Sunday, May 05, 2019

تۆببەکردن (ڕەمەزان - ١)


تۆببەکردن

دان پێدانان بە هەڵە و پاشگەزبوونەوە لێی، ڕەوشتێکی باشە، هەمیشە خوای بەخشندە بەوەرگرتنی پشتیوانی لێ دەکات [١][٢]، بەندەی خوا پەرستیش یەکەم کاری لە ڕەمەزاندا ئەوەیە کە ڕوو بکاتەوە خوا و داوای لێخۆشبوون بکات، ئەگەر هەڵەی کردوە پاشگەزبێتەوە و تۆبە بکات، بەو شێوەیە دەتوانیت ئاسوودە بیت لە ڕەمەزان و لە ئەرکی ڕۆژووگرنتدا بەردەوام بیت. بڕوا کاتێک بێگەردانە جێگیر دەبێ کە دڵ و دەروونی بڕوادار خەوشی لەسەر نەبێ[٣].



لە ژیانی ڕۆژانەماندا، بەهۆی سەرقاڵی و خەریکبوون بە سازدانی ئەرکەکانی ژیان و پەیداکردنی بژێوی، زۆرجاران بەندایەتیمان بیر دەچێتەوە. بەندەی تەواویش بەوە ئاسوودەیە کە هەموو جارێک باوەشی بۆ لای خوایە و نزاکانی پێ دەگەیەنێ و ئەوە فریادڕەسی گرفتەکانی.
لە چوونە ناو مانگی ڕەمەزانیشدا، کە بە مانگی لێبووردەیی و پاڕانەوە و خواپەرستی دادەنرێت، زۆر گرنگە تۆببەیەک بکەیت، بە کار و کردەوەکانی ئێستا و ڕابردووتدا بچیتەوە، لە چاویلکەی قورئانەوە بڕوانیتە شتەکان، ئاکار و کردەوەکانت هەر چۆنێک ببوبێ، دەکرێ باشتر بکرێن. مەرج نیە لاڕێ بگریت تاکو لە گلان تیایدا پاشگەز بیتەوە، بەڵکو خۆت بپارێزە بە تۆببەیەک لەهەمووی[٤].
هەروەکو چۆن ڕوو دەکەیتە خوا و بە دڵێکی پاکەوە کڕنووش دەبەیت، ئاوها پەڕەی سپی نوێ لەگەڵ خێزان و دایک و باوکتدا بکەوە، پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگاکەتدا بەرکەوتەت هەیە لەگەڵیان و لە بازنەی ژیانتدان. زۆر گرنگە بەو نیگایەوە لە ڕۆژەکانی داهاتووت بڕوانی کە خۆت و کەس و کار و هاوڕێکانت بازنەیەکی بێ هەڵە و بێ تاوان دروست دەکەن و دەبنە نموونەی کۆمەڵ و کاریگەری لەسەر چاکسازی کۆمەڵگا دەکەن.

خوا پەرستی تەنیا لەوەدا کۆ مەکەوە کە قورئان زۆرتر بخوێنی، شەو نوێژ زیاتر بکەیت، زۆرتر بچیتە  مزگەوت و دەستت بڵاو بێ لە بەخشین دا. بەڵکو ئاکارەکانت و وتەکانیش لەگەڵیاندا باشتر بکە. تۆببەکردن واتە هەنگاونان بەرەوە ڕەزامەندی خوا، کاتێک ئەوەش بە دەست دێنیت کە دڵی کەس ڕەنجاو نەبێ لێت، ئاشت بی لەگەڵ هەموو.

-----------------------------------------
[١] سورەتی تۆبە ١٠٤
[٢] سورەتی شورا ٢٥
[٣] لە کتێبی (مدارج السالكين)
[٤] سورەتی الزمر ٥٣