Monday, July 16, 2018

خراپترین

حەکیمێک وتویوتی: خراپترین بەندەی خوا کەسانێکن، کە لە کاتی گرژبوونیاندا دانی خێرت پیا ناهێنن، چاکە و پیاوەتیەکانت لە بیر دەکەن، نهێنیت لایان بێ دەیدرکێنن، تانەوتوانج لە کەسوکار و ڕەچەڵەکت ئەدەن، درۆت بە دەمەوە دەکات و بوختانیشت بۆ هەڵدەبەستێت و دەڵێن لە خراپە زیاتر چاکەمان لێ نەدیوی!.


زۆرجار لەسەر ڕووی سادەی خۆمان بڕوا بە ڕێویش دەکەین، خۆ دەشزانین ڕێویە و تەڵەکەبازە، کەچی متمانەی ئەخەینە دەست، ئەگەر پێشتریش هەڵی خەڵەتاندووین ئەوا ئەمجارەش گوێمان نەدایە. خۆش بڕوا و بێ خەم متمانەی ئەدەینێ، خوا دەکات ئەو قایل دەبێ. ئەمە لە ئاکار و سروشتی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕواوە.

جاران یەکێک پێی بوتیتایە "من فڵان دەناسم"، یان زۆرکات ئەیانوت "فڵان ئەهلی ئیمانە، سەری بچێ نوێژی ناچێ"، ئیتر ئەوە بەس بوو کە ئێمەیش سۆزمان هەبێ و ئارەزووی هاوڕێیەتی بکەین و متمانەی پێ بدەین.

ئێستا لەو دەڤەرەی ئێمە پێوەرێک نەماوە بیکەیتە تەرازووی هەڵسووڕانی خەڵکی. دە کەسیش بێن، سوێندیش بخۆن کە فڵان خاوێنە و بناوبن گەندەڵ نیە، بڕوا ناکەیت. ڕۆژێکی تەواو باسی بڕواداری و سەلاری کەسێکت بۆ بکەن، هیچ هەستت بۆی ناجوڵێت، لەوەیە تەنیا سەرێک بلەقێنی، بەو مانایەی "حاڵی بوویت، بەس گوێی پێ نادەیت". لێکدانەوەت بۆ ناسینی تەنیا لە کارێکدا، لە پرۆژەیەکدا یان لە بۆنەیەکدا بووە، ئیتر دەڕوا و ون دەبێ لە ژیانتدا.

ڕەسوڵ حەمزەتۆف دەیوت: "پێم بڵێ هاوڕێکانت کێن، پێت دەڵێم تۆ کێیت"[١]، ئەمەش ئێستا لە گوێدا خۆش دەزرنگێتەوە، لە دڵدا هیچ جێ ناهێڵێت. وەکو بڵێی لەسەر ئەو پەندە دەڕۆین کە دەڵێ: "پەشیمان مەبەرەوە لە ناسینی هیچ کەسێ لە ژیانتدا، چونکە لە خەڵکی باش خۆشیت دەست دەکەوێ، لە خراپ شارەزایی و لە خراپترینیش وانەیەک فێر دەبیت". حەکیمێکیش دەڵێ: "وانەی هەموو ناسینێک بە خۆدا چوونەوەیە"[٢]. فێرببە لەخۆت بپرسیتەوە و سنوور بۆ ناسین و پەیوەندیەکانت دابنێ.

لە دێرزمانەوە کورد بە جوامێریی و ڕەوشت بەرزی پێناسی کەسایەتیەکانی کردوە. گوێ نەدراوە بە زمان، ئایین و خزمایەتی. بە خراپیان وتووە خراپ و بە باشیش وتراوە باش. لەمەوە خراپترین کەس ئەو کەسەیە کە خۆی بە هیچ کەسێک، بەهۆی گومان لێکردنییەوە، متمانە نابەخشێ و کەسیش ئەمی ناوێ بەهۆی کاریگەری خراپیەوە، بە کورتی کەس هاوڕێی نیە و متمانەی نیە.

مامەڵە و ناسینەوەی خراپترین لە ژیاندا ئاسان نیە، بەڵام بڕیاردان لەسەریان نابێت زۆرتر لەوە بخایەنێت کە تێگلاو بی لەگەڵیاندا. کورد وتویەتی: "سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکە"، بە ناسینی خودی کەسایەتیت دەتوانیت بەرانبەریش لەو مامەڵەیەوە تەزاروو بکەیت.


------------------------------------------------------------
[١] کتێبی داغستانی من ١ - ڕەسوڵ حەمزەتۆڤ - ساڵی ١٩٧٩ چاک کراوە - عەزتز گەردی کردویەتی بە کوردی
[٢] پەندێکی بیانی