بەسەرت هاتووە پرسیاری شتێک بکەیت و شتێکی ترت وەڵام بدەنەوە؟
دیقەتم داوە لەم وڵاتە هەموو واین، پرسی شتێک بکەن، ئێمە شتێکی تر وەڵام ئەدەینەوە.. مامۆستا سەردار هەموو جارێک لە سەرەتای تاقیکردنەوەکان پێی دەوتین، "فهم السٶال نصف الجواب" - لە پرسیار تێگەیشتن نیوەی وەڵامە. ئینجا یا ئەوەتا ئێمە باش گوێ ناگرین، یان ئەوەتا لە پرسیارەکە ناگەین. خۆ هەموو بە یەک زمان قسە دەکەین!
(١)
سواری تەکسیەک بووم و دەرگام داخست، شۆفێرەکە دەنگی ڕادیۆکەی بەرزکردەوە..
- ئەو گۆرانیەت پێ خۆشە وا دەنگی بڵند دەکەیت؟
+ ئەوە ڕادیۆی بزوتنەوەیە...
(دەستی بە یەک دوو دوگمەدا نا، دوو سێ کەناڵی تری گۆڕی.. هەر گۆرانی بوو)
ئەمە دەنگی گۆڕانە، خۆ گۆرانیش کەم لێ ئەدەن
(٢)
- ئەرێ ئەمەی هەیە کارەبای نیشتمانیە؟
+ بەخوا دوو ڕۆژە کارەبا خراپ بووە...
(٣)
- زەحمەت نەبێ، لەو خۆپیشاندانەدا داوای چی دەکەن؟
+ ئەوە کەمئەندامانن..
- بەڵێ، کەمئەندامان داوای چی دەکەن لەو دروشمانەدا؟
+ کاکە ئەڵێی لەم وڵاتە ناژیت..
(٤)
- ئەم دوکانە پێشتر ناوێکی تری نەبوو؟
+ ئەمە هی فەلاحە، ئەو باشت دەناسێ..
(٥)
- دوێنێ لە ماڵی کاکت تەسبیحەکەت بۆ هێنامەوە؟
+ کە چووم بارانێکی زۆر دەباری، هەموو گیانمان بوو بە ئاو، سەعاتێک لەبەر زۆپا خۆمان وشک کردووەتەوە..
(٦)
- ئێوارە چی دەخۆین؟
+ نیوەڕۆ تۆ نەهاتیتەوە، چووین کەبابمان خوارد
(٧)
- (پیکابی میوە و سەوزەکە) کاکە، تەڕەپیازت پێیە؟
+ توور و تەڕەتیزەی جوانم پێیە..
No comments :
Post a Comment