Monday, November 11, 2013

ویندۆز.. کێ کردی بە کوردی؟



لەم ڕۆژانەدا هەواڵێکی دڵخۆشکەر بڵاوە، کە کوردێک کاندیدە بۆ وەرگرتنی گەورەترین خەڵاتی ئامێری سەردەم. ئەو بەڕێزە ماندونەناسە دڵسۆزە ناوی حیکمەت نیعمەتە، وەکو خۆی دەڵێت: "توانیم ساڵی ٢٠٠٨ زمانی کوردی بخەمە ئەو ئامێرەگەورەیەوە (مەبەستی ویندۆزە)، ساڵی ٢٠٠٩ زمانی کوردیم خستە سەر ئایپاد و ئایفۆن، ساڵێ ٢٠١٠ خستمە ناو ناڤیگاشیۆنەوە"[1]. جێی شانازییە بۆ هەموو میللەتێک کە کەسانی خۆبەخش و دڵسۆزی هەبێ، خەم لە زمان و کلتورەکەی بخوات، منیش دڵشادم بە هەبوونی کاک حیکمەت و هیوادارم بەردەوام بێت..



لە ڕاستیدا ئەو پێشەکیە ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردی کردنی مایکرۆسۆفت ویندۆزەوە هەیە، وەلێ لە دیدارێکیدا ئەو بەڕێزە باس لە هەڵوێستی مایکرۆسۆفت دەکا کە: "مایکرۆسۆفت بە بیانووی ئەوەی کورد دەوڵەتی نییە و زمانەکەی تا ئیستا باوەڕپێکراو نیە ڕێگایان نەدا کە ویندۆزی کوردی هەبێت، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر بۆمان ڕوون کردنەوە... بەڵام دواتر ساڵی ٢٠١٢ قەناعەتیان هات بەوەی زمانی کوردی بخرێتە ناو ویندۆزەوە"..

بەداخەوە ئەم لێدوانە بناغەی نیە و دوورە لە ڕاستیەوە، خۆ ئەگەر وەکو پاساو تەماشا بکەین، دەبینین کورد ئێستاشی لەگەڵ بێ:
- دەوڵەتی نیە،
- لە مێژە دووەم زمانە لە عێراقا، لە ٢٠٠٥ یشەوە لە دەستوور سەلمێنراوە، کە لەوکاتەوە ٢ ویندۆزی تر پێش ویندۆزی ٨ دەرچوون،
- ٢٠ ساڵە حکومەتی هەرێممان هەیە و زمانەکەشمان هەر پاشکۆی ئەلفوبای ئارامییە..


بەڵام مایکرۆسۆفت هیچ کام لەو دیدانەی نەبووە. پێش کاک حیکمەت چەندین گروپ و تاکە کەسی تر هەبوون هەوڵیانداوە نەک زمان، بەڵکو بە تەنیا کیبۆردێک بکەن بە پێوانەیی (standard) لە ویندۆزدا بەڵام مایکرۆسۆفت نەیکردوە، چونکە بازاڕی لە کوردستاندا نەبووە، ئەوەی ئاراستەی بڕیاری مایکرۆسۆفت دەگۆڕێت، توێژینەوە ئابووریەکانە، بەرژەوەندی و بازاڕە، نەک ئەمڕۆ بڵێ دەوڵەتت نیە و سبەی بڵێ ئەلحوکمولیلا وا زمانەکەتان دادەنێم.

ئەگەر تەماشای ڕابردوو بکەین، تا ویندۆزی ٢٠٠٠ و پیادەکردنی یونیکۆد لە ویندۆزدا، قسە کردن لەسەر زمانی کوردی هیچ بایەخی نەبوو، چونکە ناوبەستی (interface) وێنەسازی و ئامزارەکانی (control element) ویندۆز پشتیوانی نەبوو بۆ پیتەکوردیەکان. ئەگەر لەسەر وەشانی ویندۆزی عەرەبیش کوردیت بنووسیبا، پیتە کوردیەکان وەکو سنوقێکی چوارگۆشە دەردەکەوتن، یا هەمووی دەبوونە هێمای پرسیار. هۆیەکەشی زۆر بە سانایی کتێبخانەکانی (library) پەرەپێدراوی مایکرۆسۆفت MFC بۆ هەموو زمانێک گونجاو نەبوون، تەواو پشتیوانی یونیکۆد لە هەموو پێناسەکانی ئامرازەکانی MFC جێگیر نەبوون.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە داراییەی کە فەرمانگەی ئایتی کوردستان لە ٤/٤/٢٠١٢ دا بڵاوی کردەوە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی هەزاران لایسنزی ویندۆز و مایکرۆسۆفت ئۆفیس، زۆرتر لە ٦،٨ملیۆن دۆلار خەرج کراوە، هاوکات لە لێدوانی بەرپرسانی فەرمانگەی ئایتی بیسترا کە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن هەیە لەگەڵ مایکرۆسۆفتدا و پرسی ویندزۆی کوردیان ورژاندوە. ئەمە بۆی هەیە ببێت بە هۆکاری کاریگەر، چونکە تۆ هەزاران مۆڵەتی بەرنامەکەت فرۆشت واتە بازاڕت بۆ وەشانەکانی دواتریش خۆش کرد، بێجگە لەوەی دەستگایەکی حکومی کە گرێبەستی شەش ملیۆن و هەشسەد دۆلاری لە ٢٠٠٧ تا ٢٠١١ لەگەڵدا کردوە، ئاستێکی تری هەیە وەک لە تاکە کەس و گروپەکان، کە هەموو خۆبەخشانە و بەخۆڕایی هەستاون بەرنامە و تەختەکلیل و ئامرازی تریان کورداندوە و دامەزراندوە و دەڵێن ها مایکرۆسۆفت کوردیش زۆر بکە لە ویندۆزدا!، ئەویش دێت دەڵێ: ئێ بۆ ئاخر؟ چەند لایسنزی ویندۆز لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان فرۆشراوە؟، دیارە من باسی دیدی مایکرۆسۆفت دەکەم.

تەلەفۆنی هۆشمەند (smartphone) و بوونی بازاڕێکی گەورەی لە کوردستاندا، هۆکارێکی ترن کە مایکرۆسۆفت بیر لە زۆرکردنی زمانی کوردی بکاتەوە، لە کاتێکدا کە ویندۆزی هەشت پاشەڕۆژی سیستەمی مۆبایلی مایکرۆسۆفتە و تەواو لەبارە بۆ ناوخۆیی کردنی بە زمانی جیاجیا.

هاوکات ستراتیژی نوێی مایکرۆسۆفت، لە فرۆشتنی نەرمەواڵە (software)وە بۆ بەرهەمهێنەری ئامێر و شیکاری نەرمەواڵە هۆکارێکی ترە بۆ ناوخۆیی کردنی سیستەمەکەی بۆ زمانەکانی تر.وەکو ستیڤ پاڵمەڕ دەڵێ: "١٤ زمانی نوێمان زۆرکرد، بۆ ئەوەی بازاری گشتیمان فراوان بکەین"[2]. ئەم وتەیەی پاڵمەر دەیسەلمێنێت کە بۆ چ مەبەستێک زمانی تر زۆر دەکەن.

هێندەی من ئاگاداریش بم، کۆڕش عەبدی بوو شەش مانگێک لەسەر خەرجیەکی کەمی مایکرۆسۆفت دانیشتوە خەریکی وەرگێڕانی ویندۆز بووە.



------------------------------------------------------------------------
[1] ڕۆژنامەی هەولێر ٥ی تشرینی دووەم ٢٠١٣، ژ. ١٧٦٦، لاپەڕە ٥.
[2] مایکرۆسۆفت زمانی زمانی ڕواندای زۆرکرد..