بەڕێوبەرایەتی خزمەرگوزاریی..
- بەیانیت باش گەورەم..
+ بەیانیت باش، فەرمو دانیشە. کاک کەنعان داوات کردووە ١٢ ساڵی پێشمەرگایەتی و خەباتت بۆ بکرێت بە خزمەت و لەسەر میلاکی حکومەتی ھەرێم تۆماربکرێت..
- بەڵێ ڕاستە قوربان.
+ مافی ڕەوای خۆتە و ئێمە لەخزمەتی ئێوەداین، ئەم کەشەی ئێستا ئێوە ڕەخسانتان بۆ ئێمە. وا من ئیمزای دەکەم بیبە بۆ ژووری ئەمدیو تا کارەکانی تری بۆ بکەن.
- دەستخۆش، ئەی بۆ مەسەلەی زەوییەکە...
+ ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بڕۆ بۆ بەڕێوبەرایەتی زەوی و زار..
بەڕێوبەرایەتی زەوی و زار..
+ فەرموو کاک کەنعان دانیشە.
باجی.. باجی دوو چای جوانمان بۆ بھێنە. داوای پارچە زەوییەکت کردووە، و شتەکانیشت بەڕێکوپێکی پڕ کردۆتەوە..
- بەڵێ.
+ لەبیرت ماوە کەی پەیوەندیت کرد بە ڕیزی پێشمەرگەوە؟
- بەڵێ قوربان، ھەموویم نوسیووە.
+ ئێستا لە کوێ دەژیت و چەند سەر خێزانن..
- لەگەڵ ماڵی باوکما دەژین و چوار سەرخێزانین، دوو کچم ھەیە.
+ کاکە کەنعان، ئێمە لە سێ شوێن زەوی دابەش دەکەین، تۆ بڕیارت داوە لە کویا خانوو بکەیت؟
- بەڵێ، لەوانەی شەھیدان زۆر چاکە، نزیک ماڵی باوکمە..
+ زۆر باشە، وا من ئیمزام کرد. لای کاک کەمال نەخشەی زەوییەکان ھەیە بڕۆ تەماشای بکە و با دانەیەکت بۆ دیاری بکات و ھەر ئەو ڕێ و ڕەسمی تاپۆ و شتەکانی ترت پیشان ئەدات..
- دەست خۆش زۆر مەمنونم.
+ ئەو پرسیارانە ڕۆتینی بوون، بۆ معامەلەکانت پێویست بوون، ئەگینا نامەکەی کاک شێخ کفایەت بوو، سڵاوی منی پێ بگەیەنە.
- زۆر مەمنون، ئەی وەک بزانی بۆ مەسەلەی خوێندن ؟
+ ئەوە باشترە لە پەروەردە پرس بکەی، من ھیچ نازانم...
بەڕێوبەرایەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ...
+ کاک کەنعان بەڕێزت نیازی تەواوکردنی خوێندنتە؟
- بەڵێ، گەر بۆم بکرێ زۆرم حەز لێیە..
+ پێش پەیوەندی کردنت بە شۆڕشەوە تا پۆلی چەندت تەواو کردبوو؟
- پێنجی ئامادەییم تەواو کردبوو.
+ کەواتە ئەبێت شەشی ئامادەیی تەواو بکەی و بڕوانامەی بەکەلۆریت ھەبێت ئینجا
- ئەی ناکرێت بێ ئەوە، خۆ من بەتەمای کۆلیجی یاساکەم...کاکە شێخ بۆی نوسیویت..
+ نا ناکرێت، ئەبوو لە معامەلەکانتدا بتنوسیبا کە شەشت تەواو کردووە، و شەھادەکەت فەوتاوە. ئەوسا قسەی کاکە شێخیش لەسەر سەرم بوو.
- کەواتە ئەمە بدڕێنم و سەرلەنوێ...
+ بەڵێ، ھەر بیھێنەرەوە لای خۆم، ھەموویت بۆ تەواو دەکەم.
- زۆر مەمنونم، ئەی پرسیارێک، پاش ڕاپەڕین من دوو ساڵ دەرسم وتۆتەوە لە پێنجوێن، و مامۆستابووم، ئێستا ناتوانم لەشار ببمەوە بەمامۆستا؟
+ داوای لێبوردن دەکەم، ئەوەیان نازانم، بڕۆ بۆ پرسگە کاک مستەفای لێیە ئەو وەڵامی لایە..
ووردە ووردە کەنعان دامەزرایەوە، توانی ژیانی ئاسایی خۆی بگوزەرێ، و لەسەر "بودجەی حکومەتی ھەرێم" مەسرەفی خوێندنی بۆ کرا، دەستی کاکە شێخیش خۆشبێت، نامە و پاڵپشتییەکانی مافی خەباتگێڕێکی وەرگرت.