Friday, April 30, 2004

کوردەکانی ئەم شارە لاپتۆپیان ھەیە



کوردەکانی ئەم شارە لاپتۆپیان ھەیە

یەکەم پرسیار پاش خوێندنەوەی ئەم ناونیشانە، "بۆ" یەکی بچوکە، کە ئەم وتارە نیوەی وەڵامەکانی ئەداتەوە
پێشینان دەڵێت "ئەوەی فێر بوو بە شیری تەرکی ناکا بە پیری"، "بە ڕیش نییە بە ئیشە".

-١-


پاش دوو سێ ڕۆژێک ڕسوایی و پەریشانیی بڕیاریی دا واز لە قومار بھێنێت. بەڵام ئەیچۆن قەرزەکانی بداتەوە، کەواتە ئەبێت بە زووترین کات ئیشێکیش پەیدا بکات.. خۆ پارەی سۆشیال تەنھا بەشی جگەرەکەی دەکات، کەدوو ڕۆژە لە ‌دوکەڵ کردن نەوەستاوە.
+ خێراترین ڕێگە بانق، پارە بھێنێت بە قەرز و مانگانە بیداتەوە، ئەمە نەبوو چونکە پاسپۆرتەکەی سێ مانگی مۆڵەتی مانەوەی لەسەرماوە.
+ لەم ڕۆژەدا کێ قەرز ئەدات بە کێ.
+ بۆ شت نەھێنم بە مانگانە و، بە نیوەی نرخ کاش بیفرشمەوە؟! کۆمپیوتەرێکی لاپتۆپ، دی ڤی دی، کامیرای ڤیدیۆ زۆر باشە..

-٢-


مەلا فەتوای دابوو زەرەر لەم خاچ پەرستانە بدرێ، گوناحە نییە.. یان لە گیرفانی خۆیەوە دەری پەڕاند گرنگ ئەوەیە ھۆیەکی بە دەستەوەیە، قەناعەتی ئەم بە شتێک ھەمیشە واتای دروستی دەگەیەنێت کەواتە ناوی خوای لێ بھێنە، پاشان خۆ ئەم بە تەمای مانەوە نیە لەم وڵاتە، ئیتر بۆ دەستی خۆی نەوەشێنێت ..!
پاش ئەوەی لە نوێژ تەواو بوو، لە مزگەوت، دانیشت بایی سێ ھەزار یۆرۆیەک لە کەتەلۆک شتی بۆ داوا کردن نووسی .. لاپتۆپ، دی ڤی دی، کامیرای ڤیدیۆ ..
ڕەحمەتتان لێ بێت گەردنم ئازاد بکەن، چونکە قەوڵم بە برایەکی تر داوە بۆ لاپتۆپەکە..

-٣-


نازانم بۆ نرخی خانوو وا زیادی کردووە، مانگی پێشوو سەودای زەویەکم کرد، ئێستا ھەزار دۆلار زیاتر داوا دەکا. بە قسەی تۆم نەکرد، ئەی باشە سێ ھەزاری نوخسان بوو خۆ وا بوو بە چوار ؟ ئینجا بە ھەر کەس بڵێم قەرزم بدەرێ بۆ خانوو کڕینمە ئەڵێ منیش بەتەمای خانووم..
بێ قڕە و بێ بڕە، دوو کۆمپیوتەر لەو جانتاکان، داوا دەکەم، ھەزار کەس مەمنونە بە ھەرزانتر بیدەمێ..


-٤-


من وتم پارەم نییە، بەڵام شتێکی وا نەم دەھێشت لەدەستم دەرچێت، بۆ ئەوەندە بێخێریی، لاپتۆپەکەم ئەفرۆشت و ئەم کڕی، ئەزانی ئەو بی ئێمە یەکاو یەک خێری دەکرد، ماڵت ئاوا بێت.
بەیانی زووتر نییە، لاپتۆپەکە ئەفرۆشم، سێ مانگە خێرم لێ نەبینیوە، ڕۆژی کرم ڕۆژێ ڤایرۆس ڕۆژێ دەنگ نەما، ھەر زەرەرە، ئەمەیان بە کوردیش نافرۆشم، کوردەکان پارەی پێنادەن وا دەزانن دزیومە.


-٥-


لە بازاڕکردن تەواو بووین، ئەھاتمە دەرەوە، حەمە بانگی کردم وتی: " وەرە، شتێکت پیشان بەم، ھاھاھاھای".
وتم: بۆ پێ ئەکەنی، وەرە سەیری ڕەسمی چی ئەکەی ھەمووی پیاوە کچی تیا نییە..
حەمە: تۆ باش سەیر بکە، ئەم کوڕە ناناسی
دەستی خستە سەر دانەیەکی تر :
حەمە: ئەی ئەمە، ئەی ئەو ڕیشنە ؟
وتم: ئەوە چییە، ئەمانە بۆ لێرە ڕەسمیان ھەڵواسراوە..؟!؟!
دیقەتم دا، نوێژکەر و قومارچی، و دووانی تر ڕەسمیان دانراوە، کە ھەر یەکەی بە تۆمەتێک لەم بازاڕە دەستگیر کراون و سزا دراون، یەکێ کارتی بانقی خەڵکی تری پێ بووە، یەکێ دزی...ھتد