Saturday, May 30, 2015

یوسف تۆ چیت

 

یوسف خالیدی جوانەمەرگ
یادێکی ئەندازیاری کارەبا شەهید یوسف خالید
یوسف سیمایەکی تایبەتی هەبوو، هەستێکی پاک، دڵسافی و لەخۆبوردنی وای کردبوو، بە هانای هەموو هاوڕێیاکنیەوە بێ، کەم کەس هەبوون لەگەڵ یوسفدا قسەیان کردبێ و ئاواتی دانیشتنی تریان لەگەڵیدا نەخواستبێ. زۆرجار لە گەرمەی خوێندن و قسەکردندابووین، یوسف هاواری لێ بەرز دەبووە و دەیوت: "یوسف تۆ چیت؟"،
ئاماژەی تەواوبوون بۆ متمانە بە خۆ کردن، دڵنیابوون لە تواناکانی. هەموو شتێکی لای هاوڕێکانی باس دەکرد، دیوێکی تری نەبوو، لەگەڵ هەموودا وەک یەک مامەڵەی دەکرد.
 
یوسف زۆرکات ئاوازێکی خەماوی بوو، بیری نەداری و ژیانی ئاڵۆزی هەژارانی دەهێنایە پێش چاو، کاتی تریش هەگبەیەک بوو لە خۆشی و چێژی لە ژیان و پێکەوە هەڵسوڕان دەبینی، هەستێکی نەتەوەیی بەرزی هەبوو، مرۆڤدۆست بوو. هەستی بەخەمی بەرانبەر دەکرد، دڵنەوایی ئەدایەوە و هیوای داهاتووی بۆ نەخش دەکردی، کەسیشی لە خۆشیەکانی بێبەش نەدەکرد.
مەخابن، ئەم مرۆڤە سادەیە ژیانی کورت بوو، سەردەمێک بە دڵەڕاوکێ لە زانکۆی موسڵ و سەردەمێک بێئاواتی لە زانکۆی سەلاحەدین، خوێندنی تەواوکرد، وەکو ئەندازیارێک.
لە دەمێکی دژوار و ناخۆشدا، کە هێشتا بیرە نەوتەکان ون بوون، هێشتا ئەشدیهای بەغداد لەسەر دەسەڵات بوو، هێشتا کورد دەیناڵاند بەدەست شەڕی ناوخۆ و گەمەی وڵاتانی دراوسێوە. سەردەمێک کە وڵاتپارێزی بە بزواندنی دەروونی گەنجان کرابوو. یوسف وەکو زۆر لاوی تری وڵاتەکەم؛ خاوەن بڕوانامە، بێکار، بێبەرنامە مایەوە، یوسف پڕ لە هیوا و گەشبین، بزوێنەری هاوڕێکانی بوو، بەردەوام نوێکاری و هەواڵی زانستی لا هەبوو، سەردەمێک، ڕێگەیەکی تری ژیانی گرت، بووە پێشمەرگەی وڵاتپارێز. لەو ڕێیەشدا گیانی دانا. زۆر بەداخەوە، کوڕێکی دلێر و بلیمەت بوو بە سووتماکی بارووتی کۆمەڵێک مشەخۆر.
 
لەبیرمە ڕۆژێک هاتەلام بۆ پرسیارێکی ئەلکترۆنی، ئەیزانی کە من نایزانم، بەڵام پرسەکەی کرد و لەکاتی شی کردنەوەیدا بۆ من، شیکارەکەی دۆزیەوە، ماچێکی کردم بە دڵشادیەوە، وتم یوسف بتخۆم، تۆچیت!
هەزار ڕەحمەت لە گۆڕت، کوڕە بلیمەتە بێنازەکە.
 #