Monday, June 06, 2011

تاک


ماوەیەکە وشەی تاک حەشر دەکات، جاران کە گوێم لێ دەبوو، تاکە پێڵاو، تاکە گۆرەوی...هتد هەموو تاکی جووتەکان دەهاتنە پێش چاوم، ئێستا تاک گۆڕاوە، بووە بە (تاکە کەس) و جووت نابێ، بووە بە زرتە زەلام، و ئەمانەی لێ دروست بووە:
تاکی کورد
تاکەکانی کۆمەڵ
مافی تاک...و هەروەها

نموونە لە ڕستەدا:

- کۆڕێک دەربارەی (هەڵوێستی تاکی کورد لە ئەمڕۆدا) بەڕێوەدەچێت.
- هه‌ڵوێستی سياسی لای هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگاکان به‌رامبه‌ر رووداوه‌کان...
- تاکه‌کانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ بێ شيکردنه‌وه‌و تاوتوێ ...
- تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی توانایەکی لەرادەبەدەریان هەیە بۆ وەرگرتن و قبوڵکردنی توندوتیژی، چونکە تاکەکان دەستەوەستان وبێباکن ...
- هەستكردنی تاكە بەوەی لەئاست كەسانی تردا خۆی بەكـــەمتر دەزانێ‌ ...
- تاك هەست دەكات ڕۆڵێكی هەیە لەژیاندا ...
- ئیسلام ... هه‌موو ئاره‌زووه‌كانی تاكی له‌به‌رچاو گرتووه‌ ...
- تاكی مرۆڤه‌كان ئاوا پارسه‌نگپه‌روه‌رده‌ ئه‌كات و ئه‌یانكاته‌ خشتی له‌ قاڵبدراوی خۆی
- دیاریكردنی ئه‌ركی تاك له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ....
- سالار فه‌تاح ، له‌ میانه‌ی باسه‌كه‌یدا ناساندنێكی زانستیانه‌ی تاكی كرد...
- دورخستنه‌وه‌ی تاكی نێو میدیا له‌ ململانیه‌ سیاسیه‌كان ...

دیارە دەقاودەق لە وشەی (فرد و أفراد)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، من گومانم هەیە لە دروستی ئەم وشەیە، پێم وایە تاک بەتەنها چەوتە و دەبێ بوترێ تاکەکەس، یا هاوواتایەکی تر بەگوێرەی ڕستەکە بەکارببرێت و لە هەندێ شوێندا (شخص و أشخاص) جێی بگرێتەوە. خۆ وشەی تاک بە هاوواتای (تاقانە، تەنها، هەر) یش بەکاربراوە، وەکو دەڵێن؛ تاکە گۆڤاری زانستییە، لە ڕاستگۆیدا تاکە. وا هەست دەکرێت ئەو (تاک و کۆ)یەمان نەما بێ کە لە ڕێزماندا فێر دەبووین، چۆلەکە تاکە، چۆلەکەکان کۆن. هەموو وشەی تاک بۆ تاکە مرۆڤ، تاکەکەس، زەلام، ...هتد بەکاردەهێنن.
سەرەنجام من تاکم، لەگەڵ هاوڕێکانیشما ئەبین بە تاکەکان، کە زۆرتریش بووین ئەبین بە تاکەکانی کۆمەڵ، خۆ ئەگەر هاودەنگیش  نەبووین (وەکو ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات) ئەوا دەبین بە تاکەوتاک.

No comments :