Wednesday, May 16, 2012

چارەسەری کێشەکە

زۆرجار گوێمان لە ناونیشانی کۆڕ و کۆبوونەوە دەبێت، کە بۆ چارەسەری کێشەیەکی دیاریکراو دەگیرێت، هەندێک لەو کێشانە ئاڵۆزن و هەناسەی قووڵ و شیکاری درێژخایەنی دەوێت، هەندێکیشیان بێ زەمینە ساز کردن و ئامادەکاریی هەل و مەرجی جێگیر کردنی شیکارەکە، گرێکانی لە خۆیانەوە دەکرێنەوە و هەر دوای کۆبوونەوەکە هەموو لایەک دەرگای باسەکەی دادەخەن و کۆتایی دێت.

لەم کوردستانە کۆمەڵێک گرفت هەن، کە دانەکانی کۆمەڵگا خۆیان بەشێکن لێی و بەشێکیشن لە شیکارەکەی، بۆ نموونە؛ کێشەی ژنان، کێشەی زەوی و زار، کێشەی بێکاری ...هتد ئەمانە لکاون بە ئاکارەکان و پێوەندەکانی کۆمەڵگاوە. چارەکردنی ئەو گرفتانەش تەنیا بە یاسایەک نابێ کە هەموو دانە بەرکەوتووەکانی ناو کێشەکەش قەرەبوو بکاتەوە، بەڵکو پێدانی کاتی تەواو و ڕاهێنانی کۆمەڵ بەو شیکارەی پیادە دەکرێت، چونکە بنەبڕ کردنی گرفتێک بە کردنەوەی گرێیەک نابێ، بەڵکو پێویستە هەموو گرێ و ئاڵۆزییەکانی زانستیانە بکرێنەوە و بەڕوونی وردەکاری بن و بانی شیتەڵ بکرێ، بۆ ئەوەی ئەگەر لە دواڕۆژیشدا ڕوویدایەوە، بە سانایی سەرە داوەکانی بدۆزرێتەوە و چارە بکرێت. دەکرێت لە کۆڕێکدا شیکارەکان و ڕێگەچارەکانی بخرێنە ڕوو، ئەوە یەکەم هەنگاوە، هەنگاوەکانی داویی کە گۆڕین و جێگیر کردنی شیکارەکانە سەنگی مەحەکن، ئەوە نەنرێت وەکو ئەوە وایە هیچ نەکرا بێت و برینەکەش ساڕێژ نەبووبێت.

لە بیرم دێ لەو دەمەی کە پەنجا بە پەنجا ببوە قۆرخ لە بەردەم بەڕێوەبردنی کوردستان و زۆربەی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان، کۆمەڵێک کەس کۆڕێکیان گێڕا بە ناوی چارەسەری کێشەکان، وتیان چارەسەر ئەوەیە کە کۆمەڵێک خەڵکی پاک و بێگەرد و دڵسۆز و نیشتمانپەروەر جڵەوی کارەکان بگرنە دەست، هەموو چەپڵەمان لێدا و وتمان ئەشهەدوو وایە، کەس نەیوت ئەرێ ئەم کۆمەڵە کەسە چ پێوەرێک چ پاڵاوتەیەک ئەیاندۆزێتەوە و لە کوێن، ئەنجامەکەی کۆمەڵەی دیموکراتخوازەکان دروست بوون!.

لەوانەیە ئەو نموونەیەی عەلی وەردی[١] باسی دەکا لەسەر مشکەکان، هەمان چێژی ئەو کۆڕانەی ئەمڕۆیان هەبێت، چونکە شیکارەکان وەک پەشمەک بەتامن وەلێ ڕێگەی جێبەجێ کردنیان بە کەس ئەزم نابێ. چیرۆکەکەش بەم شێوەیەیە:

"پشیلە هەر ڕۆژەی مشکێک دەگرێت و دەیخوات، بەوەش ژیانی مشکەکان لە نائارامی و دڵەڕاوکێدا دەبێت، مشکەکان نازانن چۆن و لە کوێ خواردن پەیدا بکەن، پشیلە بۆریان بۆ پەیدا دەبێت و ڕاویان دەکا. ڕۆژێک مشکەکان هەموو کۆ دەبنەوە و دەڵێن ئەمە حاڵ نییە و دەبێت چارەیەک بدۆزینەوە، یەکێک لە مشکەکان دەنگ بەرزە دەکاتەوە و دەڵێت من پێشنیارێکم هەیە، با زەنگێک بەملی پشیلەکە هەڵواسین، هەر لە دوورەوە دەنگی هات، خۆمان ئەشارینەوە و زوو ڕا دەکەین، هەموو دەیکەن بە هاوار و خۆشی و ئافەرینی دەکەن، گەورەکەشیان دەڵێت، بێدەنگ بن، ئادەی کام لە ئێوە ئامادەیە ئەو زەنگە بە ملی پشیلەکەدا هەڵواسێت، بەشێوەیەک کە توندبێت و لێی نەبیتەوە؟"، بێگومان هیچ مشکێک ئەوەی پێ نەکرا و ناکرێت.

فیلمەکانی ئەمڕۆی ئێراق بەشی دووەمی ئەو ڕووداوەی مشکەکان تەواو دەکات، لای ئێمە جەربەزە هەیە لەبەرچاوی ئەو خەڵکانە هەڵدەستێت و دەڵێت من دەیکەم، هەموو پەت و زەنگ و کەرەسەی تری بۆ ساز ئەدەن، چی بوێت ئەیدەنێ، ئەویش دەڕوا بەرەو پشیلە بۆر، هەر کە لە دوورەوە پشیلەکە دەبینێت، بیر لە ژیانی خۆی و نەوەکانی دەکاتەوە و پەشیمان دەبێتەوە و هەڵدێت، ئینجا پەت و زەنگ پەیدا بکە و کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی جەربەزەیەکی تر.

-----------
خوالێخۆش بوو عەلی وەردی: یەکەم زانای کۆمەڵناسی ئێراقی بوو، ژیاننامەکەی لە ویکیپیدیا

No comments :