نەنە گیان دەزانیت دوای ڕاپەڕینەکە و ئازادبوونی کوردستان باوکی تۆڵە و فریا گەڕانەوە ماڵێ، ئێستا ئەوانیش وەکو من لەگەڵ باوک و دایکیاندا دەژین.
لە بیرم دێت جارێک بە دایکمت وت: "باوکی منداڵەکان نەمێنێ کێ نانێکتان ئەداتێ، کێ ماڵتان بۆ گەرم دەکا"، لەوساوە ئەموت ئەبێ کێ لەسەرمای زستاندا ماڵی تۆڵە و فریا گەرم دەکا، ئەوان باوکیان بەند کراوە. فریا حەوت لە پەنجەکانی دەستی بەرز دەکردەوە و دەیوت باوکم ئەوەندە ساڵی تر ئازاد دەبێ و دێتەوە ماڵێ، ئیتر هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ئەودا یاری دەکەم، شەوانیش لای ئەوەوە دەنووم. نەنە خۆ من باوکیشم بەند نەکراوە کەچی هەموو ڕۆژێک یاریم لەگەڵ ناکا.
باوکم دەیووت: "ئەی ئەگەر ئەوان و خەڵکانی تری سەرنگوم کراو نەیەنەوە و ئازاد نەبن، ڕاپەڕینمان بۆچی کرد؟".
نەنە گیان من بەختەوەرم، باوکیش و دایکیشم لەماڵەوەن، نیان باوکی شەهید کراوە، ئەو بە فریای دەوت: "باوکی من نایەتەوە، باوکم شەهیدە!"، نەنە خۆزگە ڕاپەڕین شەهیدەکانیشی دەهێنایەوە. خۆزگە باوکی منداڵەکانی تریش ئەهاتنەوە و جەنگ و تەقە نەدەما و تۆش دڵت خۆش دەبوو.
کە باوکەکان هاتنەوە، هەموو لە حەوشەی ماڵی تۆڵە کۆبووینەوە و شاییمان کرد، گۆرانیمان وت، دڵمان زۆر خۆش بوو. ئەوە بۆ زووتر ڕاپەڕینمان نە دەکرد...
باوکم وتی: "ئیتر کوردستان ئازادە و کاتی ئەوەیە سنوورەکانمان بپارێزین، چەک و تفەنگمان ڕوو لە دوژمن بکەین و ئازادی بۆ کورد و کوردستان"، من خەمم بوو دەموت ئیتر باوکی من دەڕوا؟ ئەی کێ ماڵمان بۆ گەرم بکا؟
بەڵام وا دایکم خەبەری کردمەوە و وتی ئەوە هەمووی خەوبووە.