Friday, February 17, 2012

یەکێتی ئازادی سۆشیالیستی

وحدة حرية إشتراکية
ئەوانە دروشمەکانی حیزبی بەعسن، ئەو حیزبەی بوو بە شێرپەنجەی ئێراق و نە یەکێتی (وحدة) و نە ئازادی (حرية) و نە سۆشیالیستیمان (إشتراکية) نەبینی لێی، بە پێچەوانەوە، هاووڵاتیانی کرد بە دوژمنی یەکتر، ئەوەی دژی ئەو بوایە لەناوی دەبرد، سامانی وڵاتی قۆرخ کردبوو و ئەو هاووڵاتییانەی لە حیزبی ئەو نەبوونایە پلە دوو و پلە سێ بوون، نە دادەمەزران و نە ئاوڕیان لێ ئەدرایەوە.

ڕۆژێک سەدام لە پێشانگایەکی هونەریدا، چاوی بە وێنەیەک کەوت (لەوەی کە دانراوە).. زۆر تووڕە دەبێت، ڕیزێک جوێن دەدات و دەڵێت:
"ئەمە کێ کردوویەتی بۆم بهێنن"، پاسەوانەکانی لەسەر تووڕەییی ئەو بە شەق و شەقازلە کابرای بۆ دەهێنن.
سەدام پڕ جوێنی دەکا و دەڵێ: "دروشمی حیزبەکەمانت بۆ لە ئاودەستدا هەڵواسیوە؟".
کابراش بە لەرزەوە دەڵێ: "گەورەم، مەبەستم خراپ نەبووە، ئاودەست هەموو ئەو دروشمانە دەپێکێت"، سەدام گوێ دەگرێ.. 
کابرا دەڵێ: "وەحدە؛ لە ئاودەستدا تەنیایت و یەکدەنگی. حوڕییە؛ ئازادیت چی دەکەی و چۆن دەیکەیت. ئیشتراکیشە؛ هەموو کەسێک، گەورە بچووک، هەژار و دەوڵەمەندیش دەچنە ئەوێ و یەکسانین و هەمان شتین"...

ئەگەرچی ئەمە نوکتەیە، بەڵام قسەکانی کابرا لۆجیکی تیا ماوە بۆ ئەمڕۆش.

ئینجا بەراورد لەگەڵ دروشمەکانی حیزبی بەعسدا، کە هیچ لەو سێ دروشمەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە کردار نەبووە، ئێستا مافی مرۆڤیش زیادی کردووە، دیوارە شینەکەش لەسەر وێنەکە شوێنی ئەو دروشمانەی مافی مرۆڤی تیا دەبێتەوە، خۆ هەر بەڕاستی لە ئاودەستدا نەبێ لە کوێی ترا مافی مرۆڤ چەسپیوە؟

No comments :