Monday, April 09, 2018

پەیامی وێنە ٤ - سزای فەیسبووک


گەوجبوون لەناو خەڵکدا پلەی هەیە، گەوج هەیە دەزانێ کە ئەوەی دەیکا و دەیڵێ لە گەوجێتی زیاتر هیچی تر نیە، ئەم هەڵەیە و لەسەر ڕاست نیە، کەچی هەر بەردەوامە و بیر خۆیی دەباتەوە و لەسەر گەوجی خۆی بەردەوامە. ئەم جۆرەیان تۆخترین پلەیە، خوا پەنامان با.
ئەگەر چی زۆرکات خەڵکی گەوج بەسەزمانن و شیاون بۆ یارمەتی و دەستگرتن، بەڵام لە وێبدا کە لەودیو پەردەوە نازانیت کێت بەرانبەرە، خۆت بەدوور بگریت لێیان باشترە. (وەکو ئەوانەی ئەو وێنانە بڵاو دەکەنەوە).

وازبهێنن لەو گەوجانە
ئینجا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بە تایبەتی لە فەیسبووک، دەبینین کە گەوجێتیش بووە بە باو. یەکێک پەیامێک بڵاو دەکاتەوە "پەیجەکەمان سزا دراوە، دە کۆمێنت بنووسن"، ئیتر بەدوایا چەند دانەیەکی تر هەمان کار دەکەنەوە، سووریش دەزانن، نە فەیسبووک سزای لەو شێوەیەی هەیە و نە کۆمێنت و هاوبەشی کردنی بابەتەکانیش پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی فەیسبووکەوە هەیە. ئەمانە خۆیان گەوجبوون و دەیانەوێت خەڵکی تریش وەکو خۆیان بگەوجێنن.


لەبەرئەوە کاتی خۆت لەگەڵ ئەو جۆرە گرووپ و لاپەڕانەدا بەسەرمەبە، شتێکی بەسوود بخوێنەوە، گوێ لە ئاوازێکی خۆش بگرە لەوە باشترە. کاتەکانت، تەمەنی ژیانت بەدیار گەوج و گەوجکارانەوە مەبەرە سەر. هەوڵبدە زانینت فراوان بکە، چ لە خەڵکەوە فێربی یا خەڵک فێر بکەیت بۆ وشیاری خۆت کاریگەریی دەبێ.


تاکو وێنە و شیتەڵکارییەکی تر
---------------------------------------------------------------
پەیامی وێنە زنجیرە بابەتێک دەبن، کە بە پێی کات و بوونی پەیامێکی تایبەتی لە وێنەیەکدا دەیانووسم و بڵاویان دەکەمەوە. مەبەست لێی گەیاندنی شارەزایی خۆمە لە ڕێی شیتەڵکردن و لێدوانەوە، هاوکات کردنەوەی گفتوگۆی کراوەیە بۆ پەخشکردنی زانست بە زمانی کوردی. بۆئەوەی هەموو سوودمەندبین لە شارەزایی یەکتر، وێنەکان دەکەینە نێوانەبەستێک.

No comments :