Sunday, December 02, 2018

بیرە تەکنیکیەکانم

هاوینە گەرمەکەی ٢٠١٨

لە چالاکی خۆڵ کردنە چاوی خەڵکیدا زەلامێک لە فەیسبووک نووسیبوی: "دە کۆمێنت بنووسە نهێنی بورجەکەتت پێ دەڵێم".
خوێندکارێکی دکتۆرامان هەبوو، خانەخوێ و ڕاژەی یەک شوێنی دەناسی باسی شتێکی ترت بۆ کردایە، ئەیوت زۆر poor.



چەند ساڵە زمانی کوردی لە گوگڵدا زۆر کراوە و کاری وەرگێڕانی دەکرێت، کەچی کەناڵی KNN بڵاوی کردەوە تازە وا گەنجێکی کورد لە کەلار بەخۆی لاپتۆپەکەیەوە زمانی کوردیان بۆ گوگڵ زیاد کردوە. لای ئەوانە مێژوو وەکو ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە دەبینن، خەباتیش بەردەوامە. بەو بۆنەیەوە کوردپەروەرێک لە چاوگ نووسیبووی من یەکەم کوردم کە پێش سێ ساڵ کیبۆردی کوردیم دروست کرد. حەمەش بۆی نووسیبوو: "کاتێک کیبۆردی کوردی زکورد هەبوو تۆ لە بێشکەدا دەنووستی و بە کۆمپیوتەرت ئەوت تەتە".

لە فەیسبووک برادەرێ ڕاپرسی دانابوو، زەلامێک لە بری وەڵامێک بنووسێت، بیست لێدوانی بۆ دانابوو لەسەر یەک لە ژمارە ١ تاکو ٢٠، هەر ژمارە و لێدوانێ. لێیان پرسیبوو بۆ وا دەکەیت؟ نووسیبووی "تاکو ئەکتیڤیتان بەرز بێ". ژوورێکی بەناو زانستیش داوایان کردبوو یەکی پێنج کۆمێنت بنووسین تاکو فەیسبووک سزایان نەدا، حەمە بەجوانی نووسیبووی (پێنج). هەر لەو فەیسبووکە قەرەباڵغە، لە پەڕەی زمانی کوردی زەلامێک پرسیاری کردبوو: "کوڕێک ژنی نەهێنابی بە کوردی چی پێ دەڵێن". حەمەش لە وەڵاما نووسیبووی: "سینگڵ". شەست لایکی بۆ کرابوو. دوێنێ ڕاستی کردبووەوە و لەژێریا نووسیبوی عازەب.
چالاکێک پێشنیاری کردبوو لە فەیسبووک، وەکو دووگمەی لایک و خەمبار ...هتد دوگمەیەکیش بۆ کورد دابنێن (ئەتخورێ)
- 😏 لەسەر قسەی ئەو حەمەش نووسیبووی لە هەموو دوگمەیەک زیاتر پێویستیمان بە دوگمەی (جڕت) و دوگمەی (قۆنەرە) یە.
یەکێکی تر (دەمت داخە) و یەکێکی تر (وەلبە) ... لە کۆتاییا دەرکەوت کە فەیسبووک نوخسانی زۆرە بۆ کورد، ئەگینا سەد ملیۆن هەژماری کوردی تریش دروست دەبوو.

لەو ماوەیەدا (پاوڵ ئاڵن Paul Allen)، ئەو پیاوەی کە کۆمپیوتەری کەسی بە هاوکاری (IBM) هێنایە کایەوە و مایکرۆسۆفتی لەگەڵ بیڵ گەیتسدا دامەزراند، کۆچی دوایی کرد.
حەمە خۆی توڕە کردبوو، لەسەر دزینی داتاکانی فەیسبووک، کە چەندین ملیۆن بەشداربووی گرتووەتەوە، دەیوت ئاخر داتای منیان بۆچیە؟ ڕێحانیش بە دەم چاتی وەتسئەپەوە، بێ ئەوەی سەر بەرز بکاتەوە وتی: "دە با بیدزن، چیمان هەیە".

لەوماوەیە ڕیکلامی کۆمپانیایەکم بینی نووسرابوو بە (Agile) دروستی دەکەین، وتم حەمە ئەمە لە چیەوە هاتوە؟ وتی عەجەلەکەی خۆمانە کراوە بە ئینگلیزی.
بە وتەی شێخێکی کۆمپیوتەر، ساڵی ٢٠١٨ دەرکەوت کە خەتی ئینتەرنێت لە کوردستان خێرایە، ئینتەرنێتیش نەبێ خەڵک هەواڵی بوومەلەرزەکە دەبیستێت، و ئایفۆنیش بە هەرچەندێک بێ هەر دەیکڕین.