Sunday, March 10, 2019

ئاگری نەورۆز


نەنەگیان، دەزانیت لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئاگرێکی زۆر گەورەمان کردوە!
ئاگرەکە ئەوەندە گەورە و بەرز بوو لەسەر شاخە دوورەکانەوە خەڵک بینی بووی، من ئەمەم لە خەودا بینی.
هەموو ساڵێک پێش هاتنی بەهار، باوکم و هاوڕێکانی باسی ئاگری نەورۆزیان دەکرد. ئەو باخەی لەبەردەم ماڵی پورێ دا دروست کراوە، ئەوە شوێنی ئاگرەکە بووە، ئێستا نە لەوێ و نە لەولاتریش شوێن بۆ ئاگر کردنەوە نەماوە.

باوکم دەیوت نەورۆز بێ ئاگر تامی نەورۆز نادا. منیش لەگەڵ هاوڕێکانم بڕیارماندابوو ئاگرێکی زۆر بەرز بکەینەوە، ئیتر هەموو لقەدار و چیلکەی ئەوناوەبوو کۆمان دەکردەوە، لە هەر شوێنێک دار و لقی دارمان ببینیایە کۆمان دەکردەوە، هەرکەسە و لەماڵی خۆی دایدەنا، تا ڕۆژی ئاگرکردنەوەکە، ئیتر هەموو بە باوەش بردمانە شوێنی تۆپتۆپێنەکە، لەوێ مناڵانی گەڕەکەکانی تریش هاتن و هەموو دارەکانمان لەسەریەک دانا. گەورەکان زۆر هاریکاریان کردین، وتیان نەورۆز هی هەموومانە. هەموو جلی کوردیمان پۆشی بوو، زۆر دڵمان خۆش بوو.

نەنە بیرت دێ ئەهاتن بۆ نەوت بۆ نەورۆز بۆ ماڵتان؟ باوکم ئەڵێ هەموو ساڵێ خۆی نەوتی کۆکردوەتەوە. ئێمەش ئەمساڵ منداڵان نەوتمان کۆ کردەوە، بەڵام باوکم وتی نابێ ئێوە نزیک گڕ و نەوتەکە بکەونەوە.

کاتێ ئاگرەکە کڵپەی سەند، هەموو بە دەنگی بەرز هاوارمان کرد و کردمانە چەپڵە و گۆڕانی. نەنە گۆرانی نەورۆز زۆر خۆشە. بڵێسەی ئاگرەکە هێندە بەرز بوو، ئەموت ئەم بەرزترین کڵپەیە و دروشمەکەی بە هەموو دونیا دەگات، لەشاخەکانی دەروپشتمان بڵێسەی ئاگر دەرکەوت، بەڵام ئاگرەکەی ئێمە زۆر درەوشاوەتر و زۆریش گەورەتربوو...

بەڵام وا دایکم خەبەری کردمەوە و وتی ئەوە هەمووی خەوبووە.




No comments :