Wednesday, May 18, 2011

بەراورد


ژن: ئەو جەریدەیەی پشتەوە ڕاکێشە و دایخە با خواردنەکەی بکەمە سەر..
پیاو بێ سێ و دوو دەیکات، و ژنە دوو قاپی بەدەستەوە دەبێت دایان دەنێت.. پیاو بەدەم کەچک لێیانەوە هەواڵێکی ناو ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە...
پیاو: هاهاهای.. کچێ تەماشا هاهاهای ... وەڵا گریانم دێ بەحاڵمان...
ژن: چییە پیاوەکە، چیت خوێندەوە..
پیاو: ئەم هەواڵە ئەگەر ڕاست بێ..
ژن: ئێ، دە واز لە خواردنەکە بێنە جارێ، ...
پیاو: کچێ باسی پارە ئەکا، ئەڵێ ٤ ملیار دۆلاری حکومەت کەس نازانێ چی بەسەرهاتووە، ئینجا ئەڵێ بیست ملیۆن دراوە بە چاککردنی ڕێگایەک خۆی دوو ملیۆنی بەس بووە...
ژن: مردوی بێ ئەقڵیت مرێ، خەریکە خواردنەکە لەبینت دەگیرێ، جا ئەوە هەواڵە، ڕۆژی سەدی وا لە تەلەفیزیۆنا ئەڵێ و کەس خاوەنی نییە..
پیاو: ئاخر تۆ دوێنێ کوڕەکەت دڵتەنگ کرد لەسەر ئەوەی قاتێ جلی بردوە بۆ دوکانی شتن و ئوتو، پێنج دۆلاری تێچووە، ئەو کوڕەت خەمسارد کرد... کە سەیری ئەوە دەکەم و حاڵی خۆشمان دەبینم، هەر دەبێ هەناسەی قوڵ هەڵبکێشین.

ژن: ئێ خۆم بۆم دەشت و ئوتوشمان هەیە جوان بۆم ئوتو دەکرد، گوناحە ئەو پارە زیایە بەم بە شتێ کە خۆم بتوانم...
ئازا بۆ ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ و وێنەگرتن، چوو قاتێک جلی لە هاوڕێیەکی وەرگرت، دامێنی پانتۆڵەکەی تۆزاوی ببوو، ڕۆژی دوای ئاهەنگەکە جلەکانی برد بۆ دوکانی شتن و ئوتوو، تاکو بەڕێکوپێکی بیداتەوە بە هاوڕێکەی، دایکی پێی گران بوو، سەرزەنشتی کرد کە ئەو هەموو پارەیەی لە شتنا سەرف کردوە، ئازا دڵگران بوو، بە دڵشکاوییەوە جلەکانی لەناو نایلۆنکی پاکدا پێچایەوە و چووە دەرێ...

زۆرجار مرۆڤ ژمارەکان بە بچووکی دێنە بەرچاوی، چونکە هیچ نرخێکی تیا بەدی ناکەن سۆز و نەستیان بهەژێنێ، پارە و سامانی خەڵکی دەوڵەمەند و بەناوبانگ زۆرکات لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بابەتی هەمیشەیین و بە پیتی گەورە دەنووسرێن، وەلێ کەس نییە تەماشای ئەودیوی دیمەنەکە بکات و حاڵی نەدارانیش بخاتە ڕوو. ئاخر هەفتەیەکە باس لە بودجە و پارە تەرخانکردن دەکرێ بۆ پرۆژەکان، چ بابەتێک و بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی هەژاری هەڵسەنگاند لەم دەڤەرە؟ کێ لەسەر دە خێزان لێکۆڵینەوەی کرد؟ کێ بەراوردێکی ژیانی خەڵکەکانی کرد و شیکارێکی بە پێزی دانا؟.
بەداخەوە موسوڵمانانیش ئەم وتەیەیان لە بیر کردوە (والله لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه - رواه البخاري ومسلم)، ئەگینا کوا مەرهەمەتی برایەتی و کوا بڕوای خاوێنی ئیسلامی؟، خۆ ئەگەر باس لە ڕەوایەتی و ماف بکرێت، گومانی تیا نییە دەبوو زۆر پێش ئەم دەمە قاچیان دابنایە و بیان وتایە بۆستن، گەلۆ ئەمە ستەمە و نابێ تێپەڕێ...

No comments :