Monday, January 02, 2012

دانانی زانکۆ

پرۆژەی دانانی زانکۆ

ئەگەر بتەوێ دەوڵەمەند بیت، ڕێگە زۆرە، بەڵام ئەگەر بتەوێت دەوڵەمەندیش بیت و ناویش پەیدا بکەی ئەوا ڕێگەکان تەسک دەبنەوە و هەموو کەسێکی پیا ناچێت.
پرۆژەی دامەزراندن یا دانانی زانکۆیەک لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو پرۆژە نوێیانەی کە هاوشانی دروست کردنی گوندی نیشتەجێبوون هاتووەتە کایەوە. وا لە خوارەوە بە کورتی باسی دەکەم، سا ئەگەر پارەت هەیە و حەز دەکەیت، وەرە پێکەوە دەیکەین.
زانکۆیەکی ئەهلی، ساڵی ٥٠٠٠ دۆلار لە خوێنکار وەردەگرێ، تەنها ٥٠٠ خوێندکارت هەبێ واتە، ٢،٥ملیۆن داهاتە، پارەی بینا و مامۆستا و پێداویستییەکانی تر لە ١،٥ملیۆن تێپەڕ ناکات و هەم پێداویستی کۆمەڵگات دابین کرد، کە زانکۆیە، هەم پێداویستی گیرفانی خۆشت کە ملیۆنێک دۆلارە لە وەرزێکی خوێندندا.

هەنگاوەکانیش سانان:
- شوێنێکی دوو ژووری بە کرێ دەگری، بانگەوازێک لە بڵاوکراوەکاندا دەکەیت کە کارمەند و مامۆستات پێویستە.
- لەگەڵ چەند زانکۆیەکی بیانی پەیوەندی دروست دەکەیت، بۆ ئەوەی بڵێی زانکۆکە نێودەوڵەتییە و لە ئەوروپا و ئەمەریکاوە ڕێنومایی دەکرێ.
- داخوازییەک بدەرە وەزاراەتی خوێندنی باڵای عێراق، کۆپی بدەرەوە پارتی و یەکێتیی.
- بینای گەورەمان زۆرن، دانەیەک بەکرێ بگرە و
- دووجار لە ڕۆژنامەکاندا چاوپێکەوتن بکە و باسی دانانی زانکۆی ئەهلی و نێودەوڵەتی بکە
- دەست بکە بە وەرگرتنی خوێندکار...

ئەوەی باشە، زانکۆ حکومییەکان مامۆستایان زۆرە و پشووشیان زۆرە، لەبەر ئەوە ستافی وانە وتنەوەت هەموو دکتۆر و مامۆستاکانی زانکۆکانی حکومەت دەبن و گرفتی کوالیتیت نیە.

No comments :