Sunday, January 20, 2013

لە پەندەکانی پیرەمێرد

٢٦ی ئاب - ١٩٤٨

کارشوناس گەڕا لە شوێنی دانا
لە شوێنی نەزان هات دانای دانا
ئەو دەمەی پیاویان لە دار ئەتاشی
ئیشیان نە ئەدا بە کەسی ناشی
دارتاشێ لەناو کاروانێکا بوو
بۆ سنعەتی خۆی بۆ لادێ ئەچوو
جەردە هات لە ڕێ کاروانی ڕوت کرد
لە خوا نەترسێ تەشوێی ئەوی برد

پیاوێکی تریش سەد لیرەی بریا
ئەو باکی نەبوو دارتاش ئەگریا
وتیان ئەم خەڵکە کە ڕوت کراوە
سەد ئەوەندەی تۆ ماڵی بڕاوە
ئەوان ناگرین تۆ شینت چییە
وتی دەردی من بۆ تەشوێ نیە

نازانن بیسوون دەمەسووی ئەکەن
ئابڕووی سنعەت و وەستایی ئەبەن

سەد جارمان نووسی کەس گوێی نەدایە
هەر کەس پیاوی خۆی دێنێتە کایە
پیاو بۆ ئیش نییە هەر ئیش بۆ پیاوە
کاری دیوانی وەک خۆم شێواوە

3 comments :

ZirYaN said...

پیرەمێرد فەیلەسوفە، بۆ هەموو بارودۆخ و سەردەمێک قسەی خۆی هەیە.

arasn said...

زۆر ڕاستە، دڵپاکی و جوامێری و ڕەوشت بەرزیش جیاکەرەکانی تری بوون. هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی

Unknown said...

ده‌ستخۆش مامۆستای به‌رێز ... به‌ ڕاستی خاوه‌ن تواناێێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر بووه‌