واتە، تۆ پێویستە پێش ئەلیکترۆنی کردنی سیستەمێکی دیاریکراو، هەنگاوەکان و ناوەڕۆکیان ڕێک بخەیتەوە. ئینجا لەسەر سیستەمە ئەلیکترۆنیەکە و بەشێوازێک کە ئامانجی (بەرچاوڕوونی، ئاسانکاریی، بنەبڕکردنی گەندەڵی) یان ڕەوتی دیجیتاڵکردنەکە بهێنێتە دی.
جارێکی تر، ئەگەر سیستەمێکی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەیەکدا کە بە کاغەز و قەڵەم بەڕێوەچوو، پڕ بوو لە کێشە و هەل بۆ مشەخۆران کە گەندەڵی تیا بکەن، ئەوا بە دیجیتاڵکردنی ئەو سیستەمە، سیستەمێکی ئەلیکترۆنیت ئەداتێ کە هەمان ئاکار و شێوەی کارکردنیت ئەداتێ، تەنیا جیاوازی لە نەمانی کاغەزدایە.
لەسەر سیستەمی ئەلیکترۆنی، فروانکردن و زۆرکردنی ڕاژە ئاسانترە وەک لە سیستەمی کلاسیکی کاغەز و قەڵەم. لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا چاودێریی هەنگاوەکان هەیە، هاووڵاتی هەردەم ویستی بزانێ مامەڵەکانی بەکوێ گەیشتوون، لە ڕێی ڕووکارێکی فەرمانگەکەوە دەتوانێت بە چەند کرتەیەک بیبینێت. هەندێک سیستەم پەیامی ئاگادارکردنەوەت ئەداتێ کە مامەڵەکەت لە کوێدایە و پێویستی بە چ بەڵگەنامە و داخوازییەکی تر هەیە. تەریب بەم ئاکارانە، سیستەمی دیجیتاڵ ڕێ نادات لەو هەنگاوانە لا بدەیت کە بۆت دانراوە و ڕێگەت پێدراوە. کارمەندێکی پاسەوان ناتوانێ کاری بەشی تۆماربکات، ڕێ پێدراو نیە، هاوکات بەڕێوەبەری خۆجێی ناتوانێت بێ دانانی بەڵگەنامە کاری هاووڵاتیەک بەڕێ بکا، چونکە سیستەمەکە هەڵەی پیشان ئەدات، بەکوردیەکەی دیجیتاڵکردن پشتیوانیەکە بۆ چاکسازی، هەم لە ڕووی شێوازی بەڕێکردنی مامەڵە و ڕاژەکان و هەمیش لە ڕووی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چاودێریکردنەوە.
سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دەزگاکانی حکومەتدا، لەسەر ڕێسا و یاسای باری تاکەکەسی و بنچینەی ڕاژەکانی هاووڵاتیان بنیات دەنرێت. هیچ هەنگاو و ڕووکارێک لە سیستەمەکەدا بەدڵی دروستکەری سیستەمەکە یان بەڕێوەبەری دەزگاکە نابێ، بەڵکو بەگوێرەی یاسای ڕێ پیدراوی حکومەت ساز دەدرێت و جێبەجێ دەبێ. ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ هەنگاونان بەرەو چاکسازی بە بەگەڕخستنی تەکنۆلۆجیا. هاووکات دادوەریی کۆمەڵایەتی دەچەسپێنێ، چونکە لەسەر یاسا و بەندی یاسایی دروست بووە، هەمووشمان لەبەردەم یاسا یەک ئاستین، گۆڕین و پێشخستنی سیستەمەکەش بەهەمان شێوە، لەسەر بەندی یاسایی دەبێ. یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی ئەمڕۆکە باسی لەسەر دەکرێ لە دونیای تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، پرسی پاراستن و هاتوچۆی داتا و زانیاریی هاووڵاتیانە. ئەمەش دیسان پێویستی بە یاسا و بڕیاڕی پەرلەمانە. تەکنۆلۆجیا ڕێی پاراستن و (کۆنووس protocol)ی نهێنیکردن دەخاتە بەردەست، بەڵام یاسا بڕیار ئەدا، داتاکان چۆن و بە چ دەزگایەکدا تێپەڕ دەبن، بەگوێرەی یاسا داتای هاووڵاتی لەم وەزارەت بۆ ئەویتر بە (ڕایەڵە network)کاندا تێپەڕ دەبێ. هەواڵدز و (تێکشکێنەر hacker) لەسەر ئەو بەندە یاساییانە سزا دەدرێن.
خاڵێکی گرنگ هەیە لە جێبەجێکردندا؛ نابێت سەرچاوەی کۆد و بەڵگەنامەکانی سیستەمێک شاراوە و (نهێنی encrypt) بێ. کۆمپانیاکان دەچن سیستەمێکی ئامادە دەکڕن بۆ کارگێڕیی و ڕێکخستنی کاری دامەزراوەیی، یان بەکرێ لە (ڕاژەکار server)ـێکەوە دەیگرن، بەڵام سیستەمی حکومی لەبەر پاراستن و سیاسەتی کارکردن دەبێت سەرچاوەکانیش لای خۆی ئاشکرا بێ. نەک لەبەر پەرەپێدان و خستنەسەری (پابەندی function)ـی نوێ، بەڵکو لەبەر پاراستن و دڵنیابوون لە بەردەوامی ڕاژەکان. نموونە زۆرە کە لەنێو حکومەت و وڵاتانی دونیادا ڕوویانداوە، بەهۆی سیستەمێکی (نەرمەواڵە software)، بەشاراوەیی داتا و زانیاریی دەگوێزریتەوە و بۆ سیخوڕی و چاودێریی قواستراونەتەوە.
ڕەوتی دیجیتاڵکردن، پشووی درێژی دەوێت، تاکو تەواو هەموو دەزگاکان لەسەر سیستەمێکی ڕێکوپێک جێگیر دەبن و ڕا دەهێنرێن، بۆی هەیە چەندین ساڵ بخایەنێ. سوود وەرگرتن لە تاقیکاریی گەلان و چاولێکردن لە لێکۆڵینەوە ئاکامەکانیان بایەخی تەواوی هەیە و هەنگاوەکان پوختەتر و سازدراو دەهێڵێتەوە. ئەوەشمان لە بیر بێت، تۆ ناتوانیت تەواوی سیستەمی وڵاتێک بخەیتە ئەستۆ و لە شوێنێکی دی جێبەجێی بکەیت، بەڵکو لە شیتەڵکاریی و هۆنینەوەی ئامانجەکاندا سیستەمەکان هاوبەشن، لەمەوە دەتوانرێت شارەزایی لە بەدی هێنانی ئاکامێکی چاوەڕوانکراو ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت.
هەڵەیەک هەیە کە زۆر شوێن - بەتایبەتی حکومەت و وەزارەتی نەخشەدانان، پێیان لێی دەخلیسکێت، ئەویش دانانی دراو وبودجەی پرۆژەکانی دیجیتاڵکردنە. پێش هەموو شتێک، بەدانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و ڕایەڵەکردنی ڕەوتی دیجیتاڵکردن کۆتایی نایەت، تۆ ئەگەر گوژمێکت خەرج کردبێ لەم هەنگاوەدا، دەبێ دوو گوژمی تریش بۆ بەردەوامی و گشتاندنی بەڕێکوپێکی خەرج بکەیت. ئەمە بەدرێژی لە بەشی داهاتوو لەسەری ئەدوێم.
کۆتایی بەشی دووەم.
بڕوانە بەشی یەکەم - دیجیتاڵکردنی دارایی