Friday, September 06, 2019

عەریزەی ئەلیکترۆنی


هەر پرۆژەیەک ناوی ئەلیکترۆنیکردن و دیجیتاڵکردنی پێوە بێ، بۆمن دڵخۆشکەرە. گەندەڵی تیا بکرێ یان کەموکورتی زۆربێ ئەوە شتێکە نابێ فەرامۆش بکرێ و بۆ هەنگاوی داهاتوو پێویستە پەندی لێ وەربگیرێت.



عەریزە
لە ڕاستیدا عەریزە مۆدێلێکی بەسەرچووە، دەبوو لە مێژەوە دەزگاکانی حکوومەت خۆیان چەندین فۆڕمی چاپ کراو و ڕێنومایی جۆراوجۆر و شوێنیان تەرخان بکردایە بۆ هاووڵاتیان و ڕاژەخوازان، تاکوو بێ گرفت و لەکاتێکی دیاریکراودا بتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن. لەلایەک ئەم شێوازە هەنگاوێک دەبوو بۆ پوختەکردنی فۆڕم و دەستنیشان کردنی جۆر و ناوەڕۆکی فۆڕمەکان، لە لایەکی ترەوە فەرمانبەر کاتی بۆ دەگەڕایەوە لە بەجێ گەیاندنی ئەرک و وەڵامدانەوەی داخوازینامەکاندا.

عەریزە نووس چی دەکا؟
بێگومان عەریزەنووس کەسانێکن کە بەردەوام لەگەڵ ڕێنوومایی نوێی بەڕێوەبەرایەتیەکاندا هەڵدەسووڕێن و بە ئاگان لە جۆر و ڕاژەکانی فەرمانگەکەی داواکاریی بۆ ئامادە دەکەن. عەریزەنووس فۆڕم پڕ دەکاتەوە، بە مامەڵەی ڕاژەخوازدا دەچێتەوە و ڕێنوومایی ئەدات کە چ جۆرە بەڵگەنامە و زانیارییەک پێویستن بۆ بەڕێ کردنی کارەکان.

هەندێک عەریزەنووسمان هەیە، پێرستی تایبەتی لایە، مۆڵەتی تایبەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی کارێک، بۆ وێنە ئەوانەی لە دادنووسن، فۆڕمی تایبەتی و مۆڵەتی تایبەتیان هەیە بۆ بریکار.
بۆ هاووڵاتی، عەریزەنووس خەمێک کەم دەکاتەوە، کە خۆیان لە بێ ئاگاییان لە ڕێساکان و ڕاژەکانی فەرمانگەیەک دەکەونە شپرزەیی و هەڵەکردن تیایدا. بۆ فەرمانبەرانیش ئەرکێک کەم دەکەنەوە کە داخوازینامە بێ کەموکورتی و بە بەڵگەنامەی تەواوەوە دەگاتە بەردەستیان و تووشی گرفتی ڕۆژانە کەمتر دێن.

هاووڵاتی عەریزەنووسی پێویستە؟
ئەگەر هەموو بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ ڕاژەکانی فۆڕمی هەبێت و ڕوونکردنەوەی تەواو پێشکەشی هاووڵاتیان بکا، ئەوا عەریزەنووسمان ناوێ. کاتێکیش کە هاووڵاتی نەخوێنەواربوو ئەرکی فەرمانبەری حکوومەتە کە هاوکاریی پڕ کردنەوەی داخوازینامە و سازدانی مامەڵەکانی بکا. ئەگەر ڕاژەکان بە سانایی و لە ڕەوتێکی سادەدا پیشانی هاووڵاتیان بدرێن ئەوا ئەوانیش ڕادێن لەسەر شێوازی پێشکەش کردنی داواکانیان. بێگومان لە وڵاتی ئێمە ئەو هەنگاو لە هەندێک شوێن نراوە و لە هەندێکی تر نە، لەبەرئەوە هێشتا عەریزەنووس بۆ حکوومەت پێویستە هەبێ.

جاران لە هەندێک لە فڕۆکەخانەدا فۆڕم و داوای ڤیزە هەبوو، پڕت دەکردەوە و پارەی پوول و ڤیزات لەوێ ئەدا، بۆ وێنە لە تاران  ئەمە بۆ بیانی هەر ماوە، بەڵام لە کوردستان ئەمە کراوە بە ئەلیکترۆنی، تۆ وێنەت دەگیرێت، ناو و پەنجەمۆر و پاسپۆرتەکەشت لێ وەردەگیرێت و لە چەند خولەکێکدا کارەکانت بەڕێ دەکرێن، بێ عەریزە و عەریزەنووس بیانی و هاووڵاتی مۆری هاتن و چوون وەردەگرن. ئەمە دەکرێت ببێتە مۆدێلێک و لە ئەنجامدانی کارەکانی تردا بایەخی پێ بدرێ و ڕۆتینی عەریزەنووسین نەمێنێ و فەرمانبەر بە دوو کرتە بۆت بکا.

عەریزەی ئەلیکترۆنی مانای چیە؟
ئەگەر ئەرکەکانی عەریزەنووس ئەوانەی سەرەوە بن، ئەوا عەریزەی ئەلیکترۆنی بوونی داخوازینامەکانە بەشێوەی دیجیتاڵ و کۆکردنەوەیانە لە هەنگاوێکدا.
بۆ نموونە تۆ دەتەوێت لە دادنووس کەسێک وەکو بریکار بۆ خۆت دابنێیت. عەریزەنووس فۆڕمی بریکاریت بۆ پڕ دەکاتەوە لەسەر پێناسەکەت و زانیارییەکان دەنووسێت. وێنەی خۆت و ئەو کەسە دەکات بە مامەڵەکەوە، پول و ئیمزاکانی دەخاتە سەر. ئێستا ئەمانە لە عەریزەی ئەلیکترۆنیدا بە کۆمپیوتەر دەکرێن، واتە وێنە و ئیمزا و پێداویستیەکانی تر هەمووی لەسەر کۆمپیوتەرێک هەمان عەریزەنووسی جاران بۆت دەکات و بە چاپکراوی ئەیدادە دەستت.
بۆ جاری داهاتوو هاووڵاتی لەسەر پێناس کۆدی خۆی وەردەگرێت و پێویست ناکات کۆمەڵێک زانیاری بنووسێتەوە، کە جارێ حاڵی نەبووم چۆن سوود لەمە دەبینرێت لە کاتێکدا هاووڵاتی دەبێت بە پێناس خۆی بسەلمێنێت، خۆ ئەگەر کۆدەکەی لای کەسی تر بێ ئەوەیان چۆنە نازانم.


بایەخی چیە؟
ئەگەر تەنیا ڕێک خستنی کاری هاووڵاتیان و ئەلیکترۆنی کردنی عەریزەکە بێ، ئەوا بایەخی نیە. بەڵام ئەگەر وەکو دەست پێشخەریەک بێ بۆ راهاتنی هاووڵاتی و فەرمانبەر لە پێناو دیجیتاڵکردنی فەرمانگە، وە ئەو عەریزانە بچنە بنکەدراوەیەکەوە کە هەر مامەڵەیەک لە ژێر ناو و کۆدی هاووڵاتیدا تۆمار دەبێ، بەڕێکەوت و زانیارییەکانیەوە، ئەوا کارێکی باشە و لە داهاتوودا دەبێتە ژێرخانێک بۆ فەرمانگەکە و لەو بنکەدراوەیەوە هەنگاوەکانی تری مامەڵەکەی بۆ بەڕێ دەکرێت. ئەلیکترۆنیکردن ڕەوتێکە کە نابێ لە بیرمان بچێ، کۆمەڵێک ئەرکی بوونی کاغەز و پاراستنی لە کۆگاکاندا لە فەرمانگەکە کەم دەکاتەوە و بۆ هاووڵاتیانیش چوون بۆ وێنەگرتن و لەبەرگرتنەوەی بەڵگەنامە ڕزگار دەکا و خەرجی ئەوانەی لەسەر دەڕوا.

سەرەنجام
بەو زانیارییانەی کە تاکو ئێستا لام گەڵاڵە بوون، من عەریزەی ئەلیکترۆنی بە هەنگاوێکی چەوت دەبینم. چونکە هەموو داتا و دراوەکان لە شوێنێکدا قەتیسن کە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمە لە فەرمانگەیەک، ئەدی لە فەرمانگەکانی تر و چۆنێتی گواستنەوەی ئەم دراوانە چۆنە؟ بەداخەوە نازانم. پاراستنی زانیاریی و وەرگرتنیان لەسەر یاسا و ڕێسایەکی حکومی دروست دانەڕێژراوە. بنکەی دراوە و داتاسەنتەر دەبێت لە بن دەستی حکومەتدا بن، چونکە زانیاریی تایبەتی هاووڵاتیانی تیا کۆگا کراوە و پاراستنیان بە گوێرەی یاسا چەسپیوە.

پرۆسەی دیجیتاڵکردن ئەرکێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی درەنگ دەستی پێ کردوە، بە هەنگاوێکی ئەرێنی ئەژمار دەکرێت. هەر دیجیتاڵکردنە دەبێتە کەمکردنەوەی ڕۆتین و گەندەڵی و بەرچاوڕوونی لە کارەکاندا. ڕاستکردنەوەی هەڵەش ئاساییە و دەکرێت پێداچوونەوە و شیتەڵکاریی زۆرتر بکرێن بۆ داهاتووی پرۆژەکە، کە ئەمە پێ دەچێ هەنگاوی یەکەم بێ، بەڵام گرنگە ببێتە بنەما و ژێرخانێکی پتەو.

لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە دەست بە دامەزراندنی ئەکادیمیای ئایتی و فەرمانگەی ئایتی کراوە، پێویستە ڕۆڵی زیاتر و بایەخی زیاتری پێ بدرێ و ئەرکەکان لەوێوە ئاراستە بگرن و جڵەوی کارەکانیان لەبن دەست بێ. حکوومەت ئەندازیار و تیمی کارکردنی خۆی پێویستە کە لەم ڕووە دەبێت هەوڵی دروستکردنیان بدا و پارەی زۆرتر تەرخان بکا بۆ چاودێری ڕەوتی کارەکان.