Thursday, June 14, 2018

لە حەوت بە یەک خراپترە؟


ساڵی ٢٠١٤، جامی جیهانی تۆپی پێ لە بەڕازیل بوو، بەڕازیل تاکە وڵاتە کە هەموو خولێک لەم پاڵەوانێتیەدا بەشداری کردووە، پێنج جاریش یەکەم بووە. هەمووش دەزانین بەڕازیل بە تیمێکی بەهێزەوە دێتە مەیدان، ئەوجا ئەگەر پاڵەوانێتیەکەش لە ماڵی خۆیدا بێ، ئەوا بێگومان پلەی یەکەمی مسۆگەرە. بەڵام بەدەر لە چاوەڕوانیەکان و لە یاری نیوەی کۆتاییدا بەڕازیل، بە حەوت گۆڵ بەرانبەر ئەڵمانیا دۆڕا.

لەو یاریەوە، کە هەموو بەڕازیلیەکانی خستە گریان و خەونی بردنەوەی جامەکەیان لە ماڵی خۆیاندا بۆ چەندین ساڵ مران، سەرگوزەشتەیەک لەسەر زاری بەڕازیلیەکان دروست بووە، کە وەکو بەراورد بە نەهامەتیەکی گەورە بەکاری دێنن (لە حەوت بە یەک خراپترە؟) یان کە خراپەکارییەک یا ناخۆشیەک دەبیستن دەڵێن: (حەوت بە یەکمان بەس بوو)، (حەوت بەیەک بەسە). ئەمە چووەتە ناو فەرهەنگی زمانەوانیانەوە.
دڵنیام کە لەم سەردەمە و لە داهاتووشدا بەڕازیل جارێکی تر بەو ئەنجامە گەورەیە نادۆڕێت، چونکە هێندە ناسۆریان بینی، هێندە گریان، ئیدی وەکو خۆیان دەڵێن حەوت بە یەک کەم نیە و بەسمانە.

لە عێراق بەگشتی، و لە کوردستانیش بە تایبەتی، هەموو ساڵێک، هەموو مانگێک نەهامەتیمان بینیوە، وەکو کاک سیامەند لە بابەتێکدا باسی دەکات، ئەبێ ڕۆژی تر قەرز بکەین بۆ بۆنە و کارەساتی تر، کە هەر یەک لەوەی پێش خۆی تاڵتر. 

لە سەردەمی مناڵیمدا، گوێم لە دوو کارەسات دەبوو؛ شەست و شەش و ئاشبەتاڵ. لەسەر زاری زۆر لە خەڵکە بەتەمەنەکانەوە دەبیسترا و هەموو پێیان وابوو کە بەری ئەو دووبەرەکیە دەچێژن. ئەگەرچی ئەمە ئەنجامی ناکۆکی یەکنەگرتووییمانی نیشان ئەدا، کەچی بیرمان چوونەوە، لەگەڵیدا ڕووداوەکانی کیمیاوی بارانی هەڵەبجە، ئەنفالەکان، ڕەوی ملیۆنەها..هتد کە بەدوایدا هاتوون نەبوونە هۆکارێک یەکمان بخات، نەبوونە پەندێک بیرمان لەسەر ئامانجەکانمان ڕێک بخات.
 لەبری ئەوە شەڕی ناوخۆ، دوو حکوومەتی، یەکتری شکاندن و پەیمان شکاندن و نەمانی یاسا و گەندەڵی و چەندین کارەسات و ناخۆشی تر بەدوایدا هاتوون.


ئیتر با وانەکانی ڕابردوو لە بیر نەکەین، یەکمان بووێت و لە فەرهەنگدا تۆماری بکەین، هەموو چەوساوەی کردەی خۆمانین، دوژمن نەخشە و کاری لەسەر یەک ئاسۆ بەردەوام بووە و نەگۆڕراوە. با دروشمان (زەرد و سەوزمان بەس بوو) بێ، ئەم دوورخستنەوە و لێک ترازانە چەندین نەوەی تریشمان پەک دەخات و داهاتووی نزیکیشمان بێ فەڕ دەکات. (زەرد و سەوز بەسن).