردستان چەند ملیۆن دۆلارێکی بۆ خەرج کردوە) پێویست ناکا هەبن. لەم ڕەوتەشدا ئەوەی کە کراوە لە کوردستان بۆی هەیە ببێتە بنچینەیەکی باش و کارا بکرێت لە دروست کردنی ئەو ناسنامە نوێیەدا، هیوادارم لەمەیاندا پەرلەمان بکرێتە بڕیاردەری بڕگە و زانیاریی ناو خانەکانی فۆڕمەکان و سەر ناسنامەکان.
 
بە پوختی؛ بوونی ئەو خانەیە، ئەگەر لەسەر دۆسیە و پەڕاوە گەورەکانی دامودەزگاکان پێویست بێ، ئەوا ئەمڕۆ جێگرەوەی زۆرە و لابردنی لەسەر ناسنامە باشترە. ئەمڕۆ "زانیاریی ئایین" لەسەر ناسنامە، ناونان و جیاکردنەوەی ئەندامانی کۆمەڵگاشی شێواندوە. بۆ نموونە؛ کەمینەی ئایینی، کوردی یەزیدی، شەبەک، مەسیحی، کاکەییەکان، ئیسلامی و...هتد ئەمانە پرسی هاووڵاتیی بوون و پلەدانانی دروست کردوە، کە هەمووان بە گوێرەی یاسا و دەستوور بێ، وەکوو یەکین و هەمان چارەنووس و دادوەری لە تەختێکدا کۆمان دەکاتەوە.
  
 
-----------------------------------------------------------
[١] بڕوانە لاپەڕەی مێژووی عێراق ڕاستییەکان بە خێرایی (لە ١٩٢٠ەوە تا ئەمڕۆ)
[٢] بڕوانە ڕاپۆرتەکانی (reuters.com) و گرتە ڤیدیۆیەکانی (vice news) کە نیازی ئەو تاقمە چەکدارانە دەردەخات.
[٣] بڕوانە (قانون الاحوال المدنية رقم (65) لسنة ١٩٧٢)
بە شێوازی (پی دی ئێف) لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ - لەبەرگیراوەی بنەڕەت
[٤] ڕاپۆرتێکی کەناڵی (ئەلعەرەبیە) اسمك عمر؟ تقتل.. اسمك حسين؟ تقتل.. هنا بغداد