Saturday, January 16, 2021

ویکیپیدیا بوو بە بیست ساڵ


ویکیپیدیا
زانیاریینامەیەكی كراوەیە، تیایدا بەچەندین زمان زانیارییەكان پێشكەش بە سەردانكەران دەكات، هەموو كارێكی دان و وەرگرتنی زانیاریی تیایدا خۆبەخشانەیە. ئامانجی ویكیپیدیا پێكهێنانی زانیاریینامەیەكی فراوانە "کۆکردنەوەی ھەموو زانیارییەکانی مرۆڤ" كە بە زۆربەی زمانەكانی جیهان بابەتی لەخۆ گرتبێت، سەرەنجام بە ھەوڵێکی ھاوبەش زانستنامەیەکی ئازاد و خۆڕا‌ پێک بهێنرێت. ویكیپیدیا لەلایەن دامەزراوەیەكی خێرخوا (WikiMedia) سەرپەرشتی دەكرێت[١]، کە لە ٢٠٠٣ دا بە فەرمی ڕێکخراوێکی بۆ دامەزرا.

ویکیمیدیا زیرەکانە کێبڕکێی لە هاوشێوەکانی بردەوە، بەوەی کە زوو لەگەڵ ئامێری گەڕان و دابینکاراندا ڕێکەوتنی سازدا، هاوکات مۆڵەتنامەی ناوەڕۆکی بە سانایی هێشتەوە و لە بانگهێشتی بازرگانیش خۆی بەدوور گرت.
نهێنیەکی تری سەرکەوتنی ویکیمیدیا، بەردەوامبوون بوو لە زۆرکردنی پرۆژەی تر، لە ماوەیەکی کەمدا توانی متمانەی بوارەکانی توێژینەوە و گەشەپێدان لە زانکۆکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ئامرازیان بخاتە بەردەست.
مانەوەی سیستەمی کارگێڕی ویکی بە سەرچاوەکراوە، بنکەی گەشەپێدان و فراوانکردنی سیستەمەکەی لەگەڵ خۆی هێنا، تەنانەت کاتێک پرۆژەی ویکیپیدیا بۆ کۆکردنەی چەند ملیۆن دۆلارێک بانگهێشتی بەخشینی دەکرد، چاوەڕێی ئەو بەپیرهاتنەی نەدەکرد. هەربۆیە برەودان بەگوڕێکی بەردەوام لە کارەکانیدا دەبینرێ.

لە سەرهەڵدانی کۆڤید-١٩ وە، ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی واژۆ کرد تاکو زانیارییەکان بنەمای ڕاستگۆیی ون نەکەن. ویکیپیدیا تاکو ئەمڕۆ سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی داتا و زانیارییەکان، ڕاژەکار و ئامرازەکان بەردەوام نوێ دەکاتەوە.

بەشی کوردی

بەشە کوردیەکەی ویکیپیدیا لە ٧ی کانونی دووەمی ٢٠٠٤ دا بە ھەوڵی ڕایمەر (ئەرداڵ رۆناھی) دامەزراوە. بەندە، ئاراس نوری هاوکاریم کرد لە دانانی زمانی سۆرانی و كاری وەرگێڕانی ویكیمیدیام كردوە بۆ سۆرانی، لە ٢٨/١٢/٢٠٠٧ دا بەڕێوەبردنی سیستەمەكە بەسۆرانی زیادكراو.

ئەمڕۆکە خۆشبەختانە ئەو پرۆژەیە بەهۆی چەند کەسێکی لەخۆبردەوە، خۆبەخشانە بەڕێوەدەبرێت. بەردەوام بابەت و وتاری نوێ و جۆراوجۆری تیا دادەنرێت. خەڵکانێکی کەمیش لە بۆنە و ڕووداوەکاندا ڕووی تێ دەکەن و بابەت دەنووسن[٢]. جێی دڵخۆشییە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، کورد لەم گەشەپێدانە دوانەکەوتووە، بگرە لە ویکیپیدیا بە سێ شێوەزار سەرهێڵە. هیوادارم هەورامی ولوڕی و  ئەوانی تریش لە داهاتووی نزیکدا لەوێ جێ بگرن و فەرهەنگ و زانیارینامەی خۆیان جێگیر بکەن. 


چالاکی من لە ویکیپیدیا
لە سەرەتای دروستکردنی شێوەزاری سۆرانی، کەمێک چالاکیم تیدا کردوە، بەخۆشحاڵیەوە بەشێکن لە مێژووی بەشی کوردی. لە زووەوە هەوڵم دا پەیامی (پێکهێنانی زانیارینامەیەکی ئازاد) بگەیەنم، ئەبوو لە ٢٠٠٧ دا سەردانی بەڕێز (فەلەکەدین کاکەیی - وەزیری ڕۆشنبیری)ـم کرد، کە ئەوسا ئەویش خەمی کۆکردنەوە و دروستکردنی ئینسایکلۆپێدیایەکی دەخوارد بە زمانی کوردی. نامەیەکم بۆ جێ هێشت لەسەر گرنگی و باسی سەرهێڵکردنی زانیارینامەیەک. کە دواتر لە گۆڤاری (هەرێمی کوردستان) کردمە بابەتێک لەسەر ویکیپیدیا[٣]. دواتر لەساڵی ٢٠٠٩ دا لە شاری نوێرنبێرگ کۆڕێکم بەست لەسەر ویکیپێدیا و چۆنێتی هاوبەشیکردن تیایدا. هەمان کۆڕم لە سلێمانی دووپات کردەوە لە ساڵی ٢٠١١ دا[٤].

ویکیپیدیا پرۆژەیەکی مرۆڤایەتیە، پشتیوانی هەبوون و بەردەوامی دەکەم، ئاواتەخوازم کە وەکو ئەڵمانەکان، خەڵکی زمانەکانی تریش، گرنگی تەواوی پێ بدەن، بەتایبەتی هاوزمانانم.

تێڕوانین لە بەشی کوردی
کورد تێگەیشتنی جۆراوجۆری هەبوو، سەرەتا لە زۆر خەڵکم دەبیست کە ناوەڕۆک و دەقەکان زۆری نادروستن و ناکرێت پشتی پێ ببەستین وەکو سەرچاوە، یان هەندێک ڕووداوی مێژوویی دەستکاری گێڕانەوەیان کراوە و ناکرێ لەویا کراوە بن بۆ دەستکاریی، و زۆر هۆکاریی تریشیان دەهۆنیەوە کە هەندێکی ڕاشکاوانە دەبێت بڵێم لەگەڵ شێوازی هزر و مامەڵەی کورددا هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرا. بەگشتی، نەناسراوبوونی بیرۆکە و فەلسەفەی دانانی ویکیپیدیا لای زۆربەی کوردەکان تەنانەت شارەزایانی بواری ئایتیش، کێشەیەکی گەورەیە[٥].

خودی تۆمارکردنی مێژوو و جێپەنجەی بەشداربووان، پێداچوونەوەی بەردەوام و هەڵەدۆزی ئامێر، بەردەوامی خەڵکی دڵسۆز و پشتیوانی بەخشین ئەو لێکدانەوانەی هەموو پووچەڵ کردووە، لە ڕاستیدا ئێمە دیوێکی تەسکی زانیارینامەکەمان لەبەرچاوە و تەنیا تەماشای بەردەمی خۆمان دەکەین. چونکە بوونی زانست و وێژەی کورد و کوردستان چەسپاندنی ناسنامەیەکی نێونەتەوەییە. ئەمڕۆ بەهۆی ئامێرەکانی وەرگێڕان و ڕەوتی خۆکارانەی چاککاریی و زمانەوانی هەموو ناوەڕۆکی بەشەکان لە چەند خولەکێکدا دەخاتە سەر زمانە جۆراوجۆرەکان. ئەو گرفتانەش تەنیا هی کورد نین، خەمی جۆرێتیی وتار و نووسراوەکان کە بە ٢٨٠ زمان هەن، خەمێکی گشتگیرە[٦].  ئێمەی کورد هاکەری ویکیپیدیاشمان هەبووە[٧].


نووسین و تەختەکلیکی کوردی
یەکێک لە گرفتە بەردەوامەکانی بڵاوکراوەکان لە ویکیپیدیا، بەکارنەهێنانی پیتەکوردیەکانە. زۆر لەوانەی کە لەسەر تەختەکلیلی عەرەبی دەنووسن، ئەو پیتانە بەکاردێنن کە لە تەختەکلیلی کوردیدا نیە. لە ڕووی ڕێزمان و پیادەکردنی ڕێنووسی زمانی کوردیەوە نووسراوەکان لاوازن، بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی بەشی کوردی زۆر دەناڵێنن بەدەست ئەم گرفتانەوە کە کۆتایی نیە. پێویستە کە جارێکی دی گشتاندان چالاک بکریتەوە و تەختەکلیلەکان بناسێنرێنەوە[٨].



گەشەپێدانی زانیاریینامە بە زمانی کوردی (پەیامێک بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان)


گرنگیدان بە ویکیپیدیا

ئامارەکانی ویکیپیدا خۆیان دەدوێن. لە زۆربەی وڵاتان، ویکیپیدیا بووە بە سەرچاوەی زانیاری، پڕترین خوێنەری هەیە، ڕۆژانە بابەت و زانیاریی نوێی تیا کۆ دەکرێتەوە، پرۆژەکانی فێرکردن و کتێبخانە و فەرهەنگ کە بە چەندین زمان بەردەستن، لەگەڵ ئامێرەخۆکارییەکان و تەکنیکە نوێیەکاندا لێکدراون، کە سامانێکە و فەرهەنگێکی زیندووە بۆ هەموو گەل و زمانێک. پێویستە حکوومەتی هەرێم پشتیوانی خۆی بە کردەوە بۆ ئەم پرۆژەیە بسەلمێنێت.


ژێدەرەکان

[١] ویکیپیدیا بوو بە ١٠ ساڵ - چاوپێکەوتن

[٢] محەمەد سەردار - لە یادی ٢٠ ساڵەی ویکیپیدا / ڕادیۆی ڕووداو

[٣] گۆڤاری هەرێمی کوردستان - بابەتی: گەشەپێدانی زانیاریینامە بە زمانی کوردی (پەیامێک بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، ژ.٥١٥ و ژ.٥١٦.

[٤] ویکیپیدیا چیە؟

[٥] کێشەکانی ویکیپیای کوردی - ئاسۆ مەحمودی

[٦] جۆرێتی ناوەڕۆک و نووسینەکان لە ویکیپیدیا

[٧] کورد ویکیپیدیاش هاک دەکات

[٨]  گشتاندنی پیتەکوردیەکان لە کۆممپیوتەر دا




No comments :