Tuesday, May 23, 2017

جاڤا بوو بە ٢٢ ساڵ

زمانی جاڤا ئەمڕۆ ٢٣ی مایسی ٢٠١٧ بوو بە ٢٢ ساڵ. لەوەیە لە سنووری خۆی دەرنەچم، ئەگەر بڵێم باشترین زمان لە زمانە ئاستبەرزەکانی بەرنامەداڕشتن، جاڤا بێت. 
چووستی کارکردنی بەرنامەکانی، پارێزراوی کۆد و تەنخوازییەکەی و بڵاوکردنەوە ئامرازی پەرەپێدانەکەی بە خۆڕایی، کارای گرنگبوون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی پەرەپێدەران و کۆمپانیاو دامەزراوەکانی تەکنۆلۆجیای زانیاری. بەهۆی ئەوەی ڕێزمانەکەی لە C, و++C ەوە بنچیەنەی گرتبوو فێربوونیشی هێندە گران نەبوو.


جاڤا زمانی بەرنامەداڕشتنە لەسەر تەکنیکی تەنخوازیی(OOP) دادەڕێژرێت، وەک بەرهەمێکی نوێی کۆمپانیای سەن مایکرۆسیستەمز (Sun Microsystems) لە نێوانی ساڵەکانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ دا پەرەی پێ دراوە. وەشانە سەرەتاییەکانی بە (Oak - Object Application Kernel) ناو دەبرا.  ساڵی ١٩٩٥ و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، ناوی زمانەکەیان ناونا جاڤا.  وەکو کارمەندەکانی ئەوسای سەن باسی دەکەن، سێ ناو پێشنیار کراوە بۆ ئەم زمانە (Silk, Java و DNA)، دواتر بە زۆرینەی دەنگ جاڤا هەڵبژێردراوە. ئەمڕۆ جاڤا بەهۆی کڕینی کۆمپانیای سەنەوە لە لایەن ئۆراکڵەوە، بووەتە بەشێک لە بەرهەمەکانی ئۆراکڵ و لە وەشانی نۆیەمدایە.

زمانی جاڤا بەهۆی پشت نەبەستن بەجۆری سیستەمی کارپێکردن، زوو جێی خۆی کردەوە، بەتایبەتی لەو دەمەدا کە لینوکس لە وەشانە سەرەتاییەکانیدا هەنگاوی گەورەی نا، چ وەکو سیستەمێکی ڕاژەکار و چ وەکو سەکۆیەک بۆ ڕاژەی زمانێکی وەکو جاڤا.

پلەی بەکارهێنان و ڕیزبەندی زمانەکان
هەر لە سەرەتای پەرەپێدانیەوە جاڤا پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی زمانەکانی بەرنامەداڕشتنی گرت، وەکو لە سەرەوە دەبینرێ. 

جاڤا شیکاری بۆ وێب و ڕوومێز هەبوو، شیاوبوو بۆ سیستەمی تۆکمە و کارگێڕی بەهۆی بوونی سیفاتی پتەو متمانەپێکراو لە پاراستندا، ئەمە هۆکاربوو کە جاڤا تەرخان بکرێ بۆ وێب و ماتۆڕی بە گەڕخستنی لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێک دابنێ - زۆرتر لە سێ ملیار کۆمپیوتەر. هاوکات بوونی وەشانی خۆڕایی و سەرچاوەی کراوە بۆ زمانەکە لە یەکەم ڕۆژیەوە، هاندەری بەهێزبوون بۆ فێربوونی.

ئەمڕۆ جاڤا قۆناغێکی گەورەی بڕیوە، بووتە خاوەنی سەکۆیەکی بەربڵاو و زمانی یەکەم، کە زۆرینەی زانکۆکان و پەیمانگاکانیش لە زووەوە خوێندکارەکانیان لەسەر ئەم زمانە ڕا دەهێنن و فێریان دەکەن.

تۆش ئەگەر ئارەزووی فێربوونی جاڤات هەیە، کاتی بۆ دابنێ و کوپێک قاوەی خەستی بۆ ئامادە بکە و دەست پێ بکە.