لە باشوور وا ڕاهاتووین کە لە قسەکردندا بەرامبەرمان دڵنیا بکەینەوە، کاتێک کەسی قسەکەر دەیەوێت هیچ نەهێڵێتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێ هەموو شتەکانم مەبەستە، چی هەیە چی نییە لەو بارەوە، وشەکە دووبارە دەکاتەوە بە جۆرێ تر، ئەمە بە گۆڕینی یەکەم پیتی وشەی ویستراو بۆ پیتی (میم) ئەنجام ئەدرێت، بۆ نموونە:
- دەرگا و مەرگاکان داخە درەنگە. (مەرگا مانای نییە، بەس بۆ ئەوەیە کە چی هەیە دابخرێت)- ژنەکە خواردن و مواردن بێنە برسیمە. (مەبەستی هەموو ئەو شتانەی دێنە سەر سفرەکە)
- ڕۆن و مۆنی سەیارەکەم گۆڕی.
- لە بازاڕ شت و مت دەکڕین.
- تەلەبە و مەلەبە لە حەوشەی زانکۆ دانیشتوون.
- کت و مت لە مام زۆراب ئەچوو.
- هین و مینم بۆ باس مەکە..
..هتد
ئەمانە هەمووی سەلیقەی زمان و کلتور هێناویەتە سەر زمانمان و لەڕاستیشدا لە ڕێزمانی کوردیدا نەمبینیوە کە شیکردنەوەی ڕێزمانی بۆ بکرێ. زۆرکات وشە دروست بووەکەش مانایەکی تر دەبەخشێ، بۆ وێنە: پیل و میل، شار و مار، خۆڵ و مۆڵ، جل و مل ...هتد. زۆربەی کاتیش دەچێتە سەر ناو.
زمانی عەرەبی
ئەمە لە زمانی عەرەبیشدا لە ئێراق بینیومە، جا نازانم ئێمە لەوانەوە فێربووین یان ئەوان لە ئێمەوە. کە لە زانکۆبووم، ئەگەڕاین بۆ ژوورێ بۆ کرێ، لای دەڵاڵێک دانیشتین لەگەڵ هاوڕێیانا، دەڵاڵ وتی ئەبێ بچن بۆ ئاسایش، وەرەقەم بۆ بهێنن، بینی ڕەنگمان تێکچوو و وتی بۆستن مەسئولەکە دەناسم، تەلفۆنی گرتە دەست سێ ڕستەی وت: (طلبە ماطلبە، شقة و إجار ماإجار، ورقة ماورقة)، مەبەستی بوو کە، تەلەبە و مەلەبە دێنە لای، شوقە و موقەیان دەوێ، بە کرێ و مرێ، وەرەقە و مەرەقەی ئەمنمان بۆ بکا.
نوکتەیەک
هەر لە زانکۆ بیستم، کە کچێ ئەچێتە لای کوڕێ، پێی دەڵێ وا زانکۆش تەواو دەکەیت، ژنێ منێ ناهێنیت؟، کوڕەش بێشەرمانە دەڵێ: ژن دەهێنم بەس تۆ ناهێنم. دیارە کچە (ژن)ـی کردوە بە (من).
No comments :
Post a Comment