Tuesday, February 09, 2021

داهێنان لە بەردەوامی خەیاڵەکاندا - ١


 ئاینشتاین: خۆم بە هونەرمەندێکی تەواو دادەنێم، کە لە دەریای خەیاڵەکانمدا دەریاوان بم، خەیاڵ زۆر گرنترە لە زانین. زانین سنووردارە، بەڵام خەیاڵ هەموو دونیات دەگێڕێت.[١]

مرۆڤ توانای ڕادەبەدەری هەیە لە لێکدانەوە و خەیاڵکردنەوەدا، ئەگەر لە ئاکاری خەڵکیش بڕوانین لێ کردنەوەی خەیاڵ لە ژیانی ڕۆژانە ئەوا ستەمە. تێکەڵبوونی ڕۆژانە و وەرزش و دواندنی خوت ورژێنەر و بەردەوامین بۆ خەیاڵ و فراوانکردنی.

لەبەر ئەو هۆیەیشە کە لە پەروەردەی منداڵدا پێداگری دەکرێت کە چیرۆک و ئەفسانەکان بۆ منداڵ بخوێنرێنەوە و وای لێ بکرێت ئارەزووی خوێندنەوە بکا، تاکو خەیاڵی فراوان بێ و بە ڕەنگ و کەرەستەکانی دروستکردن هێمای بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت و لە جیهانی خەیاڵی (فەنتازی) منداڵیدا چیژ ببینێت.

دەروونزانی خەیاڵەکان پۆلێن دەکات بۆ خەیاڵی داهێنەرانە، خەیاڵی خەڵەتێنەر (ساوێر illusion) و خەیاڵی بەرین. داهێنەرانە وەک لە بیرکردنەوە و شیتەڵکاری شتەکاندا، کە هەندێک کەس پێی دەگەن و سەرەنجام بە ئامانجێکت دەگەیەنێت، داهێنانی نوێ دروست دەکا. خەیاڵی خەڵەتێنەر یان کە پێی دەڵێین خەیاڵی خاو، زۆرتر دوورت دەخاتەوە لە ڕاستی، لەبەرئەوەیشە بە خۆخەڵەتاندن ناو دەبرێ. دوا جۆر، خەیاڵی پان، زۆرتر لێکدانەوەی مێشکە بۆ کار و کردەکانی ڕۆژانەکە، بەرینیەکەی بەهۆی مێشکەوەیە، تۆ زۆرجار شتێک دەهێنیتە پێش چاوی خۆت و داهاتوویت پیشان ئەدات، خەیاڵ بەشێوەیەکی گشتی لێرەدا جیاکردنەوە نیە لە ڕاستی، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو بوارەکانی ژیان کە تیایدا هەڵدەسوڕێیت. خەیاڵ لەم جۆرەدا وێناکردنی ڕاستیەکانە، توانایەکە بۆ پۆشتەکردنی شتەکان.

بەراورد بە پێشوو، چەماوەی داهێنان لە ساڵانی ڕابردوودا بەرەوخوار چووە، پرۆفیسۆر (تۆم مک لایش Tom McLeish) لە ئاکامی توێژینەوەکانیدا دەڵێت:"زۆرێک لە گەنجان پێیان وایە لە زانستدا بواری داهێنان نەماوە."[٢]، ئەو هۆکاری ئەمە بۆ زۆرشت دەگێڕێتەوە، لەسەروو هەموویانەوە کورتبوونەوەی خەیاڵ و گوێنەگرتنە، هاوکات پرۆژەی شیعر و مۆسیقا لە زانستدا دەهێنێتە کایەوە وەکو کردنەوەی گرێی زۆرێک لە گەنج و داهێنەرەکان، کە خەیاڵی فراوانیان بە ئاواز و قافیەیەکی تێکەڵ بە تێزی زانستی تەواوکار دەکات[٣]. تۆم زاناکان بە شەرمن دەزانێ، کە شارەزایی خۆیان لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا بۆ خەڵک باس نەکردوە، بەرانبەر ئەوان هونەرمەند و ئاوازدانەران، پێشبینی و فەنتازیای کارەکانیان لە مێشکی خەڵکەوە دەبیننەوە. 

ئەوەی منیش لێرەدا بەڕوونی دەمەوێت بیڵێم، پشتڕاستکردنەوەی دەروونزانیە، کە شی دەکاتەوە بێ خەیاڵ و لێکدانەوەی مێشک، داهێنان دروست نابێ. بێرناردشۆش وتویەتی: "خەیاڵ سەرەتای داهێنانە ، تۆ بە خەیاڵی خۆت چیت دەوێت پێی دەگەیت، ئەوەی خۆت پێت خۆشە دەیهێنیتە پێش چاوی خۆت بە خەیاڵکردن، دواجار ئەوەی دەتەوێت بە ئەنجامی دەگەیەنیت."

لە ئایینی ئیسلامدا، خەیاڵ کردنیش حەرام و حەڵاڵی بۆ کراوە. هەرچی حەرامە ئەو خەیاڵانەیە کە لە ڕاستی ژیان و ئەرکەکانت دوور دەخاتەوە، دیارە ئەرکە ئایینیەکان بە پلەی یەکەم، واتە خەیاڵی خاو باش نیە، بەتایبەتی کە کەسێک ئالوودە بکا، دووجۆرەکەی تر ڕێ پێدراون[٤]، بەو ڕادەیەی کە مرۆڤ بیر لە شتی خراپ نەکاتەوە[٥].

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە، لە کاتی قەیرانەکاندا مرۆڤەکان بیرکردنەوەیان دەگۆڕدرێ، بەشێوەیەک کە ئەگەر داهێنانیش بکەن بۆ ڕزگاربوونە لەو قەیرانانە، بەگشتی قەیران کۆسپێکی گەورەی داهێنانە. شیکردنەوەی من لەسەر بەردەوامبوونی قەیرانە، یان گۆڕینی قەیران لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکی تر، کە مرۆڤەکان تووشی ڕاهاتن دەکا لەسەر ئاکاری نوێ، وەکو پشتگوێ خستن، پێشەنگیدان بە شتێک لەسەر شتێکی تر. دەبینیت بەردەوامی قەیرانەکان جۆری دووەمی خەیاڵ، کە خەیاڵی خاوە، زۆرتر دەبێ.

توێژینەوەکان دەریانخستوە کە لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ (کۆرۆنا)دا، زۆربەری دامەزراوەکان تیشکیان خستووەتە سەر شیکاری کاتی و کورت خایەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە[٦]، زۆر بە کەمی لەسەر ڕەوتی داهێنان و نوێبوونەوە کاریان کردوە، تەنها دامەزراوە تەندروستیەکان نەبێ. ئەمڕۆکە زۆربەی کۆمپانیاکان تەقەلای ئەوەیانە کە چۆن سەرکەوتووانە دۆخەکە تێپەڕێنن، بەوەی کە شێوازی فرۆش و مامەڵیان بگۆڕن لە پێناویدا[٧]. لە قەیرانی کۆرۆنا دا، ڕەوتەکە گشتگیرە، کاردانەوەی حکومەت و خەڵکەکانیش جیاوازن، سەرباری ئەوەی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهێنان هەبووە، بە بەردەوامبوونی قەیرانەکە بیرکردنەوەی نوێی هێناوەتە پێش، کە زۆرینەی لە پێناو خۆپاراستن و مانەوەدا بوون.

دەڤەری ئێمەیش لەمە بێبەش نیە، قەیرانە نوێیەکە ئاستێکی تری قەیرانی پێک هێناوە. قەتیس مانەوە لە ئاستێکدا زەبرێکی کاریگەرە لەسەر گەشەپێدان، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو تۆم ئاماژەی پێ دەکا، گرنگیدان بە دواندن و دروستکردنی ئاوازێک، خەیاڵ و ئاراستەی بیرکردنەوەی گەنجان و داهێنەران دەگۆڕێ. ڕاوەستانی خوێندن و پەیمانگاکانی توێژینەوە، کاریگەریی تەواو دەکەن لە تەسک کردنەوەی خەیاڵە داهێنەرەکان.
داهێنانیش بێ لە دانایی و لێهاتوویی، هۆکاری دەروونی تریشی لە پشتە. عەلی وەردی، زانای کۆمەڵناسی عێراقی دەڵێت:"سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج هۆکاری زۆرن، یەکێک لەوانە یەکبوونی ویستی هۆشداری و بێهۆشیمانە (وعي و اللاوعي)، تۆ لە مێشکتەوە خەیاڵ و ئامانجی گەیشتن بە پلەیەک دادەنێیت کە دەبێ یەکبگرێتەوە لە خواستی بیرکردنەوەشماندا."[٨]

عەلی وەردی لەو دەمەی خۆیدا باسی خەیاڵ و لێکدانەوەی مێشکی بەشێوەیەکی تر کردوە، کە هاوواتای ئەوانەی سەرەوەیە. ئەو دەڵێ داهێنانی بیرکردنەوە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت. قۆناغێک کە کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییە پێویستەکان دەکا و بە قۆناغی پاشەکەوتکردن ناوی دەبات، و قۆناغێک کە داهێنەر کاوێژی تیا دەکا، وەکو مانگا چۆن خواردنەکان دەهنێتەوە و ئەیانجوێ تاکو ئەزم بکرێ، ئەویش ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەم کۆی کردوەتەوە، لە مێشکیدا دەیهێنێ و دەیبات، تا نوقم دەبێ لە خەیاڵەکان و بیرکردنەوەکانیدا کە لە دواییدا دەبنە بەهرەی داهێنان و دۆزینەوە. نموونەی ئەمەش لە هونەرمەند و پیشەوەرەکاندا دەبینیتەوە، دەست ڕەنگینێک کاتێک بەئیشی دەستی خەریک دەبێ، دەکەوێتە خەیاڵ و خۆشی ئیشەکەیەوە کە هۆشی لای خۆی خۆی نابێت و دواتر بەرهەمێکی ناوازە پێشکەش دەکا[٩]. عەلی وەردی زۆرتر هۆشی ناوەکی (عقل الباطن) بەکاردێنی کە من بە  خەیاڵکردنەوە و دواندنی خود دەیبینمەوە، هیچی لەگەڵ خەیاڵ کردنەوەکەی ئاینشتایندا جیاوازی نیە. لە ڕاستیدا وەردی و هەموو ئەوانیتریش کە قسەیان لەسەر بیر و هۆشی داهێنەر کردوە، هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ خواستەکانی دەیهێنێتە جوڵە و بیرکردنەوەی دەجوڵێ، لەم جوڵە دەروونیەشەوە ئاوێتەی داهێنانەکانی بەرەو بەرجەستەکردن ڕێ دەگرێت.


-------------------------------------

[١] ئاینشتاین لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ١٩٢٩ تۆمار کراوە.

[٢] کتێبی (The Poetry and Music of Science) - نووسینی پرۆفیسۆر (تۆم مک لایش Tom McLeish) - ساڵی ٢٠١٩

[٣] بابەتی (Science is Deeply Imaginative. Why is This Treated As a Secret?) - گۆڤاری زانست sceince 

[٤] بڕوانە وەڵامی حوکمی خەیاڵکردن (https://www.islamweb.net/ar/fatwa/271864)

[٥]  بڕوانە (ما حكم أحلام اليقظة؟

[٦]  بڕوانە ئامار و شیتەڵکاری (مک کەنزی www.mckinsey.com) لەسەر کاریگەری کۆڤید-١٩ لەسەر داهێنان و پێشکەوتن.

[٧]  بڕوانە ئاکامی ڕاپرسی مک کەنزی (Global B2B decision-maker response to COVID-19 crisis)

[٨]  کتێبی (خوارق اللاشعور) نووسینی (عەلی وەردی) - بەشی (الاراده والنجاح) ل١٢٠ و دواتر

[٩]  کتێبی (خوارق اللاشعور) نووسینی (عەلی وەردی) - بەشی (الاراده والنجاح) ل١٣٧

1 comment :

sapna said...

Best content & valuable as well. Thanks for sharing this content.
Approved Auditor in DAFZA
Approved Auditor in RAKEZ
Approved Auditor in JAFZA
i heard about this blog & get actually whatever i was finding. Nice post love to read this blog
Approved Auditor in DMCC