Thursday, June 21, 2018

بەهرەمەند

کاتی هەڵبژاردن، گەڕەکی ئێمە لە هەموو ناوچەکانی تر پەرۆشتربوون بۆ چوونە بەردەم سندوقی دەنگدان، چونکە مامۆستا حەیدەر خۆی پاڵاوتبوو، هەموو بە ئاواتەوەبوون کە سەرکەوێت و ببێتە وەزیر. ئەو بە بلیمەتی لە کارەکانیدا ناسرابوو، لە گەڕەکیشدا هاوکاریی هەموو دراوسێکانی دەکرد.
کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەنرا، هەموو گەڕەک شەویان لە کۆڵانەکاندا بەسەر برد، فرمێسکی خۆشی لە چاوی هەمووماندا قەتیس مابوو. هەبوو دەقەی دەژمارد و چاوەڕوان بوو، ها کە مامۆستا حەیدەر خۆی دەکا بە کۆڵاندا..
ئاهەنگ تەواوبوو، وێنەکان لەسەر دیوارەکانیش هێنانە خوارەوە، هەفتەیەک بەسەرچوو، پاڵێوڕاوە هەڵبژێردراوەکەی گەڕەک هەر دیار نەبوو. کاتێک مامۆستا حەیدەر خۆی کرد بە کۆڵاندا، وەکو جاری جاران، لەخۆ برد و دڵفراوانە لەگەڵ گەورە و بچوکدا دوا، سوپاسی هەموومانی کرد، هیچ کاتێک ئەومان نەبینیبوو هێندە لە کۆڵاندا بمێنێتەوە و قسەمان بۆ بکا.. تۆزی چاوەڕوانی لابرد و بەهاتنەکەی هەموومانی دڵشاد کرد.
لەو بینینەدا، هەرکەسە و شتێکی داوا دەکرد، گەڕەک چاک بکرێت، باخچەی ساوایان گەورەتر بکرێت، کەلاوەکەی ڕۆژهەڵاتی گەڕەک بکرێ بە باخ، گەنجەکانی گەڕەک دابمەزرێن، ئاوڕی جدی لە خانەنیشنکراوەکان بداتەوە..هتد دیسانەوە وەکو چاوەڕوان دەکرا، دڵی هەموومانی خۆش کرد، وتی هەمووی دەکەم بۆتان.. بە چەپڵە و خۆشیەوە بەڕێ خرا.


ماوەی شەش مانگ تێپەڕی، هیچ کام لە بەڵێنەکانی مامۆستا تروسکەی لێوە نەدەهات، خەڵک گلەییان زۆرتر لە دامەزراندن هەبوو، گوایە مامۆستا تەنیا بۆ نووسینگەکەی خۆی ١٢ کەسی دامەزراندوە، هیچی نە خەڵکی گەڕەکن و نە کەسیش دەیانناسن. لەو ماوەیەشدا دوو کاروانی خەڵکی سەردانی مامۆستایان کردبوو، بە کاروانی یەکەمی وتبوو پەلەی لێ مەکەن و بە دووەمیش کە ئەو خەڵکی بەهرەمەندی دەوێت.

مقۆمقۆی بەهرەمەند لە گەڕەکا باو بوو، هەبوو مامۆستای هەڵدەکێشا کە "خەڵکی دەست ڕەنگین و بەهرەمەند دادەمەزرێنێ، ئەمە بەڵگەی وشیاریەتی"، هەبوو ئەیوت "خەڵکی شیاو بۆ کاری شیاو دادەنێت"، هەندێکیش لە گەنجەکان لەو باوەڕەدابوون کە ئەو قسانە و بەڵێنەکانیش هەمووی درۆ و فێڵی مانەوەن لە دەسەڵاتدا، خۆ ئەمان زانکۆیان تەواو کردوە، ئەی تۆ دانەمەزرێیت بەهرەکانت لە کوێ نیشان ئەدەیت؟؟، ڕۆژگاریش دەری خست ١٠ لەوانەی دایمەزراندبوون خزم و کەسی نزیکی خۆی بوون، بەهرەمەندیان لەو ڕۆژەوە دەستی پێ کرد کە چوونە سەر کورسی.

هەر ڕۆژەی باسێک لەسەر بەهرەمەند و ئاکارەکانی خولی دەخوارد بەناو خەڵکی گەڕەکدا. گەنجە بێکارەکان ژوانیان وەرگرت و تاکو بچن بۆ دیدەنی مامۆستا حەیدەر، لەگەڵ گەنجانی تری شارەکەدا دروشمی "کوا بەڵێنەکانت"یان بەرز کردبووەوە.

ساڵ و دووان تێپەڕی خەڵکی سەرقاڵبوون بە کاروپیشەی خۆیانەوە، نە کەس دامەزرا و نە کەسیش حەوسەڵەی ما چاوەڕوانی مامۆستا بێ تاکو یاسا و ڕێسا دابنێ کە خەڵکی بە کۆشش و ئاستی خۆیان دابمەزرێن نەک بە ڕەنگ و خزمایەتی. بەهرەمەندیەکەش ببووە پەندی سەر زاری خەڵکی، ئەگەر کەسێک شتێکی بۆ بلوایە دەیانوت "ئەو بەهرەمەندە".

حاجی مەردان کەسێکی بەساڵاچوو و دنیا دیدە بوو، بە خەڵکی ئەوت مێش و بۆگەنی کەلاوەکە کوشتینی با ئەوە وەلاوە نێین، وەرن با هەرەوەز بکەین و باخێک لەویا دروست بکەین، بە قسە و حەپە حەپ نە کەس کار وەردەگرێ و نە پێش دەکەوین. بەهرەمەندیم بۆچیە ژیان لە بۆگەناوا بەسەر بەرم.

کەس بە دەنگیەوە نەهات، ڕۆژێک خۆی دەستی هەڵماڵی و بەخاکەناز خەریک بوو. چەند ڕۆژێک بەردەوام کاری کرد...

خەڵکی گەڕەک، بەتایبەتی گەنجەکان، وردە وردە قۆڵیان لێ هەڵمای و هاتنە پێش و کۆمەکی حاجی مەردانیان کرد. ڕۆژێ بەدەم کارەوە حاجی پێی وتن:

ئێوە تیمە بەهرەمەندەکەی منن و من داتاندەمەزرێنم!