Thursday, December 20, 2018

هەنجیری گەورە

نەنە گیان،
دەزانیت هەنجیری ئەم لادێیە بە قەد سەری من زلە. خۆم بینیومن لە خەودا، زۆر جیاوازن. هەر دانەیەکی بە دوو دەست بۆم هەڵدەگیرێن!


لەو باخەدا دوو دار هەنجیری تیابوو، یەکێکیان هەنجیرەکەی زۆر زل بوون، هەرکات ئارەزوومان لە خواردنی هەنجیر دەکرد، یەک دانەمان لە دارەکە دەکردەوە و دەمانخستە ناو قاپێکی گەورەوە، لەبەر ئاوەکە دەمانشت و پاکمان دەکرد، ئینجا هەموو لێمان دەخوارد، هێندە زل بوو هێشتا تەواو نەدەبوو. نەنە گیان بەشی تۆش و خاڵەشمان جیا دەکردەوە.

باوکم دەیوت هەنجیر ئاوی زۆر دەوێ، تاکو تەڕ و بڕ و تامی خۆش بێ، هەتاویشی زۆر دەوێ، چونکە بە هەتاو پێ دەگا. هەنجیری ئەم دارەش زۆر بە تام و چێژ بوون. گەورەش بوون، من بە دەستێک بۆم هەڵنەدەگیرا. باوکم ئەڵێ هەنجیری کێویش هەیە، لەسەر شاخ و لە بەردەڵاندا گەورە دەبێ، ئاوی زۆر کەم دەوێ، هەنجیرەکانی بچووکن بەڵام زۆر شیرین و بەتامن. من ئارەزووم لەم هەنجیرە گەورەیەیە، ئاخۆ لەژێریا بی بکەوێتە خوارێ سەرت پان ناکاتەوە؟
ئەو ڕۆژە لەگەڵ کچی دراوسێکەمان یەکدانەمان لێ کردەوە. بە هەردوکمان هەڵمان گرتبوو، وەکو سەری من زل بوو، لایەکی تەواو زەرد و جوان و لایەکیشی سەوزێکی کاڵ. نەنە هەنجیری زل زۆر بەتامە، لە خواردنی هەموو دانەیەک ئەموت نەنە گیان بێتۆ ناخۆش. کەی دەبێ پێکەوە لە ژێر دارەکەیا دانیشین و هەنجێرێکی گەورە بخۆین.

بەڵام وا دایکم خەبەری کردمەوە و وتی ئەوە هەمووی خەوبووە.

خەوەکانی تر:



-----------------------------
یادت بەخێر نەنە گیان، زۆر ئارەزووی هەنجیرت دەکرد. پێش ٢٣ ساڵ و لەم مانگەدا جێت هێشتین.


No comments :