Monday, April 23, 2012

کەشتییەکان نقوم بوون

کەشتییەکان بە ئاسانی نقوم بوون

(بەرنامەداڕشتن)

زۆر جار کچەکەم بە خۆی و ئامرازێکی یاریکردنەوە لەبەردەممدا دەوەستا، ئەیوت: "بابە کەی تەواو ئەبی، وەرە با یاری بکەین"، زۆر جاریش لە لامەوە خەوی لێ دەکەوت و منیش هێشتا لەسەر مێزی کۆمپیوتەرەکەم تەقەم دەهات. ڕۆژێک پرسیاری کرد: "ئەوە تۆ چی ئەکەی، بۆ ئەوەندە حەزت لە کۆمپیوتەرە؟".

وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نەبوو، چونکە بیری ئەو هێندە فراوان نەبوو لەوە بگا کە بژێوی ژیانمان بەم کۆمپیوتەرە پەیدا دەبێت، ئەو شەونخونی و دانیشتنە زۆرە، بۆ کات بە فیڕۆدان و یاری کردن نییە بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پارەیە. وتم: "من بەرنامە دروست دەکەم و دەیفرۆشم بە پارە، پارەکەیشی ئەدەین بە
خواردن و یاری و جلی جوان بۆ تۆ".


ئەو دیمەنە زۆر دووبارە دەبووەوە، پرسیارەکانیش هەمان پرسیار بوون. تا وای لێهات ئەویش وەکو من دەیویست پەنجەرەیەکی بۆ بکەمەوە شتی تیا بنووسێ و پیتەکان بنووسێ، ئەمە هاندەربوو کە پیتەکان زوو فێر بێ و ناوی خۆی و شتەکانی بنووسێت. ماوەیەک فێری یاری ماسی گرتن و یاری (تێتریس tetris) ببوو، کە نە دەگەیشتە قۆناغێک و کۆتایی بە یارییەکەی دەهات، تووڕە دەبوو. منیش پێم دەوت: "ئەوە لەبەرئەوە وا بەرنامە کراوە، کە پشوو بدەیت"، لەمەوە ئارەزووی دروست کردنی بەرنامە لە لای تۆوی چاند. کاتێک کە چووە قوتابخانە و فێری ژمارە و هێماکانیش بوو، ئەیوت: "بابە با منیش بەرنامە بنووسم". زۆرم لێ دەکرد گرنگی بدا بە وانەکانی، پاشان ئەگەر کاتی بەتاڵمان هەبوو ئەو کارە دەکەین.
بەرنامەداڕشتن لە ڕێگەی زمانێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، کە بۆ ئەو مەبەستە پەرەی پێدراوە، فرمان و ڕێنوێنییەکان بەو زمانە دەهۆنیتەوە و دەینێریت بۆ جێبەجێ بوون. دەبوو زانیاریت لەسەر زمانێک هەبێت، شتێک لەبارەی کۆمپیوتەر و کار کردنییەوە بزانیت، لانی کەم هزری ڕێکخستن و  دانانی شیکارت هەبێت بۆ کردارە سادەکان. پاش چەند جار گفتوگۆ و نیشاندانی زمانی بەرنامەداڕشتن و نەرمەواڵاکانی تر، بڕیارماندا پێکەوە یارییەکی بچووک دروست بکەین، (یاری نقوم کردنی کەشتییەکان). 
سەرەتا لەسەر کاغەز هێڵکاریمان کێشا، یارییەکە چۆن بێت؟، کەشتییەکان چۆن بن؟، چۆن تەقە بکەین؟، چەند کەشتی بێن و چەند فیشەکمان پێ بێت و ...هتد. دوو سێ ڕۆژ خەریکی ئەمە بووین و بەدەم کارەوە لە کاغەز بەلەممان دروست دەکرد و یاری کەشتی نقوم کردنمان دەکرد. لە کتێبخانەی گشتی کتێبمان هێنا لەسەر دروست کردنی کەشتی و مێژووی کەڵەک و بەلەم، بۆ ئەوەی وێنەیەک دەربکەین و زانیاری لەسەر کەشتی کۆبکەینەوە، کە چۆن نقوم دەبن.
کاتی پشوومان زۆر نەبوو، لەبەرئەوە بڕیارماندا هەفتەی دوو ڕۆژ دانیشین بۆ کەشتی نقوم کردن. من سەکۆیەکم دروست کرد، کە بتوانێت کەشتی وەکو تەنێک بجوڵێنێت و لەمبەری پەردەکەوە بۆ ئەوبەری پەردەکە بە ١٥ چرکە بڕوات، هەرکات تەقەی لێ کرا و لاشەی کەشتییەکە پێکا، شێوەی کەشتییەکە بگۆڕرێت و نقوم ببێت. دوو قۆڵیش ڕەنگ و دەنگ و شێوە و خاڵ ژماردنمان دانا، ئەم کارە شەش مانگی خایاند!، لەو ماوەیەدا کچەکەم چەند جارێک دەیوتەوە بەرنامە دروست کردن خۆش نییە و کاتی زۆر دەوێت. بەڵام وەکو بڕیارێکی دابێت کە بگاتە ئامانج و یارییەکە تەواو بێت، هەر کۆششی دەکرد و کۆڵی نەدا.

پاش شەش مانگ یەکەم کەشتی لەمپەڕی گرت و کەوتە جموجۆڵ، کچەکەم بە دوو فیشەک پێکای و نوقمی کرد. هەردووکمان هێندە پێکەنین تا فرمێسک لە چاوماندا قەتیس ما. ئەو ڕۆژە خۆشترین ڕۆژ بوو لە لای، نەوەستا تا هاوڕێکانی هێنا و پێکەوە تەقەیان دەکرد. هەرکەسێک میوانمان بوایە دەبوو تەماشای کەشتییەکە بکا و گوێی لە بڵقە بڵقی ئاوەکە بێت. بێگومان یارییەکە بەوە کۆتایی نەهات، بەڵام کاری من لەویا کۆتایی پێ هات و وتم ئیتر خۆت پەرەی پێ بدە، چی لێ دەکەیت بە ئارەزووی خۆت بیکە. لەمەوە ئارەزووی دروست کردن لە دڵی کچەکەمدا ڕەگی داکوتا، پشوویەکی زستان، یارییەکەی گۆڕی بە "ڕاوی قاز"، لە بری کەشتی قاز دەفڕی، جوڵەی قازەکانی وەرگرتبوو، من یارمەتیم دا لە دروست کردنی وێنەی قازەکان بە مردوویی و لەسەر زەوی... کارەکەی نیشانی مامۆستاکەی دا و کردیە پرۆژەی کاری ئەو ساڵەی قوتابخانە و خەڵاتی لەسەر وەرگرت.

کچەکەم گەورە بوو، ماوەیەک هەرێنەی پاپۆڕی کرد و خولیای ئاو بوو، لەگەڵ چەند کۆمپانیا کاری کرد لەو بوارانەدا و خوێندنەکەشی بە هەمان ئاراستە ڕۆیشت، هەرێنەکردن (designing) . ئەمڕۆ کچەکەم بەرنامە دروست ناکات، بەڵام تاکو ئەمڕۆش بنچینەی کارەکانی بەو شێوازە ڕێک دەخات کە لە بەرنامەداڕشتنەوە فێری بوو. ئێستا دەڵێت: "بابە تۆ فێرت کردم کەشتییەکان نقوم بکەم، ئێستا هەموویان ژێر ئاون و دەبێت یارییەک دروست بکەین کەشتییەکان دەربهێنینەوە".


No comments :