Monday, April 11, 2011

ڕۆژی گەردن ئازایی

ڕۆژی گەردن ئازایی
هەتاوێکی سستی هەبوو، تۆز و خۆڵیش ئاسمانی لێڵ کردبوو لەبەر چاوم، هەر لە بەیانییەوە چوومە دەرەوە. لەسەر قەبران هاتمەوە لای ئۆتۆمبیلەکە، کابرایەک وەستابوو، بە زەردەخەنەوە وتی ئەمە سەیارەی تۆیە کاکە،  وتم نەوەڵڵا هی براکەمە و بە سووڕ لێم وەرگرتوە، بۆچی؟، زۆرداوای لیبوردنی کرد کە مناڵە سێ ساڵانەکەی لە ئۆتۆمبیلەکەی خۆیدا بەجێهێشتوە و دەستکاری گێڕەکەیان کردوە و سەیارەکەیان داوە لە پێشی سەیارەکەم و قوپاوە. کەمێک بەقوربان و بەساقەم بوو، دەستی کرد بە گیرفانیا پارەی دەرهێنا بمداتێ، وتم کاکە پارەم ناوێت و بڕۆ گەردنت ئازاد بێت، بەس وەعدم بەرێ پیاوانە کە مناڵ لە ئۆتۆمبیلدا بەجێ نەهێڵیت. لاحول ولا قوة الا باللە.

Thursday, March 31, 2011

گووگل بە کوردی

تەپلە
 ئای دەبێ!
تەپلەکەی من پێستی لەشی کام ئاسکە بێ!
ئای دەبێ!
کەوڵەکەی من ڕۆژێ ...
لەسەری چ پۆلیسێکدا تەپلە بێ!

ئەم پارچە هۆنراوەیە، نازانم کێ نووسیویەتی و لە کوێ خوێندومەتەوە، بەس هەر لە مێشکمدا مابوو، هۆکاری هاتنەوەی ئەم هۆنراوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم پەیامە:

Wednesday, March 23, 2011

پەندی پیرەمێرد


پێشکەش بەوانەی لە بەردەرکی سەرا داوای مافی میللەت دەکەن!

لە پەندەکانی پیرەمێرد
 ئەوانەی کەوا کاریان بە دەستە
هاتن لە ڕەئیا بوون بە دوو دەستە
ئەگەر هەردوولا بۆ خەڵک خێرخوا بن
هیواداری ڕاست بە خێری خوا بن
بە حوسنی نییەت کار ئەبەنە سەر
درەختی ئەمەل بۆیان دێتە بەر
فەرموودەی نەبی بۆمان حوجەتە
کە ئیختیلافی ئوممەت زەحمەتە
بەڵام غەرەضی شەخصی کەوتە ناو
ڕەحمەت، زەحمەتە، دراومان دۆڕاو
من لاوی وام دی کە شەشی ئەیلوول
بەردەرکی سەرای کرد بە گەردەلوول
مەترەلۆزی بە خەنجەر شکاند
ئازاییەکی شێرانەی نواند
ئەو کەسەی خۆیان بۆدا بە مردن
ئەو بە دەستی خۆی کەلەپچەی کردن
شینم بە شیعری ئەکرد ئەوسایە
ئیستەیش گریانم وا لە قوڕگایە
کورد نابڕێتەوە خەیاڵی خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نوسراوە
من بۆیە ڕەنگی سوورم خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەست دەکەوێ

ڕۆژنامەی ژین ژ. ٩٠٧ - ٢٦ی شوباتی ١٩٤٨ - پیرەمێرد