Monday, April 26, 2004

دەرگا لە ماڵەکەیاندا ھەیە




لە قەراغی شار و، لە سەربانی یەکێ لە خانووە بەرزەکاندا، بێوەژنێک دەژیا لەگەڵ مناڵە خنجیلانەکەیدا، ژیانێکی ھێمن و بێوەی، ژیانێکی ساکار و بەدوور لە ‌زۆرلەخۆکردن و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر سەختی ژیان..
لەگەڵ ئەو نەبوونی و بەختە پڕ لە نەھامەتیەیدا، ھێشتا ژنە زۆر دڵشادبوو، نەداری ھیوابڕاوی نەکردبوو، بە چارەنووسی خۆی و کۆرپە شیرینەکەی ئاسوودە بوو. تەنھا شت کە مایەی ناڕەحەتی ئەم خێزانە خنجیلانەیەبوو باران بارین بوو لە وەرزی زستاندا، چونکە ژوورەکەیان، تەنھا برێتی بوو لە چوار دیوار و دەرگایەکی دار، ژوورەکە سەری نەگیرابوو، بنمیچی نەبوو..
سێ ساڵ بوو لەپاش لەدایکبوونی کۆرپەکەی بارانی لێزمە نەباری بوو، ڕۆژێک ھەورەکان کۆبوونەوە و بایەک ھەڵیکرد، بەدوایدا لەگەڵ ڕۆژئاوابووندا تاوە بارانێکی بەخووڕی ھێنا، خەڵکی ھەموو بەپرتاو ڕایان کردە ماڵەکانیان، بێوەژن و مناڵەکەشی بەرەنگاری ھەڵوێستێکی ناڕەحەت بوونەوە. ژنە تاکو کەل و پەل و کەرەسەکانی داپۆشی گیانی بوو بە ئاو، منداڵەکەی لە باوەش نا، بەڵام باوەش و سەرتاپای لەئاو نیشتبوو، منداڵە بە سۆزەوە لە دایکی ڕووانی.. دایکە خێرا دەرگای ژوورەکەی لەچوارچێوەکەی دەرھێنا و بە لاری دای بە دیوارەکەدا، ھەردووکیان خۆیان خزاندە ژێریی.

دایکە ئاھێک ھات بە دڵی داو ماچێکی تەڕی منداڵە شیرینەکەی کرد، و بە گۆرانییەوە بە منداڵەکەی دەوت: " ئەی بارانی بەختەوەری.. بە خووڕ داکە با بتنبینم.. کزە و کسپەی ئێوارانم.. بە تاو وەرە تا بتنینم"، منداڵە بە ڕوویەکی گەشەوە کە ڕەزامەندیی پێوەدیاربوو، تەماشای دایکی کرد و ووتی: "دایکە ئەو ماڵانەی کە دەرگایان نییە، ئێستا ئەبێ چی بکەن لەم بارانە زۆرە خۆیان بپارێزن !؟"، لەم ساتانەدا، منداڵەکە خۆی بە دەو‌ڵەمەند و پایەدار دەزانی چونکە دەرگا لە ماڵەکەیاندا ھەیە.