Saturday, September 06, 2014

ئەندازیاری متمانە

 
(جول ڤێرن Jules Verne) ساڵی ١٨٨٩ - لە یەکێک لە ڕۆمانەکانیدا دەڵێت: کڕینی بەستەڵەکی سەروو دۆنمی بە دوو سەنت[١]. چەند سەرمایەدارێکی ئەمەریکی مۆڵەتیان وەرگرت کە ببنە خاوەنی ئەو سامانە کانزاییانەی لە ژێر بەستەڵەکی سەروودان، بۆ دەرهێنانی خەڵوزی ژێر بەستەڵەک پێشنیاریان کرد بەفرەکە بتوێننەوە. لە سەرەتادا هەموو خەڵک بە لۆژیکی سەرمایەدارەکان بیری دەکردەوە، کە ئیتر ئەم پرۆژەیە دەبێتە باشترکردنی کەش و سەرما لەو ناوچانە کەمتر دەبێتەوە و گەرما زۆرەکەش نامێنێت، بەو شێوەیە بەهەشتێکی ئاسمانی لەسەر زەوی دروست دەبێت.
کاتێک کە دەزانرێت ئەم سەرمایەدارانە کۆمەڵێک خانەنشینی سەربازین، تۆپهاوێژی شەڕی ناوخۆبوون و مەبەستیان گۆڕینی ئاراستەی خولانەوەی زەویە زیاتر، وە دەیانەوێت لە ڕێگەی گەورەترین تۆپهاوێژەوە کارەکەیان بکەن، ئیتر گڕ و کفی خەڵک دەگۆڕرێت بۆ ترس لەو شەپۆلە بەتینانەی کە لە پای تۆپ هاوێژەرەکەوە دروست دەبێت، ترس لەو کارەساتەی لە تەقینەوەکە پەیدا دەبێت و هەزاران کەس دەکوژرێ، سەرمایەدارانیش دەیانەوێت بەردەوام بن، بەو شێوەیە و بە نهێنی پارێزراو سەرمایەداران لەگەڵ خاوەن بیرەکانیان نەخشەی خۆیان تەواو دەکەن، تۆپ هاوێژەرێک لەسەر لوتکەی شاخی کلیمنگارۆ دادەمەزرێنن، نەخشەکەیان سەرناگرێ، چونکە لە ژمێرکاریدا هەڵە کراوە و بەو شێوەیە بۆمباکەیان کاریگەری نابێت، لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا جۆل فیرن دەڵێت: "لەمەودوا دانیشتوانی زەوی دەتوانن دڵئارام بخەون و بە ئاشتی بژین"[٢].

 
لە مێژە ئەو جۆرە خەڵکانەی کە پاڵەوانی ڕۆمانەکی جول ڤێرنن لە دەوری ئێمە کۆبوونەتەوە، بە کردەوەی ڕابردوویان نەخشەی ژیانی داهاتووی زۆرمان دەکێشنن، لە ڕاستیدا متمانەی ئێمە بۆ ئەوان وای کردوە کە ئەوان بەردەوام بن، کاتێکیش ئەو متمانەیە لای هەندێکمان نامێنێت، ئەوان دێن دیوێکی تری ژیانمان نیشان ئەدەن، خۆ بۆ ئەوەیان نیە کە متمانەیان پێ بکەینەوە، یان وەکوو جاران سوپاسی بەرخودان و باسی قارەمانێتیەکانیان بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەیانە کە بزانین ئێمە بێ ئەوان تەنیا دەمێنینەوە و بێ پشت و پەنا دەمێنین، دواجار هەر ئێمە متمانەیان ئەخەینەوە دەست.
 
ئەگەرچی شتەکانی جول ڤێرن و ئەم ئەندازیارانەی خۆشمان، خەیاڵیان تێکەڵ بە ڕاستیی ژیان کردووە، بەڵام بۆی هەیە کە داهاتوو هەر لەسەر ئەوانە بنیات بنرێتەوە، تۆ ئەگەر ئالوودە ببیت بە شیکارێک، بە ئامرازێک یا، بە کرێکارێک، زەحمەتە هەمووی وەلا بنێی تا دەیانگۆڕیت و هی تر ئەدۆزیتەوە، چونکە زۆر جار هەر ئەو پێوەرانەشت لایە کە ئەندازیارەکان خستویانەتە دەستت، بەو هۆیەوە ئاکامەکەی هەر ئەوە دەبێ کە ئەوان نەخشەیان بۆ کێشاوە.
 
بە کورتی گەر بمانەوێت قەڵای متمانەی بێفەڕ بشکێنین و خۆمان بنیاتبنێینەوە، دەبێت متمانە بدەینە خۆمان، خۆمان کار بکەین نەک کارمان بۆ بکەن. ئامرازەکانیان نەهێڵین و دروستکراوەکانیان بەکارنەهێنینەوە، ئەوسا بوونی ئەوان کاریگەری نابێ و داهاتوویەک بێ ئەوان دروست دەبێت.
 
------------------------------
پەراوێزەکان
[١] - (جول ڤێرن Jules Verne) نووسەرێکی فەڕەنسی بوو. داهێنەری چیرۆکی خەیاڵی زانستیی بوو.
[٢] -  مهندسو المناخ - الثقافة العالمیة - مارس/ابریل ٢٠٠٩ - لا ١٣١ ژ. ١٥٣.