Tuesday, June 28, 2022

بیرە تەکنیکیەکانم


بیرە تەکنیکیەکانی ساڵی کۆڤید و دیجیتاڵکردن


ئێوارەیەک حەمە لە کەنەداوە تەلفۆنی کرد لە ڤایبەرە حەیاتەکەوە، وتی وەرە نۆکاو دەخۆین! وتم چۆن، نۆکاویش بووە بە دیجیتاڵ؟

برادەرێکی ئایتی هێندە پرۆژەی دەستپێکردووە و تەواوی نەکردووە ناویان لێناوە حکوومەت.

لەسەر جولیان ئەسانج (دروستکەری ویکیلیکسبرادەرێک نووسیویەتی؛ "ئەگەر ئەسانج ڕادەستی ئەمەریکا بکرێت ئەوا ئازادیی ڕۆژنامەگەریی نامێنێت."، یەکێکی تر دەڵێ؛ "ئەمەریکا بەمە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات."، ئینجا زۆر قسەی تریش دەکرێت لەسەر دادگای بەریتانیا و ئەمەریکا، حەمە دەڵێ بەوەدا بزانە کەس ئاگای لە پیشە و کاری ئەمەریکییەکان نەبووە لە عێراق و ئەفغانستان، خۆ بەوە نییە کە هەموو شتێک دیجیتاڵە و لە فەیسبووک و یوتیوب بەردەستە.

ئەڵمانیا پێی وایە ئەوەی بۆ پاراستن و دژەڤایرۆسی کاسپەرسکای بەکار بهێنێت ئەوا هاککراوە و بەخۆی نەزانیوە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە ئەم کۆمپانیا ڕووسییە، هەموو متمانە و سەروەرییەکی لەدەستداوە و ناتوانێت لە بازنەی دەسەڵاتی حکومەتی ڕووسیا بێتە دەرەوە.

حەمە وتی لەسەر وەرگێڕەکەی گوگل، بەستەرێکم دانا، باسی سەر ڕووتانەوە و کەچەڵی بوو، لە ئەڵمانییەوە بیکات بە کوردی کەچی مێژووی بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی لە ئێن ئار تی پێ وتم

Quelle: https://www.smarticular.net/tipps-und-mittel-gegen-graue-haare/
Copyright © smarticular.net


ئەو ڕێکەوت و ئێن ئار تیە چیە لەویا؟

تۆ بڵێی ژیری دەستکرد بێ یا وەرگێڕەکە زیرەکە؟

هەر لەسەر وەرگێڕان، لە فەیسبووک بژاردەی دامێ هەواڵی لەدایکبوونی ژنێک کە بووە بە ٤٧ ساڵ بکەمە کوردی، منیش قایل بووم، کەچی نووسرابوو بووە بە ٩٠ ساڵ. ئێستا بەشکم، تۆ بڵێی وەرگێڕانەکە هەڵە بێ یا خۆی بچووک کردووەتەوە؟

لە قاوەخانەیەک گوێم لێبوو، دەیانووت مەترسی دیجیتاڵکردن زۆرە لەسەر داتاکانمان، کەوابێ بۆچی حکومەت پەلەیەتی ببێت بە دیجیتاڵ؟ لە مێزەکەی پشتەوە هاکەرێک دەنگی بەرزکردەوە؛ ئەو سیستەمەی دارایی هاک دەکەم و پارەی پەرلەمانتار دەکەمە سەد دینار، ئەبینن.

هەر لەسەر دیجیتاڵکردن، ئەوەتەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دروست بووە، باسی هێرشی ئەلیکترۆنی و پاراستن زۆرتر بووە. پاش ئەوەی کە ڕووسەکانی سیستەمی لیتوانیایان تێکشکاند بە هێرشی DDoS، ئیتاڵییەکانیش وتیان ئەو رووسانە ئەمانیان نیە، خەریک بوون (Eurovision Song Contest)یش تێکشێنن، بەس نەمانهێشت.

لە پێشانگایەکی کۆمپیوتەر فلاشمیمۆرییەکم لە کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بەدیاری وەرگرت، لێی نوسرابوو مەید ئین چینا.

حەمە وتی ئەوەتەی کۆرۆنا پەیابووە، تەعەزییەش بووە بە دیجیتاڵ، ڕۆژی دە سەرخۆشی دەنێرم. بەس تێناگەم بۆ هەندێک کەس هەواڵی مردنیش لایک دەکەن؟








No comments :