Sunday, April 01, 2018

بیرە تەکنیکیەکانم




 بەهاری ٢٠١٨

بەهۆی کۆچی دوایی (ستیڤن هاوکینگ)ـەوە، هەموو کوونەڕەشەکانی گەردوون داگیرسان. فەرەنسا بەتەمایە گووگڵ و ئەپڵ بداتە دادگا لە پاریس، چونکە بازرگانی خراپ پیادە دەکەن لەو وڵاتە. حەمە وتی: "لێرە بوایە ئێستا مەنسولەکان شەریکیان بوون".


لە پۆدکاستی چاوگ هەموو ئەڵقەیەک دوو خولەک باسی مایکە عەنتیکەکەی "بڕوا"یە. لەسەر قسەی (لاری شاو Larry Shaw) ڕۆژی پای بە کێکەوە دەکرێتەوە.

مانگی ڕابردوو حەمە وتی وازم لە پرۆگرامینگ هێناوە، ئێستا مەنیجەری ئاژوورم!. هەر بەو بۆنەیەشەوە سیمینارێکی ڕێکخستوە لەسەر خراپی ئۆپن سۆرس و تێمپلەیت. کەچی دوێنێ هاتووە ئەڵێ وامزانیوە ئۆپنسۆرسیش ویندۆزە.

مەلایەکی فەیسبووک ئەڵێ لایک و شەیری بابەتی ئیسلامی بە قەد ناوساجی بەخشینەوەی ڕەمەزان خێری هەیە. هەر لە فەیسبووک عادەتێکی خراپ پەیابووە، ئەڵێن کۆمێنت بنووسە بۆت دەردەچێ، بە درۆ و فێڵ خەڵک لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە.
حەمە سیا ئەڵێت کە لە فەیسبووک نووسرا:
- زەختمان دابەزی
- ئەکتیڤیتیمان دابەزی
- پەیجەکە لەژێر هەڕەشەیە
- فەیسبووک سزامان ئەدا
- پەیج وێرانە فریامان کەون کۆمێنت
- دە کۆمێنت بنووسە سەعاتێک ببەرەوە
- و هیتر

هەمووی درۆیە و ئەوانە بلۆک بکەن. بڕوا بەوە نەکەن کە بە کۆمێنت و لایک شت ببەنەوە!. کاتی خۆتان بە شتی بەسوود بەسەر بەرن و خۆشی لە فێربوون و زانینی نوێ وەربگرن. ئاخر تۆ ئاژانسی توێژینەوەی ڕووسیای تا فەیسبووک سزات با درۆزن.
لە دیواری پەڕەیەکی ئایینی نووسرابوو "ڕەحمەتی خوا لەوەی ١٠ کۆمێنت ئەنووسێ"، حەمەش نووسیبوی "حەدیسی صەحیحیش نەبێ ئەبێ؟".

ئینتەرنێتەکەی جولیان ئەسانج وەکو کارەبای مۆلیدەکەی گەڕەکی خۆمانی لێ هاتووە، زوو زوو ئەیبڕن. هواوی بە مۆدێلی ئۆتۆمبیلی پۆرشە تەلفۆنێکی خستووەتە بازاڕەوە لە ئایفۆن گرانترە، تایبەتمەندیەکانیشی وەکو لە چاوگ باس کرا، شازن. هە لە ئێستاوە هواوی دەڵێ ٢٨%ی دەستمایەیان بەرزبووەتەوە.

گوێمان لە دروشمێکی هەڵبژاردنەکان گرت ئەیوت: "هەرماڵێ کۆمپیوتەری نەبوو ئەیدەینێ، ئینتەرنێتی نەبوو، بۆی ڕادەکێشین، وە ئوتۆمبیلەکەیشی بۆ دەکەین بە کارەبایی". حەمە لەولا وتی ئەمانە کارەبا و ئاویان تێپەڕ کردوە چونکە عەینەکی گریمانەییان لە چاو کردوە.

تویتەر لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا، زۆرتر لە ١،٢ملیۆن هەژمارەی گومان لێکراو و تیرۆریستەکانی سڕیوەتەوە، کەچی فەیسبووک ئەوانەش ئەفرۆشێتەوە. برادەرێکی زانستخواز وتی فەیسبووک وەکو بایۆمەتریەکەی خۆمان وایە، مردو ئەناسێتەوە بەس لە لیستەکە لای نابا ئەڵێ با کورد ژمارەی زۆرتر بێ، ئەوانیش هیچ ناسڕنەوە، ئەڵێن خەڵک هەیە پارەی زۆری پێ ئەدا.












No comments :