Friday, February 20, 2004

ئیمزاکەی نەنکم

ڕۆژێک کابرایەک لەدەرگای ماڵی نەنکم ئەدات، ئەوکات نەنکم خواعافوی بکا ٧٢ ساڵ بوو، کابرا پڕووپاگەندەی تابووت و ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی ناشتنی مردوو دەکات بۆ دامەزراوێکی بچووک، نەنکم مۆڵەتی پێ ئەدات و دەیکاتە ژوورێ، بە قسەی باق و بریق نەنکم ئەفریوێنێ..

نەنکم ڕێکدەکەوێت لەگەڵیا، کە مرد دامەزراوەکەی ئەوان، لاشەکەی وەربگرن و بەو داخوازیانەی کە نەنکم پێی خۆشە تابووتەکەی بۆ دروستبکەن و ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنەکەی بۆ ساز بدەن.. نەنکم ئیمزای دەکات. بێگومان کابرا دەڵێت کە ناتوانێت نرخ بنوسێت و پێی بڵێ چەندی تێدەچێت، چونکە خوا دەزانێ "نەنە" تاکەی دەژی، ئەو کاتەی ئەو دەمرێت نرخەکان کەم و زیاد دەکەن. ڕێک دەکەون لەسەر نرخێک (دە ھەزار دۆلار) کە لەوە زیاتر نەبێت لەھەر سەردەمێکدا بمرێت، ئەوکاتە زۆر بەکەمتر دەکرا.

ئەم ئیمزایە بوو بە بەڵا. پاش تێپەڕبوونی ٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنە نەنکم مرد، وەک ھەموو کەسێکی تر ناوی درا بە ڕۆژنامە و ناشتمان، ڕۆژی دواتر باپیرەم تەلفۆنی کرد، نازانم چی بەدایکم وت، خێرا خۆی پێچایەوە و وتی پۆلیس لای باوکمە ئێستا دێمەوە..

بەھەر حاڵ، پاش ٢ ڕۆژ تەرمی نەنکمیان لە گۆڕەکەی دەرھێنا و شەریکەکە تابووتی نوێیان بۆ کرد، لەسەر خواستەکانی ‌ نەنکم لەکەنیسە بە ئاواز و خوێندنەوەی دوعا و..ھەموو ئەو شتانەی تر کە لە ڕێککەوتنەکەدا نووسرابوو، ھەمووی بۆ جێبەجێ کرا، بێ ئامادەبوونی ھیچ کەسێک.

ھاتە سەر ناشتن، وتیان ھەشت ھەزار دۆلارمان بدەنێ ئینجا دەینێژین. نەباپیرم نە دایکم قایل نەبوون، پۆلیس و پارێزەریش سەریان لێشێوابوو. پێنج شەش ڕۆژ تەرمی نەنکم لە گەراجێکی داخراودا مایەوە، خەفەتێکی زۆرمان خوارد و چاریش نەبوو. پۆلیس ھەموو مافی ئەدا بەوان، ئێ دادگاش زۆر زۆر کاتی دەویست، سەرت نەیەشێنم لەسەر نیوەی ئەو پارەیە ڕێککەوتن لەگەڵ باپیرما، بەڵام لاشەی نەنکم بۆگەنی کردبوو، ناشتنەکەی زۆر ناخۆش بوو..

لەو ڕۆژەوە ئیمزا لەسەر ھیچ بەڵگە نامەیەک ناکەم تا چەندجارێک نەیخوێنمەوە.

لە ئەڵمانیا ڕویداوە...