دەگێڕنەوە دەڵێن کوڕێک دێتە لای موسای پێغەمبەر (هەزار سڵاو لە گیانی) داوای لێدەکات کە خوا دەوڵەمەندی بکات و بۆی بپاڕێتەوە...
موسا لێی دەپرسێت دەتەوێت خوا دەوڵەمەندت بکات، لە یەکەم سی ساڵی تەمەنت؟ یان لە سی ساڵی کۆتایی تەمەنتدا؟
کوڕە کەوتە بیر کردنەوە و بەراوردکردن، سەرەنجام بڕیاری بۆ سی ساڵی یەکەمی تەمەنی دا، وتی من بە بە گەنجێتی پارەم دەوێت و ئارەزووم هەیە بە گەنجێتی خۆش بگوزەرێم، جگە لەوە بەس خوا دەزانێت کە چەند دەژیم و کێ ناڵێ بە ٣٠ ساڵی نامرم، بیری چۆوە کە مرۆڤ بە پیری لاواز دەبێت و پێداویستییەکانی زیاترن. موساش لە خوا پاڕایەوە، خواش وەڵامی پاڕانەوەکەی دایەوە کە یەکەم ٣٠ ساڵی تەمەنی دەوڵەمەندی دەکات.
کوڕە خوا ڕزق و ڕۆزی بۆ نارد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پایەدارتر دەبوو. گەورەبوو بوو بە گەنجێکی ساماندار، هەمیشە هاوکاریی ماڵی خەڵکی دەکرد، پارەی ئەدا بە نەداران، دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەس درێژ دەکرد، ژنی دەخواست بۆ بێ باوکان، خانووی دەکرد بۆ بێ لانەکان...
سی ساڵ تێپەڕی و نۆرەی ٣٠ ساڵی دووەمی ژیانی هات... موسا چاودێری ڕووداوەکانی دەکرد، بارودۆخی کوڕە کە بووە بە پیاوێکی دەوڵەمەند وەکو خۆی ماوەتەوە و بگرە زیادی کردوە و بەردەوامیش زیاد دەبێت...
موسا ڕووی کردە خوا و پرسی: "خوایە گیان ٣٠ ساڵی یەکەم تەواو..."
خواش وەڵامی دایەوە: "بەندەی خۆمم بینی کە دەرگای بەخشینەوە و یارمەتی بۆ هەموو کەس کراوە بوو، ئیتر شەرمم کرد، چۆن ڕزقی لێ ببڕم و دەرگای لێداخەم!."
دەسا ئێمەیش تا هەبووین، تا لە تواناماندا هەیە، با دڵفراوان و بەخشندەبین، با دەرگای خێر و چاکەکاری لە هەژار و نەدار دانەخەین. کەسانی وەکوو بەخشندە (کەریمی عەلەکە) و چەندینی تر بهێنینەوە بەرچاومان و دوای ڕێوشوێنیان بکەوین.