Monday, September 14, 2015

بەڕێوەبەریی قەیران لە هەرێمی کوردستان - بەشی پێنجەم

دەزگای بەڕێوەبەریی قەیرانەکان
بەڕێوەبەرایەتیەک بۆ قەیرانەکان پێویستە کە لەگەڵ هەموو
دەزگاکانی تریشدا تەواو هاوکار بێت

وەکوو لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، دروستکردنی دەزگایەک بۆ بەڕێوەبەریی قەیران لەم ساتەدا پێویستە. دەتوانین گرنگتری.ن کارەکانی ئەم دەزگایە لەم خاڵانەدا کۆ بکەینەوە:
١. پشتیوانی دەزگا حکوومیەکان لە شار/شارۆچکە/قەزا/ناحیە و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا لە کاتی بوونی هەر جۆرە قەیرانێک.
٢. پێکهێنانی دەستەی فریاگوزاریی شارستانی و نەخشەدانان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر جۆرە قەیرانێک.

٣. توێژینەوە و دەستەبەرکردنی ئاکامی توێژینەوەکانی بۆ گشت دانیشتوان.
٤. ڕاهێنان و پێگەیاندنی کەسی شارەزا لە بواری بەڕێوەبەریی قەیران و ڕێکخستنی کاروبارەکانیدا.
بەرکەوتەی یەکەمی بەڕێوەبەریی قەیران لەگەڵ (مەترسی risk)دایە، چونکە بۆی هەیە ڕوودانی هەڵەیەکی بچووک لە ڕەوتی چارەسەرکردندا قەیرانەکە دروست بکاتەوە.
بۆئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران ببینەوە لە حکوومەتی هەرێمدا، پێویستە هەماهەنگی تەواوی هەموو وەزارەتەکان مسۆگەر بکرێت. ڕێڕەوێکی زانیاریی دروست، (ناوبەست interface)ێکی پێوەندیکردن و، نەخشەی ڕاژەیەکی بەردەوامی دەزگا پەیوەندیدارەکان پێویستن.
پێکهاتەی دەزگاکەبوونی دەزگایەک بە بەردەوامی مانای بەردەوامی قەیرانەکان نیە، بەڵکو مانای وایە کە حکوومەت ئامادەیە ڕووبەڕووی هەموو قەیرانێک ببێتەوە و چاری درێژخایەن بخاتە بەردەست.
هێڵکاریی خوارەوە پێشنیارێکە بۆ دابەشکردنی یەکەکانی ناو دەزگاکە، کە کارەکان لە بنەڕەتدا ئاماری قەیران، شیکردنەوەی قەیران و، دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چارەکردنیان دەگرێتەوە.
بۆی هەیە هەر بەشێک بەستەرێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەزگایەکی پەیوەندیداردا گرێدابێت.

پەیکەرێکی پێشنیارکراو
بۆی هەیە هەر بەشێک بەستەرێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەزگایەکی پەیوەندیداردا گرێدابێت.

کارە بنەڕەتییەکان
١ ئامار
ئاماری تێکڕای پێداویستییەکان و هەڵسەنگاندنی تەواو بۆیان. بۆ نموونە سەبارەت بە ئاوارەکان؛ دەبێت سەرژمێریی تەواو بکرێن، ئەو شوێنانەی ئاوارەکانی تیا نیشتەجێ دەبن بزانرێن، توانستی لەخۆگرتنی هەموو بنکە و کۆمەڵگا دروستکراوەکان ئامار بکرێن، ژێرخانی دابینکردنی سەرچاوەکانی لەسەرەوە باس کرا لەو شوێنانەدا دەستنیشان بکرێن.
لێرەوە هاوکاریی هەموو ئەو دەزگایانە پێویستن کە بەشدار دەبن لە ڕەوتی کارەکاندا، بۆ نموونە ئاماری دەرمان و نەخۆشییەکان و پێداویستی تەندروستی لای یەکە چالاکەکانی وەزارەتی تەندروستییە و، ئەوان دەیخەنە بەردەست.
٢ شییکردنەوەچی لەو ئامار و زانیارییانە دەکرێن کە کۆکراونەتەوە، سەرچاوەی هاریکاریی مرۆیی، ئامێر و، کەلوپەلەکانی تر چۆن دەستەبەر دەکرێن، چۆن سوود لە هاوکارییە دەرەکییەکان دەبینرێن، کامە ڕێکخراو هاوبەشی دەکات.
هاوکات شییکردنەوەی مەترسییەکان لەبیر ناکرێن کە لەسەر هاووڵاتیان هەن و لە قەیرانیشدا هیتر دروست دەبن.
شییکردنەوەی قەیرانیش هەنگاو بە هەنگاو چێ دەکرێت، ڕیزبەندی ئەو هەنگاوانەش[ ]:

١. پێش نەخشەدانان: ئەو شتانە چین بیریان لێ بکرێتەوە پێش ئەوەی شییکردنەوەی قەیران دەست پێ بکرێت؟
پێش دەستپێکردن بە هەر نەخشەدانانێکی شییکردنەوەیەک، پێویستە:

-  بزانرێت کامە گرفت کاری بۆ دەکرێت،
- ئامانجەکانی ئەم هەوڵدانە چین و
- کێن ئەوانەی بەشدار دەبن،
- چۆن سوود لە ئاکامەکانی ئەم هەنگاوە وەردەگیرێت و،
- چۆن دەکرێت ڕەوتی کارەکە تێهەڵکێشی ئەوانی تر بکرێت و ئاکامەکان تەواو بگەیەنرێت؟.
٢. خەمڵاندنی بوارە جۆراوجۆرەکان: ئەو کردارە گرنگانە چین کە پێویستە بکرێن لە بەرانبەر بوارە بایەخدارەکاندا بۆ شییکردنەوەیەکی تەواو؟

بۆی هەیە هەنگاونان لە ڕەوتی چارەکردندا ئاکامی نەرێنی لێ بکەوێتەوە، بۆ نموونە ببێتە هۆی وەستانی کارێک، شکانی ڕێسا و ڕێکەوتنەکان یان، لەباربردنی دۆخێک (وەکوو تێکدانی ژینگە، مەترسی تەندروستیی و هیتر). لەبەرئەوە پێویستە کە پێش هەنگاونان بزانرێت کاریگەریی ئەو هەنگاوە چیە و چ ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەم هەنگاوە کە لە ژێر کۆنتڕؤڵدا بێت و مەترسی دروست نەکات؟

٣. خەمڵاندنی لەباربەرەکان: مەترسییەکانی سەر هەنگاوە شیکارییەکان چین، کامە هۆکار دەبێتە لەبار بردنی کردارەکان؟
پێویستە بزانرێت کاریگەری سەر هەنگاوەکان چین، بۆ وێنە لافاو ڕێ لە هاتوچۆی ئۆتۆمبیل دەگرێت، لەبەرئەوە ناتوانرێت ئەو هەنگاوە
بنرێت، یان تەکنیکێکمان پێویستە لە هەنگاوێکدا بەردەست نیە. هاوکات ماوە و کاتی بوونی مەترسییەکە بزانرێت، بۆ نموونە ئاوارەکان دەخرێنە ژێر چادرەوە لەم هاوینەدا، تاکەی و چەند دەخایەنێت، چونکە هاتنی سەرماوسۆڵەی پاییز مەترسی و ئەگەری تر دەهێنێت.
٤. هەڵسەنگاندنی خاڵەلاوازەکان: ئایا هیچ خاڵێکی لاواز هەیە لە کارەکەدا؟

٥. دەستنیشانکردنی مەترسییەکان: ئاستی مەترسی لە کارەکاندا تا چ ڕادەیەک گرنگی پێ دەدرێت؟

٦. بەستنەوەی مەترسییەکان و بەڕێوەبەریی قەیرانەکان: کامە کاری پاراستن پێویستە ئەنجام بدرێت و پشکنینی پێ بکرێت؟

٣ بەرهەمی سەرچاوەکانئاکامی ئامار و شییکردنەوە گەیشتنە بە ڕێکخستنی سەرچاوەکان، کە لە بڕیارەکانی بەرەنگاربوونەوە و چارەکردنی قەیرانەکاندا
هاوکار دەبن.

ژێدەرەکان
١. ماستەرنامەی (Maria Lukas) – ساڵی ٢٠٠٦ – (Security and Safety Management) – زانکۆی (Donauuniversität Krems)
٢. توێژینەوەی (Sicherheit durch Kommunikation und Krisenmanagement) – (Dr. Stefan Wildt) – ٢٠١٣
٣. کتێبی (Krisenmanagement in der Praxis: Von erfolgreichen Krisenmanagern lernen) - نووسینی (Frank Roselieb, Marion Dreher) - ٢٠٠٧ - چاپەمەنی (ESV)
٤. کتێبی (Risikofaktoren im steuerberatenden Berufsstand: Eine empirische Analyse) – توێژینەوەیەکی بەپێزە. نووسینی (Markus Weiß) - ٢٠١٣ - چاپەمەنی (EUL)
٥. کتێبی (Entwurf eines Krisenmanagementhandbuches) – نووسینی (Holger Könnecke) - ٢٠١٣ - چاپەمەنی (EUL)، بەندی ٢
٦. کتێبی (Krisenmanagement: Grundlagen - Strategien - Instrumente) ٠ نووسینی (Thomas Hutzschenreuter, Torsten Griess-Nega)، ساڵی ٢٠٠٦، چاپەمەنی (GABLER)
---------------------------------
* ئەم وتارە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٤ نووسراوە و پێشکەشکراوە. لەم بلۆگەدا بە پێنج بەش بڵاوکراوەتەوە.
بەشی یەکەم
بەشی دووەم
بەشی سێیەم
بەشی چوارەم
بەشی پێنجەم

Post a Comment