Thursday, October 02, 2014

حەرامە

بۆی بلوێ هەمووی حەڵاڵ دەکا بۆ خۆی و ئەشڵێ ئینتەرناشڵە
لە کۆتاییەکانی جامی جیهانیدا، هەڵبژاردەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وە جەزائیریش بەشداربوون، هەردووکیان بە وڵاتی ئیسلامی دادەنرێن، هەزارەها هاندەریشیان لە هاووڵاتیان بە تایبەتی گەشتیان کردبوو بۆ بینینی یاری وڵاتەکەیان، کەچی لەولاوە، لە نێجیریا، کۆمەڵێک بەناوی بوکۆ حەرام،
خەڵک دەکوژن، قومبەلە و نارنجۆک دەخەنە ناو تەماشاکەرانی یارییەکان، ئەڵێن تۆپتۆپێن حەرامە. ئەمەیان بێ دەسەڵاتی وڵاتە.

داعش بەناوی دەوڵەتی ئیسلامەوە، سەدان و بگرە هەرازان ئیسلامی کوشت، خەڵکیان ڕفاند، ملی بێتاوانیان بڕی، کچ و ژنی نەتەوەیەکیان بۆخۆیان کردە کەنیزە و وەکو کاڵا دەیانفرۆشتنەوە، تۆ چی بکەیت دژی ئەوان حەرامە و لەسەرت ئەدەن، ئەوانیش چی لە تۆ بکەن حەڵاڵە، یاسا و دەستووری خوایان بە دڵی خۆیان بۆ دڕندەیی و بەکافرکردنی خەڵک بەکار هێنا، کەچی حیزبە ئیسلامیەکان و وڵاتانی ئیسلامی تر لە ناوچەکە بێدەنگ تەماشایان دەکرد، گوایە ئەمان ئاڵاکەیان لێی نوسراوە لا الاە الا اللە، حەرامە دژیان بی. ئەمەیان بێ متمانەییە.

کابرا دەمی دەکردەوە "ئەی خوا"ی دەوت، ڕۆژی چەند جارێک ڕووی لە قیبلە دەکرد، نوێژی دەکرد، ڕەمەزانیش وتی بەڕۆژووم، کەچی ماڵی حەرام دەخوا، دزی و درۆ لەگەڵ خەڵکا پیشەیەتی، تۆ بیکەی حەرامە، ئەو کردی حەڵاڵە و گەردنی ئازاد بێ. ئەمە بێ حورمەتیە.
 
لە هەرێمێکی بچووکدا، کە هەموو دڵشادن بە حوکمی خۆجێیی، خەڵکێکی زۆر لەبەر بێ مووچەیی نەدارە و دەناڵێنێت، سەدانیش مووچەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیان بۆ بڕاوەتەوە و کراون بە لیوا و جەنەڕاڵ، قسە بکەی حەرامە، بەڵام چۆن نۆشی دەکەن حەڵاڵە. هەر ئەو حکوومەتەی کە توانای پێدانی مووچەی نیە، لەولاوە مووچەی زەبەلاح دەبەخشێتەوە. ئەمەشیان گەندەڵیە
 
لەوانەی سەرەوە دەبینین، کە حەڵاڵ و حەرام لە واتاکەی خۆی دەرچووە، لە کاتێکدا تەنیا خوا حەڵاڵ و حەرام دادەنێت بۆ مرۆڤ، مرۆڤ خۆیشی هاتووە بە جۆری تر، گونجاو لەگەڵ کردەوەی خۆیدا حەرام و حەڵاڵی داناوە، ئەمەش تەنیا یەک لێکدانەوەی هەیە، ئەویش بێ بڕوابوونە بە خوا، خۆ گێل کردنە، ئەگینا تۆ سوور بزانیت ئەوە پێچەوانەی ڕێبازی خوایە چۆن دەیکەیت، ئەوانە ئایینێکیان لە مێشکدایە کە بەدڵی خۆیانە، کە تەنیا بێبڕواکانی دەوریان لەبەر بەرژەوەندی ماڵی و بازرگانی بڕوایان بەو جۆرە ڕیبازەیان هەیە و لەوەیە لەبەر ماستاوکردن و خۆ بردنە پێشەوە، بە بڕواداری تەواو و سەلەفیان دابنێن، چی لەخۆیان دێ، خۆیان نە بڕوایان هەیە و نە دەسەڵات و نە متمانە و نە حورمەت، وەکو پێغەمبەریش دروودی خوای لێبێت دەفەرموێ: ئەگەر حەیات نەکرد، ئەوا چی دەکەیت بیکە.