Tuesday, September 01, 2020

بەگەڕخستنی تەکنۆلۆجیا لەپێناو سەرخستنی خوێندن


پەککەوتنی ڕەوتی خوێندن بەهۆی فایرۆسی کۆڤید-١٩ لەسەرتاسەری جیهان پەستانێکی نوێی لەسەر تەکنۆلۆجیا دروست کرد، کە ڕێگەی نوێ و ئاسانکاریی تەکنیکی بۆ بەستنەوەی فێرخواز و هۆڵەکانی خوێندن بهێنێتە کایەوە.

لە هەندێک وڵاتدا ئەمە خاوتر دەبینرێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پاراستنی ژیان، تەزووی کارەبا و ئاویان بە بەردەوامی بۆ دەستەبەر نەکراوە. تۆ کاتێک رایەڵەیەکی کۆمپیوتەرت دەبێت کە گرفتی تەزووی کارەبات نەبێ، ناکرێ ئەم گەڕەک سەرهێڵ بن و منداڵەکانی بخوێنن، ئەویتریش چاوەڕێی سەرەی کارەبا بێ. لەم کاتەدا هەبوونی سیستەمێکی دیجیتاڵ بۆ فێرخوازان نادادی پێوە دیار دەبێ. بریکاری ئەمەش گەڕاندنەوەیە بۆ کاغەز و چاپی سەر وەرەقە.

ڕاستە ڕێگریی زۆرن بۆ وانەی دیجیتاڵ و خوێندن لەماڵەوە، بەڵام دەکرێت وەکو ژێرخانێکی بەهێزیش بۆ زۆربارودۆخی نالەبار ئەم سەکۆیە دابمەزرێنرێت و کاری بۆ بکرێت. هیچ شتێک بێ پلە و قۆناغ تێپەڕ نابێ، تۆ ناتوانیت لە ماوەیەکی کورتدا ببیتە خاوەن سیستەمێکی دیجیتاڵ و بێ هەڵە، سیستەمێک کە خواستەکانی خوێندن بپێکێت دەبێت بە چەند قۆناغێک دروست بکرێ و تاقی بکرێتەوە.

وەکو کاردانەوە بەرانبەر (ڤایرۆسی کۆڤید-١٩) لە ئەڵمانیا بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ژوورەکانی خوێندن، پۆلەکان کران بە دوو بەشەوە، هەر بەشەو هەفتەیەک سەردانی قوتابخانەی دەکرد، ئەوانەی لە ماڵەوەبوون، بەشی هەفتەیەک ڕاهێنان و ئەرکی ڕۆژانەیان پێ دەسپێردرا، سەرەنجام سەرکەوتووانە قوتابی خوێندنی ساڵێکی بڕی، هاوکات کەمێک گەڕایەوە کەشی خوێندن. دیارە بۆ زۆر شوێنی تریش ئەم دابەش کردن و شێوە هاتوچۆیە باشتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو قوتابخانەیەک شیکاری دیجیتاڵی پێشکەش کرد، مامۆستاکان لەسەر بەرنامەی خوێندنی دیجیتاڵ وانەکانیان دەوتەوە، ئەگەرچی هاتن و بەشداری لەسەرەتادا تۆپزی نەبوو، چونکە ئامارێک لەبەرچاوی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکان نەبوو کە کێ توانای سەرهێڵی هەیە، کێ ئینتەرنێت و ئامێری تەواوی هەیە بۆ چوونە ناو سیستەمی خوێندنی سەرهێڵ. کاتێک دەرکەوت ٩٠% بەرەوژوور گرفتی نیە، ئەوکات کرا بە تۆپزی و ١٠%ی تریش بە بەردەست خستنی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر هاوکاریی کران.

لە ڕاستیدا دەیان ئامراز و بەرنامە هەن کە هەموو ڕاژەکان و بەشەکانی قوتابخانەی تیادا ساز دراوە، تاقیش کراونەتەوە، هەندێکیان (سەرچاوەکراوه open source)ن خۆڕایین،  دەکرێت ڕاستەوخۆ زمانی کوردیان بۆ زۆر بکرێت و دابمەزرێنرێت. هەندێکیاشیان بە دراوێکی کەم دەتوانرێت بەشی نوێیان لەسەر ساز بدرێت و بەگوێرەی ڕێسا و خواستی شێوەی خوێندن دەستکاریان بکرێت. بەرنامەکانی وەکو (تیم Team)، (زووم Zoom) و( جیتسی  jitsi) و هیتر زوو بوونە شیکارێک بۆ زۆر لە دامودەزگاکان و لە بواری خوێندنیشدا ڕۆڵێکی باشیان گێڕا بۆ دروستکردنی ژووری خوێندن لە کۆمپیوتەردا.

سیستەمێکیش بە خواستی خوێندنی وڵات دروست بکرێت، ئەوا بێگومان دەبێت هەموو ئامزار و ڕاژەیەکی تیا بهۆنرێتەوە و ئامادە بێ، لەم حاڵەتەدا بێگومان کات و دراوی زۆرتر پێویستن.

تەکنۆلۆجیا چەندین ئاسانکاریی بۆ خوێندن فەراهەم کردوە، تەنیا لە خوێندنی سەرهێڵ قەتیس نەماوە. بەڵکو بۆ هەموو هەنگاو و پێداویستیەکی مامۆستا و فێرخواز بەرنامە و سیستەمی ئەلیکترۆنی چێکراوە. مامۆستا پێویستە بەهەنگاوی داڕێژراو ئەو جۆرە ئامراز و سیستەمانە بە فێرخوازان بناسێنێ، ڕاهێنانیان پێ بکا. ئەمە بۆخۆی هەنگاوێکە بەرکەوتن و ناسینی سیستەمەکان ئاسان دەکات، دواتر بڕیاردانیش بۆ دیجیتاڵکردن وەڵامدانەوەی ئەرێنی دەبیت.

ڕەوتی دیجیتاڵکردن تەنیا بە دابینکردنی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی قوتابخانە و وانەی سەرهێڵ کۆتایی نایە، بەڵکو ئەوە بەشێکە لە سیستەمەکە و ڕاهاتن و بەگەڕخستنیان بنچینەیە بۆ تەواوکاریی سیستەمی ئەلیکترۆنی، کە دواتر لەگەڵ پەروەردە و بەشەکانی تری ڕێکخستنی کاری قوتابخانەکان لە ڕایەڵەیەکدا کۆدەبنەوە.

هەروەها بڕوانە (خوێندن لە سەردەمی کۆرۆنا)