Thursday, June 30, 2011

ئاو و ئاگر


ئاگر کڵپەی سەند و هەموو وشکانی گڕ تێبەردا، کاتێک ئاو هات زیندەوەران ڕزگار بکات و ئاگر بکوژێنێتەوە، ئاگر هاواری کرد:

"هۆ خەڵکینە ئاگادارن ئاو دەیەوێت بتانخنکێنێت، هۆ خەڵکینە ئاو هاتووە زەوی باووباپیرانتان لێ بستێنێت!."
ئاو گوێی نەدا و بە هانای سووتاوانەوە  بوو، ساردی دەکردنەوە پێی دەوتن:"دڵنیا بن ئێوە هەبن، ئەم خاک و نیشتمانەش بۆ ئێوە دەمێنێت، من لە باوەشتان دەنێم تا دەتوانم، من وشک بم نابێ ئێوە بسوتێنرێن."
ئاگر دەهات ئاگر دەچوو، دیسان وتی:"ئاو دەتانبات، ئاو گێرەشێوێنە، ئاو ئەمانی نییە و هەر خەریکی پەت پەتێنە، مەشخەڵی سەروەریتان دەکوژێتەوە، ئاو بتوانێ هەموویتان لێ دەسێنێتەوە، چەندین ساڵە ئاسوودەن و بڵێسەتان بەردەوامە، ئاو ناهێڵێت بە ئاسانی بحەسێنەوە."

ئاو تاویدا گوێی نەدا بە قسەی ئاگر، هاژەی هێنا جارێکی تر، خامۆشی کرد پشکۆی ئاگر، خەڵکیش سووتاو خاکیش ڕەش بوو، ئاگر نەما ئاویش لێڵ بوو، پاش چەند ڕۆژێ، خەڵک خۆیان، هاتن ئاگریان پرژاند، دیسانەوە خاکیان سووتاند...هێشتا برینی هەڵقرچاوان تیمار نەبوو، ئاگر لە گیانی خەڵک بەربوو، ئەمجارەیان ئاو پێی زانی، کە هەر خەڵکە ئاگریان دەوێ، ئاویشیان دەوێ... بەجێی هێشتن و ڕویکردە وشکانی...

ساڵ هات و چوو، ئاو هەر زیز بوو. خەڵکی سووتاو، جەرگ هەڵقرچاو، گردبوونەوە و ڕیش سپییەکانیان نارد بۆ لای ئاو. ئاو پێی وتن ئاگرتان ویست ئاوتان نەوێ، ئاو و ئاگر لەشوێنێکدا قەت ناسرەوێ. ئەوان وتیان تۆشمان دەوێ و ئەویشمان دەوێ، ژیانەکە وا هاتوە، ئاگر و ئاو شوێن یەک کەوێ. خەڵک هاتو خەڵک دەچوو، جارێ لای ئاو بوون، جارێ لای ئاگر، جارێ یەکدەنگی و جارێ خەمی تر، تا ڕەوییەوە خەمەکانی ئاو و ئاگر، ئاو قایل بوو و وازی هێنا لە ئاگر!.
ساتێ کە ئاو گەڕایەوە نیوەی ئاوایی ژێر ئاوبوون، ساتێ ئاگر پێشوازی کرد لایەکی شاری خاپوور کرد، بەو شێوەیە ئاو و ئاگر گرێبەستیان لەگەڵ یەکدا واژۆ کرد. ئەوەی مابوو بە زیندوویی، یان سووتابوو یان کۆڵەکەی لە ئاوا بوو!.