Tuesday, September 17, 2013

وەفایەک بۆ تەها

تەها ئەحمەد - زانکۆی موسڵ / کۆلیژی زانیاری / بەشی فیزیا
هاوارە و هاوار... شنەی با هێواش دێ
دەمە و بەهارە، تاوێ دێ
باران دەبارێ
سەر لە ئێوارە چەند جوانە. کە زەردە دادێ
[١]

ئەمە گۆرانی من و تەها بوو، زۆر ئێواران کە لە کتێبخانەی زانکۆ بەرەو ماڵەوە دەگەڕاینەوە، جارێ من جارێ ئەو کۆپلەیەکی دەوت و تەماشای یەکمان دەکرد...
تەها ئەو کوڕە دڵ ناسکە ڕۆمانسیەبوو، کە هەموو پێناسەکانی لە نیگایەکی پاکەوە، بە سۆزێکی کوردانە و پڕ لە لێپرسراوێتی دا دەنا. هەموو کاتێک لەگەڵت بوو، لە ناخۆشیدا هاوڕێت بوو، لە خۆشیدا یەکەمین کەس بوو زەردەخەنەی بۆت دەباراند. تەها لەگەڵ ئەوەی خۆی کۆڵێک گرفتی هەبوو، قەت درکت پێ نەدەکرد، دەموچاوی مۆن نەدەکرد، هێشتا ئەو گوێی شل دەکرد و بە هێمنی بۆت ئەدوا. ئەو نەیدەزانی دڵشکاندن چیە، لەبەرئەوەش بوو دڵی هەموومانی ڕا دەگرت.

لای ڕاست تەها، عەبدوڵا. دانیشتوو؛ ئاراس
یەکەم جار ئەوم لە بازاڕی زانکۆ ناسی، جامخانەیەکی هەبوو، پڕ لە بۆنی خۆش. هەر ئەو ڕۆژە بۆنێکم لێ کڕی، شیاوترین بۆنی بۆ هەڵبژاردم، چەند خولەکێک بوو ناسیبووم، پێی گران بوو قازانجم لێ وەربگرێ. ئەو دەمە هێشتا لە دواناوەندی بووم. کە چوومە زانکۆ لە شاری موسڵ، ئەویش لەوێ بوو، لە یەکەم دیدارمانەوە بووە نزیکترین هاوڕێ و خەمخۆر.

زۆر جار تەها وەکو برا گەورەیەک ئامۆژگاری ئەکردین، ڕێز و خۆشەویستی تایبەتی لە دڵی هەمووماندا هەبوو. چەند ساڵ پێکەوەبووین و بەدرێژایی ناسینم، یەک سەنگی هەبوو، یەک ڕەنگی هەبوو، دڵ و زمانی یەک بوو. دڵمان نەڕەنجا لەیەکتر. ئەو پێش ئێمە بوو، زوتر زانکۆی تەواو کرد، زانستی فیزیا، تەها زۆر ئارەزووی لە فیزیا هەبوو و بە زانستێکی گرنگ و بوارێکی سەرنج ڕاکێش باسی دەکرد، لەگەڵ بابەتەکانیا توابووەوە، هەندێک جار ئاڵۆزی مامۆستا موسڵاویەکان پەستی دەکرد...


کاتێک وتم سەفەری دوورە وڵات دەکەم، زۆری پێ وتم دانیشە مەڕۆ، ئەو بیری لەودیو سنوور نەدەکردەوە، پێی وابوو ئازارەکان چەند ناسۆر بن لەناو کەسوکار و نیشتمانی خۆتدا سارێژکردنیان باشترە. ئەو پێی وابوو ژیانی کوردستان هەرچیەک بێ لە دەرەوەی کوردستان ناخۆشتر نیە... من چووم و گەیشتمە شوێنی خۆم و نامەشمان گۆڕیەوە. چی دەڵێی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و بێکاری و ستەمکاری، کە ڕەوڕەوەی ژیانی زۆر کەسی گۆڕی، ئەوەی بیرت لێ نەدەکردەوە، دەبووە بڕیار، ئەوەی تەماشات نەکردبوو، دەبووە تیشکۆی بیلبیلەکانت، ئەوەی بە ڕێبواریش بەلایدا نەدەچووی دەبووە هاوبەشی ژیانت. بەداخەوە، ئەم لاوە پاکە، لە ڕێی مانونەماندا بەرەو هەندەران، لە سنوورەکانی ئێران مینێک بووە هۆی لەناوچوون و کوژانەوەی مۆمی ژیانی.

خۆزگە ساتێک پێش ئەو بڕیارەی یەکمان دەبینیەوە. ئەو ساتەی کە بڕیاری کۆچ کردنی دا بۆ دەرەوە... سەد ڕەحمەت لە گۆڕت، یادت بەخێر و دڵنیابە هەر کاتێ یادی زانکۆ دەکەمەوە، یەکم دەمووچاو ڕووە جوانەکەی تۆ دێتە پێش چاوم.

-------------------------------------
[١] گۆرانیەکی بەهجەت یەحیایە

No comments :