Wednesday, April 29, 2015

کێ کردی و کێ خواردی

حەمە گێڕایەوە وتی، تاقیگەیەکمان دانا لە بەڕێوەبەرایەتیەک لە کوردستان، بە قرچەی گەرمای هاوین لەسەربان چوارچێوەی ئاسن و کرێکاری پانێڵ و وایەر ڕاکێشان ..هتد مانگی ئاب بوو هەر سووتاین، ئەو مقاولەی پرۆژەکەی وەرگرتبوو تەنیا ناوی هەبوو، کرێکارێکیش چیە نەینارد یارمەتمان بدا...


خۆم و خەفەی هاوڕێم کردمان. فکرە و سازدان و جێبەجێ کردن و ..هتد هەمووی خۆم و برادەرەکەم بووین، هەر لەسەر حەزی ئێمەیش زانکۆ موافەقەتی کرد. مەرجی دکتۆرەکەی زانکۆ ئەوەبوو بچێتە ئەوروپا، ڤیزای بۆ کرا و پارەی پیاسە و سەردانی کەسوکاریشی وەرگرت، لەوێ شوکور تاقیگەکەی بینی. وتیان ئەمە بۆ دائیرەیە و  پارەی حکومەت وەردەگرێت، ئەمە ئەبێت پرۆژە بێ، پرۆژەش واتە تەندەر لێدان و کۆمپانیا، بە هەرحاڵێک بێت کۆمپانیایان هێنا و پرۆژەم نووسیەوە لە ئەلفەوە تا یا، پارەش سەرف کرا، ئێمەش تاقیگەکەمان دانا و دکتۆر و مقاولەکەی هاوڕێی قازانجەکەیان خستە گیرفانیان.

لە کردنەوەی تاقیگەکەدا، لە لێدوانی کەناڵی تەلەفیزیۆنیدا دکتۆر قسەی کرد، وتی: "چوومە ئەوروپا و زانکۆکانی ئەوێ بینیم و هێنام لێرە دامنا تا کوردیش سوودمەند بێ". منیش لە پشتیەوە وەستابووم!. ناوی من و کاری من لە کولەکەی تەڕیشدا نەهات، پارە کۆمپانیاکە بردی و پرۆژەش دکتۆری هاوڕێیان، خۆ دکتۆرگیان بە خەو و خەیاڵیش ئەوەی نەدەزانی و ئەسڵەن پارەی تیا نەبووایە گوێی لە سوودمەندی کورد و خوێندکاری کوردیش نەدەگرت. لێرەدا من کات و پارەشم زەرەر کرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو دڵم لە خۆم داما و خۆم بە گەوج هاتە بەرچاو. بەڵام پاش پێنج ساڵ، دەبینم و دەبیستم دەیان خوێندکار لەسەری فێری شت بوون و دەبن، بۆ خۆی ئەوە دەستکەوتەێکی گەورەیە.
 
وتم: "حەمە گیان،  لەوانەیە مێژووش ئەوە نەبینێت، خوێندکارەکانیش ئەوە نەزانن، بەڵام تۆ و هاوڕێکەت، هەردووکتان ئاسوودەن، چونکە یەکەم لە بواری پسپۆڕی خۆتدا دەست ڕەنگینیت نواند و سەرکەوتوو بوویت لەگەڵ هاوڕێکەتدا، وە دووەم ئاواتێکی خۆتان هاتە دی، کە خەڵک هەیە هەموو ژیانی بۆی نایەتە سەر. ئەمە لەو پلە و پایەیە زۆر گرنگترە کە دکتۆرەکە ڕۆژێک دەبێت درکی پێ بکات و کاڵەک بە ئەژنۆ بشکێنێت، چونکە ڕاستی ون نابێ و لە دەروونیا پەنگ دەخوا، پارەکە کۆتایی هاتوە بەڵام ئەوەتا دوای چەند ساڵ پرۆژەکەت هەر خێری لێ وەردەگیرێت".
 
حەمە قومێکی لە جگەرەکەی دا، وتی: "تۆ ڕاست دەکەیت، خواش لە سوڵطان مەحمو گەورەترە."
 
 

No comments :