Tuesday, January 15, 2019

فیلە فڕیوەکان

نەنە گیان دەزانیت فیلیش هەیە وەکو کۆتر باڵی هەیە و دەتوانێ بفڕێت!. من ئەمەم لە خەونمدا بینیوە.
ئەوکاتەی لە قوتابخانە مامۆستا فێری کردین چۆن دەتوانین کۆمەڵە دروست بکەین، وتی "کۆمەڵەی فیلەکانی کە بە ئاسماندا دەفڕن، کۆمەڵەیەکی بەتاڵە!."، واتا لەبەرئەوەی فیل گەورەیە و نافڕێت کۆمەڵەی لێ دروست نابێت. بەس من بینیم فیل بە ئاسماندا دەفڕی.



فیلە بچووکەکان دەمیان نەدەگەیشتە لق و گەڵا بەرزەکانی دارەکە، لەو کاتەیا دایکی گوێچکەکانی جووڵان و وەکو باڵی کۆتر فڕکەی کرد و فیلەکە بەرزبووەوە، گەڵاکانی بە لووتە درێژەکەی لە لقە بەرزەکانی دارەکە کردەوە و نیشتەوە لە تەنیشت فیلە بچووکەکەوە و گەڵاکانی پێ دا. فیلە بچووکەکەش گەڵاکانی خوارد و سوپاسی دایکی کرد. فیلەکان زۆر گەورەن، منیش تا ئەوکاتە نەمدیبوو فیل بەرز بێتەوە. دوو فیلی تریشم بینی بەسەر دارێکی ترەوە دەفڕین.

باوکم دەڵێ "فیلیش وەکو سەگ جۆری هەیە، هەیانە زۆر بەرزن و هەیانە باریک و درێژتر و ڕەنگیشیان کاڵ و تۆخی هەیە". ئەوانەی من بینیم ڕەنگێکی خۆڵەمێشیان هەبوو، فیلە گەورەکانیان گوێچکەیان زۆر زل بوو. باوکم وتی "فیلی ئەفەریقا گوێچکەکانیان زۆر زلترە لە فیلی هیندستان، چونکە ئەفەریقا گەرمە و پێویستیان بەوەیە کە گوێکانیان فێنکیان بکاتەوە، لە هیندستان فیلەکان سێبەری دار و گردەکان نایەڵێ زۆر گەرمایان بێ". دیارە ئەو فیلانەی منیش بینیم هی ئەفریقا بوون، چونکە گوێچکەیان زۆر زل بوو، تاکو سەر پشتیان هاتبوو. توانای فڕینیشیان هەبوو.

بەڵام وا دایکم خەبەری کردمەوە و وتی ئەوە هەمووی خەوبووە.