Tuesday, July 08, 2014

هاوکێشەی دەوڵەتی کوردی

باشووری کوردستان، یان کوردستانی بچووککراوە، هاوکێشەیەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتری دەکەن. لە بیرکاریدا هاوکێشە هەیە دوو سێ نەزانراوی تیایە، یەکێکیان لە دەقی پرسیارەکەوە بە یاسایەک نرخەکەی دەردەهێنیت و ئەوانی تریش بەهۆی ئەم نەزانراوەوە دەخەیتە لایەکی هاوکێشەکە و بە چەند هەنگاوێک ئەیاندۆزیتەوە. هاوکێشەی (باشووری کوردستان) سێ نەزانراوی تیایە، کە هەر نەزانراوێک لکاوە بە دوو نەزانراوی ترەوە، نرخی ئەو دوو نەزانراوەش بە دوو نەزانراوی دوانەکەی ترەوە لکاوە.
بەکوردیەکەی خۆمان؛ داعش، نەوت، ئێراقی یەکگرتوو، سێ نەزانراوەکەیە کە دەبێت هاوسەنگیان بکەین. هەریەک لە سوننە، کورد بۆ نەزانراوێک، تورکیا و ئەمەریکا بۆ نەزانروێکی تر و ئێران و دەوڵەتی یاساش (مالیکی) بۆ سێیەم نەزانراوە.
 
خەمی تورک و ئەمەریکا بۆ نەوتەکە وەکو دراوەیە بۆ نەزانراوی یەکەم، بە کۆی نەوتی یەدەگی هەرێمی کوردستان و کەرکوک کە پەنجا ملیار بەرمیلێکە، مسۆگەر کراوە و ئاسایشی ڕێڕەوەکەی لە ئەستۆی کورد نراوە کە نەزانراوێکی ترمانە، چونکە یەکسانە بە ١٧%ی داهاتەکەی جاران. سوننە وەکو کوردن پێش چەند ساڵێک، هەم ئێراقیان دەوێت یەکگرتوو بێ و هەمیش نرخی نەزانراوی ئێرانیان دەوێت کەمترین بێ و ڕاستەوانەش بێ لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، هاوکات ئێران وەکو کارای یاردەدەر لە کارلێکی کیمیاییدا، ڕۆڵی بەهەڵم بوونی سوننە و ئاوێتەکردنی کورد و ئەوانی تری بینیوە. دەوڵەتی یاسا کە نرخی ڕووتی (مەرجەعیەت)  و هاوپەیمانیی نیشتمانی هەڵگرتووە، وەکو ڕێژەی نەگۆڕ وایە، ئەگەرچی هاوکێشەکە ئاڵۆزە، بەڵام تا ئێستا شیکردنەوەی سانا بووە، تەنیا نرخی داعش ئەمێنێت، ئەویش لەبەرئەوەی کارای یاریدەدەری وەکو سوریا، لیبیا، سعودیەی هەڵگرتووە و ئاوێتەیە لەگەڵ تورکیا و ئەمەریکاشدا. لە سەرێکی ترەوە کورد و سوننەش بەر کاریگەری کەوتوون و نرخەکانیان بە رێژەی هێزی داعش دەگۆڕێت.
 
 لە پای ئەو هەموو ڕێسا و لاسەنگییەدا کە لە هاوکێشەکەدا خۆی مەڵاس داوە، ئیسرائیل وەکو خوێی چێشت دەڕژێتە سەر ماددەکان، کاریگەری ئەم وەکو جیڕکردنەوە وایە، چونکە ئیسرائیل کورد جیا دەکاتەوە و هەموو ئاوێتەکانی تریش یەک دەگرن. گرفت لێرەوە دەست پێ دەکات کە هیچ کام لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم لاسەنگیە، کە تورکیا و ئێرانن، ئاکامەکەیان بە دڵ نیە. بەو شێوەیە دەبێت سەرلەنوێ توخمەکان تێکەڵ ببنەوە و نرخەکانیان بگۆڕدرێن.
تێکڕا بە سەد هەژمار کراوە، ڕێژەش هەر لەسەر سەد دەردێت، دابەشکردنی سەد بەسەر سێ دا، سوننە، شیعە و، کورد، نرخێک دێتە دەرێ کە ژمارەی کۆتای نزیکەییە، بۆ جێگیرکردنی ئەمە، چوارەم پێویستە دروست بکرێت، کە لە نرخی ئەوانی تر کەم دەکاتەوە، بەڵام دابەشکردنەکە تەواو دەردەچێت. لەوەیە ئەم چوارەمە وەکوو کارای سوودبەخش ببێتە شیتەڵکردنی هاوکێشەکە و دروست کردنی هاوسەنگی.
 
 

No comments :