Thursday, December 10, 2020

بیرەتەکنیکیەکانم


خۆپیشاندانی پاییزی کۆرۆنا

یوتیوب خەریکی سڕینەوەی درۆ و پڕوپاگەندەکانی ترەمپە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا بڵاوی کردونەتەوە. حەمە دەیوت ئاخۆ موسووڵمانێک نیە درۆکانی #طوووط بشارێتەوە لە ڕایەڵەدا؟

هەرکات ئەپڵ دەستکاریی پاراستنی بەکارهێنەران دەکا، وەتسئەپ و پێڕەکەی کێچ دەکەوێتە کەوڵیان، دەڵێن ناشکە لە خۆی بەشکە.

ماوەیەکە (بیتکۆم Bitkom) خەمی لێ هاتووە، دەڵێ برێکست بەڕێکی نەڕوا وەرچەرخانی خراپ ڕوو ئەدا لە ئەوروپادا، حەمە دەڵێ ئێمە خەممان نیە، نەک برێکست، کورئیکستیش ببێ بازاڕمان وەکی خۆی گەرمە، ٩٢%ی ڕیفراندۆمیش پارێزراوە. دەڵێن (فێربوون بە قووڵی deep learning) ئامرازێکی نوێی لۆ چێ کرایە پەرەپێدەر خەنی دەکا، ئەگەریش وەکو کابرا پلیکانەکان دەپەڕێنیت و باز هەڵ ئەدەیتە کۆتایی ئەوا لە گیت بیبینە.

لەوێبەوە: مایکرۆسۆفت کۆمەڵێک داشکانی نوێی کردوە لە Azure و بلوزە ناشرینەکانی، ئەگەر ئەوەی چاوگت کڕیوە ئەوا باشتر.

لە نرت نووسراوە، تاکو فلتەر بشکێنیت، بۆ vpn بگەڕێ و دایمەزرێنە. حەمە هاتوە ئەڵێ "ئەی ئەگەر ئینتەرنێت کوژایەوە بۆ چی بگەڕێم؟"، وتم حەلی نیە مەگەر وەکو خۆپیشاندەران ترافیک لایت بشکێنی یان وەکو چەکدارەکە بە بی کەی سی تەقە لە خەڵک بکەیت. موحەلیلێکی ئایتی دەڵێ بۆ وەکو کازاخستان ناکەن، مۆڵەتنامەیەک لەسەر وێبگەڕەکان دابنێن کە بێ ئەوە هیچ تۆڕێکی وەکو تویتەر، وەتسئەپ و فەیسبووک نەکرێتەوە، ئەوسا چاودێری و کۆنتڕۆڵی وەزعەکەش دەکەن. وتم ئەوە حکومەت، ئەی خەڵک چی بکا؟ حەلێکی تریشمان هەیە بۆ خەڵکی، ئیتر لەمەودوا سەرهێڵ خۆپیشاندان بکەن، حکومەتە ئەلیکترۆنیەکەش تاقی دەبێتەوە و مۆدێرنیشە.

بەقسەی ڕۆیتەرز بێ، ئەو سەعاتەی لە تایوان کارەبا بڕا، هیچ کاریگەری ناکاتە سەر بەرهەمهێنانی خەپلەی مایکرۆیی. حەمە دەڵێ ئینجا ئەوە چیە، لای ئێمە بە هەفتەش کارەبا نەبێ مەعمەلی ڕووبەهەنارەکە ناوەستێت. گوێم لە مەلایەک گرت لە وتاری جومعەدا، ئەیوت (زینای ئەلیکترۆنی) هیچی فەرق نیە لەگەڵ زینای ترا.

ئەگەر بڕوات بە پۆدکاستی چاوگ نیە، ئەوا گوێ لە هی ئەپڵ بگرە، بزانە کاتژمێرەکەیان بۆ هێندە سەرکەوتووە. ئەگەر تاکو ئەمڕۆ بایەخی تەکنۆلۆجیات نەزانیوە، ئەوا گوێ لە ئەڵقەی چلویەکەم بگرە، لەوێ بۆت دەردەکەوێت کە ئایتی بەشێکە لە خۆێندەواری ئەوەی ئایتی نەزانێ نەخۆێندەوارە.

ئەمڕۆ هەواڵێک هەبوو، کە (هێرشی ئەلیکترۆنی cyber attack) دژی دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنی پێکوتەی (ڤاکسین) بایۆنتێک و پفایزەرر ئەنجامدراوە، دەیانەوێ دوایان بخەن لە وەرگرتنی مۆڵەتی لێدانی پێکوتەکە. پێ دەچێ قەیرانی کۆرۆنا وا زوو تێ نەپەڕێ و ٢٠٢١ لەمساڵ خۆشتر نەبێ.