Sunday, April 05, 2015

لەگەڵ بەسەرهات و بۆچوونەکانی (عەلی وەردی) دا -٥-


 

مێژوونووسان لەسەر باسکردنی دیوێکی مێژوو ڕاهاتوون، دیوەکەی تریان پشتگوێ خستووە و گرنگیان پێ نەداوە، ئەوان لە دیوی پاشاکان و دەستوپێوەندیانەوە مێژوو دەنووسنەوە و گەلەکانیان لە بیر کردوە.
هەرکەس مێژوو بخوێنێتەوە لەم دیوەوە، دەبینێت کە باس و پیا هەڵدانی ئاوەدانی و تەلاری پاشاکانە، چیان کردوە و بنیاتناوە، بەمە دیوەکەی تر کە گوزەران و ناڵاندنی گەلە بەدەست ئەم پاشایانەوە پشتگوێ خراوە، مێژوونووس خۆی نەداوە لە قەرەیان، وە هەر شۆڕشێکیش لە گەلەوە سەری هەڵدابێت، بە بڵاوکردنەوەی خراپەکاری و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە لە قەڵەمیان داوە[١].

مێژوونووسان هزر و کردەوەکانی دەسەڵاتیان لێکداوەتەوە، دید و بۆچوونی بەرانبەریان لەبیر کردوە.. لەبەرئەوە نیوەی مێژووی کۆن بە خواری هاتووە و لەسەر یەک پێیە. بەداخەوە ئەمڕۆش زۆر لە مێژوونووسانی سەردەم دەبینین لەسەر هەمان شێواز بەردەوامن. وەکو وایە بڵێین کە بۆ خەڵات کردن و ئافەرین مێژوو بهۆننەوە. لە ڕاستیدا مێژووی مرۆڤ بریتیە لە کۆشش و بزواندنی بەردەوام، بزواندنیش لە پای دوو کارای دژ بەیەکترەوە دروست دەبێ و بەردەوام دەبێت.
ئەفسەرێکی سەربازی  بۆی هەیە کە دیوێک ببینێ، چونکە ئەم ئەبێت خۆی تەرخان بکا بۆ هێرشبردن و سەرکەوتن و بەزاندن و هۆکارەکانی بزانێ، زۆریش سەرسامە بە سەرکەوتنی ئەفسەرە سەربازییەکانی لە بەرەکانی جەنگدا. توێژەرێکی کۆمەڵایەتیی سەردەم، بەشێوازێکی تر تەماشای مێژوو دەکا، بێلایەنانە لە حاکم و ئەفسەرەکان دەڕوانێ، وە بێلایەنانە لە کار و کردوەکانی ئەوان و خەڵکەکەش دەکات لە بەر شاڵاوی زەبری ئەوانە کەوتوون. خۆ ئەگەر بۆ دەسەڵاتدارەکان شیاو بێ گەلانی تر بخەنە ژێر دەستیان، بۆ گەلەکانیش هەیە کە نزا و سکاڵای حاڵی خۆیان بکەن و شۆڕش دژیان بەرپا بکەن. ئەمە لە ڕووی مێژووی کۆمەڵگاوە دوو دیوی تەواوکەری یەکترن و ململانێ دەکەن، هیچیان لەوی تر جیا نابێتەوە.
 
ئێستاش لەبیرمە لە قوتابخانە لە سەرەتایی، دەبوو ناوی پاشا و کار و کردەوە و ڕێکەوت و شوێنەوارەکانمان لەبەربکردایە، بێ ئەوەی بزانین ژانی گەل و داگیرکراوەکان چی و چۆن بوون. ڕۆژێک هەستم بە کێشەیەکی دەروونی کرد لە خۆما، چیرۆکی پێغەمبەران دەخوێنمەوە لە ماڵەوە و لە قوتابخانەش چیرۆکی حاکم و دەسەڵاتدارەکان، لە نێوانیاندا دژواریم دەبینی، قورئان وێنای فیرعەون و زۆرداریەکانی دەکات کە ڕقت لێی دەبێتەوە، وێنای موسا و شوێنکەوتووانیشی بەرز دەنرخێنێت، کە دژی هاتوونەتە دەنگ و بەرەنگای بوونەتەوە، لە قوتابخانەش مێژوو فێری زیندوهێشتنەوە و بنیاتی فیرعەوت و هاوشێوەیمان بۆ دێنێتە پێش کە نازانین یاخیبووەکانی کێن و کاریگەریان چۆن بووە. کتێبەکانی قوتابخانە فێرمان دەکەن کە وەکو ئەفسەرەکە بین، نەک وەکو توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان.
 
لای ئێمە خوێندنی قورئان بووە بە وانەیەک و ئەرکە فێری بین لە قوتابخانە، زۆرجاران دەبینیت قوتابییەکان ئارەزووی ناکەن، قاڵسن لە وانەکەدا، خواخوایانە زوو زەنگ لێبدا و کۆتایی بێ، بەڵام لە وانەکانی مێژوودا، تامەزرۆی زیاترن، چێژ لە دەستکەوتەکانی حاکمەکان دەبینن. گرفتەکەش ئەوەیە خەڵک لەسەر کتێبەکانی خوێندن ڕاهاتوون، خۆ ئەگەر قورئان بخوێننەوە جۆرێکی تر دەبیننەوە. قورئان گێڕانەوەی مێژووی دوو دیوەکە باس دەکات، کاتێک باسی فیرعەون و دەسەڵاتی دەکات، هاوکات موساش باس دەکات. مێژووش پڕ لە ململانێی کەسانی وەکو فیرعەون و موسا. مێژوو وەستانی نیە و بەردەوامە لە جووڵە، هەموو ڕۆژێک چەشنێکی دەبینین کە دوێنێمان بیر دەباتەوە و بەرەو داهاتوومان دەبات[٢].
 
 _____________________

* چەند وتارێکن وەرمگێڕاون لە نووسراوەکانی یەکەم زانای کۆمەڵناسی عێراقی، دکتۆر عەلی وەردی. سەرچاوەی ئەم وتارە کتێبی مهزلة العقل البشري.

[١] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ٢٥١
[٢] بڕوانە (مهزلة العقل البشري) - علي الوردي - لاپەڕە ٢٥٣
 

No comments :