Wednesday, February 27, 2019

بەشێک لە چارەسەر

لەم ڕۆژانەدا چەند خاڵێکم نووسی لەسەر پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی مانگانەی پرۆژەیەک. یەکێک لەناویاندا بریتی بوو لە "شیکار دۆزینەوە لەبری خەتابار دۆزینەوە، چارەسەر لەبری تۆمەتی هەڵە بەخشین"، 
زۆرکات هۆکاری هەڵە گرنگە بزانرێت و باس بکرێ، بەڵام لەو گرنگتر چارەسەرە، تیمی کار کردن تاکوو گونجان و هاوڕا بن بۆ سەرخستنی پرۆژەکەیان دەبێت ئەوە بزانن کە هەموویان لەسەر کەشتیەکن، لەنگەری تێکچوو و نوقوم بوو، هەموو نوقوم دەبن.
کێ هەڵە دەکات و کێ نەیکرد، بۆ پرۆژەیەک کە درێژەی هەبێ و بەردەوام بێ چارەسەر نیە و نەخشەی لەسەر دانانسرێت بۆ داهاتوو.

لەمەوە چیرۆکی پاشاکەی چینم هاتەوە یاد، کە لەوەیە باسکردنی بۆ ئێمە بیرهێنانەوە بێ کە چۆن بەرەو ڕووی گرفتەکان دەبینەوە.

دەگێڕنەوە، پاشایەکی وڵاتی چین، بەردێک لە ناوەڕستی ڕێگایەک دادەنێ، بەشێوەیەک کە خەڵکی بە ئاسانی نەتوانن بەو ڕێگەیەدا بڕۆن. لە پشتی دارێکیشەوە پاسەوانێک دادەنێت کە چاودێری ڕێگاکە بکا بێ ئەوەی خەڵکی بیبینن.

یەکەم کەس کە بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕێت، بازرگانێک دەبێ. کە بەردەکە دەبینێ زۆر تووڕە دەبێ، هاوار دەکات بە دەنگی بەرز: "هەر کەسێک ئەم کارەی کردوە دەبێ سزا بدرێت، و شکاتی لێ دەکەم"، بە شانی بەردەکەدا دەڕوا.
پاشان کەسێکی پیشەوەر کە بارێکی بچووکی بەسەر شانەوەیە لەوێوە دەڕوا، ئەمیش وەکو کابرای بازرگان تووڕە دەبێ، بەس هاوار ناکا و بەلای بەردەکەدا ڕێ دەگرێ.
پاشان سێ لاو تێپەڕ دەبن، هەر لە دوورەوە دەیکەنە هەڵا، یەکێ دەڵێ: "خۆش حکومەت"، یەکێ: "وڵاتمان ئاوەدانە".. توانجی خۆیان ئەدەن و تێپەڕ دەبن.
یەک و دوو ڕۆژێک تێ دەپەڕێ و هەر بەو شێوە بەردەوام دەبێ. ڕۆژێک کابرایەکی نەدار بە ڕێگاکەدا دەڕوا، بەردەکە دەبینێت کە ڕێگاکەی گرتوە، هەوڵ ئەدات لای ببات، داوا لە ڕێبواران دەکات و هاوکاریی دەکەن بەردەکە لەسەر ڕێگا لا دەدات.
دەبینێت لە شوێنی  بەردەکە سندوقێک دیارە، کە خۆڵەکە لا دەبات و ئەیکاتەوە، نووسراوێک و کۆمەڵێک پارەی ئاڵتونی تێدایە. لە نووسراوەکەدا پاشا نووسیویەتی: "لە خاوەن دەسەڵاتەوە بۆ ئەو کەسەی ئەم بەردەی لابرد، ئەمە پاداشتی ئەوەیە کە هەوڵی چارەسەرکردنت داوە و بیرت لەوە نەکردوەتەوە شکات بکەیت و کێ کردی سزا بدرێ".

ئێمەیش بۆ بەرژەوەندی گشتی هەرکات بەردێکمان لە ڕێگادا بینی با وەلای بنێین، نەپرسین کێ هۆکارە، بەڵکو جارێ گرفتەکە تێپەڕێنین پاشان دەتوانین دادی تاوانبار دەین.